دەستووری پادشا بە خونکار بۆ بەڕێکردنی ئەحمەد
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
3 دقیقه
784 مشاهده
شا بیستی کە ئەو وتانە ئەوجار
فەرمووی هەر ئەو دەمەی بە خونکار
تۆ هەڵگرە دەرکە لەو خەزێنە
چەن کیسە لە زێو و زێڕە بێنە
مافوورەیی قۆزی ئاوریشم تووک
دیبایی بە قیمەتی وەزن سووک
چەن بار حەریرە بێنە ڕەنگین
دەفران بهێنە زێو و زێڕین
چەن دانە مەجومعە چەندە چینی
دەوری لە بلوورە یا نە چینی
ئەو سینی و ئەو مەجمووعە وابێ
ژوور و دەری زێڕ کفت کرابێ
تەشت و لەگەن و هەبێ لە چەن جۆر
لولێنە لە زێڕە گوڵ گوڵ و مۆر
تۆ بێنە سەماوەری جوانە
سێ پایەیی زێو و ئیستیکانە
دەخورێتەوە قاوە چون بە زۆری
نابێ کە بچێ لە یادە قۆری
سێ ئەسپی ئەتۆ بهێنە با پێ
هەر ئەسپە لغاو و زینە بکرێ
ئەو زینە وەها دروس کرابێ
سەرپاکی لە زێڕە داڕژابێ
دۆشەکچەیی نەرمە با لە زینان
بدرێ بە دوڕ و تەڵا و مەرجان
پش مەخمەر و تووک بێ لە نێوی
ڕیشۆڵەیی پێوە بن لە زێوی
ببژێرە لغاوە تۆ لەوانە
مروارییە لەو لغاوە دانە
هەر یەکسمە ڕەشمەکەی وەها بێ
هەوساری لە ئاوریشم چنا بێ
سەر کەللە و بن چەنەی بە یاقووت
ڕەنگاوە بە زێوە یا بە زمڕووت
سازی بکە دەسبەجێ ئەوانە
تۆ مەگرە لەوانەدا بەهانە
تۆ ئێستری بێنە ماچە و سوور
وەک فیل بە دیمەن و پەل ئەستوور
کورتانە لە پشتی وانە بکرێ
تاجۆ وەسەری ئەوانە بخرێ
ئەوهانە هەموو دەبێ بکەی بار
لەو ماڵەیە، ئەی وەزیرە ئەوجار
هەر ئێسترێ زەنگی زێڕی وێخە
بۆ باڵەکە، قافڵەی وەڕێخە
ئەو ماڵە بە بار و تا دەنێرم
بۆ ئەحمەدی زیرەک و دلێرم
سەد دانە سوارە بێنە ئازا
چابووکە وەکوو هەڵۆ و بازە
وەک شێر بە دەعیە و ئیفادە
دەمڕووت و جوان و لاو و سادە
خاوەن بە شەڕافەت و بە نامووس
بیدەن لە کڵاوە پەڕ لە تاووس
سیپاڵە دەبەرکەن ئەو بە دەستوور
پێڵاوی ئەوانە چەکمە بێ سوور
یەک بن بە شتومەک و بە هەیئەت
وەک دێو و درنج دڵ بە جورئەت
بووزوو لەبەر ئەو کوڕانە شینکی
بێ، وەک پەڕی کاغەزی بە تەنکی
لە چویت دراوە جامەدانە
گشت بێ لەسەر و ملی ئەوانە
بیدەن لە کەمەر قولاپی کەمبەر
پڕ قوببە لە زێڕ یا لە گەوهەر
ڕۆژی سەفەر و شەڕ و سواری
با بەرگ بە دابی کوردەواری
بیکەن لەبەر ئەو کەسەی کە لاوە
دەستوورە بە ئێمە وا دراوە
بۆ شەڕ کەرەسە و لە خەنجەر و شیر
لەو ڕمبی درێژ و کورتە یا تیر
لە زرێ و لە نێزە با ببێ پێو
نەک جەردە و دز هەبێ لە سەر ڕێو
تاژی و توڵە ڕستەکەن لە کێوی
بۆ مامز و ڕاوی ڕاوە ڕێوی
چەن سەقر و هەڵۆ و چەندە شاهێن
بازێ کەوە فێر و مەستە بە خوێن
بەوهانە بکەن بە ڕۆژە ڕاوە
تا کۆتر و کەو بکەونە داوە
بۆ گۆیەنە گۆیی زێو و گۆچان
بۆ دارە لە دارەکەی جلیتان
هەڵبگرن و ڕی کەون بە بێ غەم
سەرگەرم، بە عەیش بن هەموو دەم