پێشوازیی میرسۆفی لە خونکار و هاوڕێکانی
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
880 مشاهده
بیستی کە هەواڵ ئەو سەعاتە
میر دایەوە بەو کوڕەی خەڵاتە
دەدراوە خەبەر بە خاو و خێزان
بەربوونە سەما و چەپڵە ڕێزان
دەکراوە بە چۆپی و زەماوەند
بەشراوە لە گونددا گەلێ قەند
کوژرانەوە گا و و مەڕ بە شیران
دەدراوە بە بێبەش و فەقیران
دەیداوە بە خەڵک ئەوەندە دینار
دەرچوو لە ژومارە و لە خەڵوار
هێن لیرە لە دەستی ئەو ترازا
بێ پووڵی دەکرد، بێ نیازە
نەیما کە لە ماڵ کاروبارە
هێنایەوە میر سەد سوارە
لەو گوندە دەکەوتە ڕێ بە یەڵغار
پێشوازی دەکرد ئەو لە خونکار
ماوێکی کە ڕۆیی گەیە یاران
بە سوارە و ئێستر و بە باران
سۆفی کە وەزیر و قافڵەی دی
ئەو خۆیی فڕێ دەدایە عەردی
ئاغایی بە هەیئەت و بە شەوکەت
گرتی لە وەزیر، ڕێز و حورمەت
پرسی لە وەزیر، چەندە باسە
دەیکرد لە پادشا سوپاسە
دەیگرت لە میز، مێوەکەی دڵ
دەیکردەوە ماچ ڕۆیی وەک گوڵ
ئەو جارە بە خۆشی و بە سەیران
ڕوویان دەکردە ناو پردان
هێن عالەمی هاتبوو بەرەو پیل؟
دەیداوە شەپۆل وەک چەمی نیل
دەکراوە لە لای لاو و پیرە
خێراتنی ئەحمەد و وەزیرە
گەر گەینە قەراغی دیو و حاندی
بەزمێکی نەبیندراویان دی
گۆرانی و نەرمەنای و بلوێر
هەڵپەڕکێ لە دێبەری دەزنوێر
زوڕنا بە هەوایی جۆرە جۆری
خسبوویی وەشەوق و زەوقە حۆری
مەیدانە بە تووزەلە و بە شمشاڵ
بوو گەرم، لە بۆ کچ و کوڕ و کاڵ
دمبەگ بە تەپە و هەراوە، چاوەش
گربوویی لە باغەڵ و لە باوەش
لۆتی کەوە دەیکوتا دەهۆڵی
دێ، پڕ لە سەدا و بۆڵەبۆڵی
هاتن بە هەزار شادمانی
تا گەینەوە بارەگایی خانی
گەر دادەبەزینە ئەو لەسەر زین
خەم دەرد دەکرا لەوانە پەرژین
ڕۆڵەی نەبەزیوی شارەزوورێ
یەکجار بە ڕیزە چوونە ژوورێ