وتووێژی ئەحمەدئاغا دەگەڵ بەیبوون

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  742 مشاهده
ئاغا کە لە دڵبەری هەڵەنگووت
گوڵغونچەیی ئاوەتی دەپشکووت
پرسی هەوەڵ ئەو دەمەی هەواڵی
بۆ زەر بووە شاگوڵی جەماڵی؟
دەیگوت کە لە بۆ ئەتۆ ژەکاوم
نووری نییە دوو گلێنەی چاوم
وەک سوورە کڵۆکە خۆ نەماوم
بێ هێز و ژەکاو و دوورە ئاوم
شامیوی ڕەگەی دڵم دەلەرزی
باریکە لەشم دەچێ لە دەرزی
بەژنم کەوە عەڕ عەڕی شکاوە
تەوری خەمە لەو بنەی دراوە
سینگم کە تەنووری ڕەنج و دەردە
حەوساڵە دەدەم لە سینە بەردە
نەرمایی نەماوە زۆر زوورە
گرناڵە لە چەشنی بەردە زوورە
مەمکم کە وەکوو هەنار، وابوون
لیمۆیی سەرایی پادشا بوون
ئەوڕۆکە ببینە چرچ و چۆڵن
سەرد و سڕە هەر وەکوو سەهۆڵن
من بێ خەوو بێ نەشەو وەنەوزم
تاڵاوی گەروومە ئاوی زمزم
چارەم چییە؟ سەرنویشتە وایە
ڕەش پۆشم و هەر بەشم بەڵایە
ئەوهەی کە سیایە سەرنویشتی
دەشکێ بەدەسی زەمانە پشتی
فاڵی ئەوە لەت لەت و شرۆڵە
ئەستێرەیی بەختەکەی کڵۆڵە
لەو کاتەوە بەختی مل کەچم دی
نازانی کە چۆن دەژیم و چم دی؟
وەک کەو کە ئەتۆ فڕی بە باڵی
چێشتوومە گەلێ سوێر و تاڵی
وەی کوێرەوەریم ئەوەندە دیوە
باوەڕ کە دڵم بە غەم تەقیوە