زەماوەندی بەیبوون و ئەحمەد لەسەر خەرجی میرچراغ

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  815 مشاهده
ماوێکی کە پێدەچوو زەماوەند
دەیگرت بە خەڵکە، خاوەنی وەند
کردیانە بە ڕەشبەڵەک لە وەندی
کارمامزە هاتە دەر لە بەندی
بۆ کیژ و ژنانە، بەندە خانوو
پەریان کە نەیاندەما بیانوو
هەر غونچەگوڵێ لە بڕکەدا بوو
پشکوت و کەزی ڕەشی بە با بوو
لوتی بە دەهۆڵەکەی لە جۆشی
شایەر بە هەوایی نەرم و خۆشی
کیژۆڵەیی خستبوونە چۆپی
کردبووی بە بەهەشت ڕوویی قۆپی
بەرمووری کچانی چاوبازە
بە خرینگە و خرمە و بە هازە
ڕیشەی دڵی کوڕگەلی دەلەرزاند
هۆشی لە جحێڵ و لاوە دەڕفاند
حەو ڕۆژە لە دەشت و قۆپیانە
شایی دەگەڕا بە بێ وچانە
ئەو جارە بە دمبەگ و بە سازە
گوێزرایەوە ئەو کڵووکە تازە
کە کراوە لە ژووری پەردە زاوا
ئەڵماسه دەبوو لە گەوهەر ئاوا
لەو جێگەیی بێ هەرا و بێ باس
دەسمایەوە دانەدوڕ بە ئەڵماس
پسپۆڕی دوڕ ئەو مرۆیی کانی
کون کردنی گەوهەری دەزانی
تا ڕۆژ لە عەیش و نۆشدا بوون
هەر دوو لە بەهەشتی خۆشدا بوون
هەڵبوو کە بەیانە ڕوویی زەردە
ئەو لاوە دەهاتە دەر لە پەردە
چۆ مەنزڵ و بارەگایی مامی
وێستاوە بە پێوە وەک غوڵامی
لەو کاتە خەڵک هەموو وەکۆ بوون
ئەو چوونە سڵاوی شوویی بەیبوون
گوتیان کە ببێ لە ئێوە پیرۆز
گەر بوویە بە شوویی دولبەری قۆز