ڕای ئەوڕەحمان پاشا لەبارەی خوێندەواران
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
1 دقیقه
818 مشاهده
قەومێ کە بەشی هەبێ لە زانین
با ئێمە خەبەر لەوی بزانین
وشیارن ئەوانە تیژ بیرن
وریا و زرینگ و لاو و ژیرن
کەوتوونەتە بەحری زانیاری
دوورن لە کەران و کەر سواری
چون عاشقی عیلم و سەنعەتن ئەو
جا بۆیە بە شان و شەوکەتن ئەو
زانا بە هەموو شت و کەل و پەل
چۆن لا دەدەن ئەو لە خزمەتی گەل
لایەنگری بێنەوا لەسەر کار
عالەم دەکەن ئەو لە زوڵمە ڕزگار
کاریگەرە گەر لەکن ئەوانە
ڕێزی هەیە قیمەتی گرانە
ئەوهانە هەموو ئەوەی دەزانن
گەر زۆربەیی گەل هەژارەکانن
کاتێ کە هەژار بوو بە بێ غەم
زاڵم دەڕوا بەرەو جەهەننەم
ئەو خەڵکە لە زوڵمە بوو کە بێزار
دونیا دەکەوێتە دەس کرێکار
دونیایی ئەوانە سەوزە خۆشە
یەکسانە لە کەیف و عەیش و نۆشە
ئەوهەی کە مەزەی عیلم دەکا نۆش
مافی گەلی، کەی دەکا فەرامۆش؟
زانینە دەبێ لە خزمەتی خەڵک
دابێ، نە وەکوو ببێ بە بێ کەڵک
نەک کۆڵە سەوادی وا کە پێنووس
بیدەن لە کەوا و ببنە جاسووس
نووسەر کە شەریف بێ دیارە
نەیداوە شەرافەتی بە پارە