ڕۆیشتنی ئەحمەدئاغا بۆ شەڕی شێری یاغی
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
669 مشاهده
پاش ئەو وتە ئەسپەکەی کرا زین
گەر کەوتە سەر ئەو دەڕۆیی یەک بین
دەیبڕیەوە چەن تەلان و هەڵدێر
تا گەییە قەراغی جەنگەڵی شێر
دەیگرت بەڵەد ئەو دەمەی بەهانە
دەیگوت بە سەرۆک تۆ بزانە
ئەو بیشە پڕەی کەوا دیارە
جێ لانەیی شێرە وا دیارە
بمکەی بە زوخاڵە گەر بە ئاگر
نایەم لەوە گەورە خۆ زیاتر
ئەو هەی گوت و هەر لەوێ گەڕاوە
باریکەیی دایە بۆ دواوە
چۆ پێش لە بێشەڵانەکەی پان
پەروەردەیی بێشەڵانی کوردان
بیشەی کە دەدی بڵاو و زەنوێر
سەرچاوەیی پەل دەبوو لە هەڵدێر
داری وەکوو مویی سەر ڕەوا بوون
سەرپۆپی لە یەکتری درا بوون
پۆپ و سەرەداری تێک چڕژا
وابوو کە زەمینی نەیدەدی تاو
شارێیە لە بیشەدا کشابوو
پڕ پێچە نموونە ئەژدەها بوو
وەک مارە بە پێچکە و خوارە
دەرکەوت لە نێوی ئەو نزارە
لەو ڕێگەوە ڕۆیی ئەحمەدی لاو
تا گەییە بە کانی و بە چۆماو
دەڕژاوە لە ژووری ئاو شاران
دەدرا لە گوڵ و گیا و داران
لەو جێگە لە خانی دەرپەڕی شێر
بۆی هاتە خواری ئەو سەرەوژێر
بوو گرژ و لە بیشەدا نەڕاندی
داری کە لە پێش بوو شکاندی
دەیکرد بە ناڵە و بە گرمە
وەو بیشەیی خست قرمە قرمە
چەنبۆڵەیی ئەو لە عەرز ئەدانە
کیشایی زمان وەک هەناسە
کلکی دەلەقاند هەر وەکوو گورز
دەتگوت دەڕوا چیایی ئەلبورز
دەیداوە چەپۆکە هەر لە هەوران
نەکشاوە هەتاکوو بەردەمی خان
ئەو کاتە هەڵۆیی کوردەواری
نەشکا لە بەر ئەو لە سەر سواری
ڕمێکی لە سینگ ئەدا بە گشتی
یەک بست دەهاتە دەر لە پشتی
بەو ڕمبە گیانی شێرە دەرچوو
بێ هەست لە بیشە کەوتە سەر ڕوو
ئەو جارە کە دابەزی بە خەنجەر
ئەو دێوەیی کرد بێ مل و سەر
زوو ئەو کوڕە باڵەکەی دلێرە
بێ کەوڵی دەکرد گوڵەشێرە
دار لاسێ لە بیشەدا ڕووا بوو
ئەو دارەیە سەوز و پڕ گەڵا بوو
بن سێبەر و دەشت و فێنک و گۆڕ
وەک مویی کچ و ژنان پرچ شۆڕ
هێنایەوە کەوڵە شێرە وەک شێر
بۆ جێگەیی پڕ سەفا و زەنوێر
کەوڵی لە بن ئەو درەختە ڕاخست
بێ خەو بوو لە بانی کەوڵەکەی نوست