ڕۆینەوەی مامەکان و پەرێشانبوونی ئەحمەد
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
1 دقیقه
733 مشاهده
مامی کە بەڕێ دەبوو بەرەو ماڵ
ئەحمەد لە پەژارەدا دەبوو قاڵ
هەر ئەو دەمە ئەحمەدی برازا
قنیاته لە دەس ئەوی ترازا
کاتێ کە بەڕێ دەبۆوە مامی
دەکولاوە برین و کۆنە زامی
ویستی بە سەفەر بچێ دەگەڵ وان
بکرێتەوە زامی عیشقە دەرمان
بیبا، دڵەکەی لە بۆ دیاری
بیکاتە بە یادگاری یاری
بۆ چوون، نەبوویی بیر و فێڵی
تا مامی ئەوی بەجێ نەهێڵی
دانیشت لە ژوورە دەس بە ئەژنۆ
دەیکردنەوە بیر، ئەو لەبەرخۆ
فەرمووی کە لە چوون، چۆنە بدوێم؟
کێ چارەیی چوونەکەم دەڵێ پێم؟
بەو مامە ئەگەر بڵێم ئەمن دێم
هەر لێرە وەبەر جنێو، دەدرێم
دەکرێتەوە خۆ بەتانە، تانە
دەوروبەری من بە سەد زمانە
شۆڤارە لە نێو گەلان زۆرن
نازانی کە چەندەن و چ جۆرن
ئەو چاوچنۆک و دڵ نەخۆشن
بۆ تانە لە خەڵک تێدەکۆشن
بەو بیرەوە کوڕ لە ژوور ئەماوە
دەتکوت ئەوە مردووە و نەماوە