وتووێژ دەگەڵ مەیگێڕ و دەسپێکردن بە باسی لاسی

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  704 مشاهده
مەیگێڕە دڵم لە لایی لاسە
بۆ بێنەوە مەی ئەتۆ بە کاسە
مەردانە لە کۆڕی ئێمەدا بە
بەو ئاوە خەمی دڵم وەلا بە
گۆمی خەمی دڵ هەتا بە گەروێم
وا پڕ بووە وەختە من بخنکێم
کۆکۆ بووە دەرد و غەم لە شانم
ئەو بارە گرانە ناتوانم
پێی ناوەتە ماڵەکەم فەقیری
دەرکەوتووە لێم ڕەنگی پیری
ڕیحانەیی موومە یەک یەک و دوو
لەو پایزی عومرەدا ویشک بوو
ئێستا کە بە دەرد موو سپی بووم
هەر ماوە هومێدم و نەمردووم
گەر پیرمە پیری بیر ڕوونم
کوا وەک یەکە بوونم و نەبوونم؟
کە بدا خەڕەکی زەمانە کاتم
بەهرەم هەیە بۆ گەل و وڵاتم
ڕیشم کەوە سەر سپی گەڕاوە
خەم دەردمە وا لە موویی داوە
من پیری بەڵاو و دەرد و ڕەنجم
ئەینا بە تەمەن جحێڵ و گەنجم
داوەڵ مەکە لەو موانە مەیگێڕ
بیگێڕە بە پەنجە ئەی پەلک زێڕ
بیهێنە بە کوجەڵە و سەعەندی
شێرینترە چونکە ئەو لە قەندی
تۆ ئەو مەیە بێنە فێنک و ساف
بڕوا لە قەراغی چیمەنی ماف
بەو ئاوەەیە بێیە دەر هەڵاڵە
گەش ببنەوە غونچە و گوڵاڵە
بڕوێنێ وەنەوشە ئەو لە باخان
گوڵ بێ بە دەوایی دەرد و داخان
لەو باغەیەدا گوڵاڵە وا بێ
لە خوێنی شەهیدی گەل ڕوا بێ
ئەو ئاوە لە سەر ڕنوویی بەفران
پەل بێ لە کەژ و چیایی کوردان
سەرچاوە لە نێو دڵی گەڵا بێ
بەو جێگەیە بڵند و ڕژدەدا بێ
بدرێ لە گەڵایی هەرچی گوڵ بێ
دەرمانی غەم و دەوایی دڵ بێ
لەو ئاوی ژیانە گەر بکەم نۆش
بێ دەرد دەبم هەمیشە سەرخۆش
نەک ئاوی کە بۆگەن و چەپەڵ بێ
سەرگێژی و بێخودی لەگەڵ بێ
ئاوێ کەوە دەرد و ڕەنجە بەهرەی
نابێ بەوە تۆ گەرویی تەڕ کەی
ئاوێ لە ئەوین هەڵقوڵی بێ
شیرازەیی ژینی گەل بەوی بێ
بیگێڕە بە جام یا بە گۆزە
بەو دیمەن و هەیئەتەی کە قۆزە
لەو شەربەتە گەر فیدا بکەی مەست
دەتوانی کە دەس بکا بە هەڵبەست