وەڵامی بەیبوون

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 3 دقیقه  797 مشاهده
بەیبوونە بە ناڵە و بە شیوەن
فەرمووی کە لە شێخ دوو کوڕم هەن
ئەورۆ کە بە کەڵکی تۆ نەماوم
بەرماوەیی ئەو سەگەی گڵاوم
ئەو کارە ئەگەر بکەم دەزانم
دەمرن بەغەم ئەو کوڕەی جوانم
بێ دایکە ژینی وانە تاڵە
بۆ بێنە ملی من ئەو وەباڵە؟
لادەی کە لە عیشقی من دڵی خۆت
تەگبیر لە لایەتر دەکەم بۆت
قۆڵت کە لە بیرەکەم وەرێنی
بێ وەڕ هەمی تۆ هەتا دەمێنی
ئەو کیژەیە جامەکەی کە زێڕە
دەشوا جل و بەرگی پەشمە لێرە
کەوباڕەیی جاکی عارەبانە
وەک ڕۆژە بە شەوکەتە جوانە
کیژێکە تەقانە ئەو لە بۆ شێخ
وەک ئاوی ژیانە ئەو لە بۆ شێخ
بەگزادە و خانی هەر وڵاتێ
لە کن ئەو کچە کەمترن لە لاتێ
خۆ تامەزرۆنە گەر نهێنی
کچ لووت بەوانەدا بهێنی
هیچ کاتێ ئەوانە نادوێنی
وەک شووشەیە ڕیزی ناشکێنی
کەم کەس هەیە لەو کچەی هەڵەنگوێ
نەگرێتەوە گڕ بە روویی پولوێ
چوون ناسک و شۆخ و نازەنینە
پشکۆیی لە نێو دڵا بە تینە
تەندووری ئەوینی ئەو کەنیشکە
داوێتەوە بۆ خەڵک پریشکە
لەو کیژە ئەگەر ببی بە کڕیار
دەس دەگری بە زولفەکانی ئەوجار
بکوشی کە لە سینەکەی مەمەی بەی
ڕوو ناکەیە عیشقی من هەتا هەی
مامانی کە چاوە مەستەکەی دین
لەو کاتەوە نێوی نا بە نەسرین
نەسرین ئەبەو کچۆڵە شەنگە
نەیماوە لە باغ بوون و ڕەنگە
چی دیکەیە مەڕێژە بۆمە ئەسرین
بەیبوون دەبێ بدەی بە نەسرین
تۆ تازەیی بێنە لابە کۆنە
ژەنگاوەیە کەونە مس بە سۆنە
گەر مس بشکێ دەبێ وەگۆڕێ
بڕوا ئەو و تازە بێ لە گۆڕێ
هەرکەس کە ئەوەی نەکا دیارە
بێ فکر و مشوورە یا نەدارە
سیپاڵ کە حەز دەکەی نوێ بێ
هەرساڵە دەبا شڕەی جوێ بێ
ماوێکی کە ماوە سێو و خرچە
ڕەنگ زەرد و ڕزیو و تڵخ و چرچە
گۆشتی نەکوڵاوە گەر وەمێنێ
سەد ڕەنج و بەڵاوە دەرد دێنێ
لیمۆ و شەمامە گەر گوشابن
بێ کەڵکن و بۆ دەماغ نابن
کێ زیرەکە ڕوو دەکا لە سەودا
نەک ئەو کەسە ڕۆژ و شەو لە خەودا
دڵ نووستووە بێبەشە لە خۆشی
پێی خۆشە هەمیشە کۆنەپۆشێ
مو نەرمە لە حاندی کۆنە حیزە
مل بۆر و دزێوە بۆتە دیزە
نابێتەوە تا بە حەشرە وشیار
نابێ لە بەڵایی کۆنە ڕزگار
شوکرانە بژێرە چون بە کۆنە
دانیشتووە ڕوو دزیو و مۆنە
شەو پاتەیە بۆ ئەبەد بەشی ئەو
سەرد و سڕە کیتەڵەی ڕەشی ئەو
ئەو کیژەیە گەر ببێ ئەسیرت
بەیبوون چیە؟ هەردەچێ لەبیرت
تۆ بیخەڵەتێنە ڕووی تێکە
داوایی پیاڵە ئاوی لێ کە
بۆ ئێوە دەڵێم کە ئاوی بێنی
بەو مەرجە بە تۆڵە بیڕفێنی
غاری دەیە بیڕفێنە وەک شێر
با پێ بە لە ڕژد و کێو و هەڵدێر