نیشتەجێ بوونی ئادەم و حەووا لەسەر زەوی و جووتکردنی ئادەم

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  922 مشاهده
ئادەم لەسەر ئەو زەوی دەزنوێر
بۆ خوو ژنی دەبوو بە جوتێر
ئەو خەڵکە لە ئادەم و لە پشتی
هێناتە دەر ئی خودایە گشتی
هەر دەستە و تاقمی لەوانە
کردووتە لە بۆ شتێ ڕەوانە
یەک دەستە لەوانە ئەنبیابوون
هەندێکی مەلاو ئەولیا بوون
پۆلێکی سەرۆک و پێشەوابوون
دەستێکی هەژار و بێ نەوا بوون
یەک شایی وڵاتە یەک وەزیرە
یەک خاوەنی جووتە یەک فەقیرە
یەک تاجرە تاقمێ دەڵاڵن
دەستێکی لە شار و دێ بەقاڵن
یەک مالیکە یەک دەبێ بە سەرکار
ئاژاڵێ دەدا یەکێ بە کڕیار
یەک شەڕکەرە یەک ئەسپ سووارە
یەک خاوەنی پووڵە یەک نەدارە
یەک بێرییە شۆخە یەک شووانە
یەک ڕەنگ دزیوە یەک جووانە
یەک پڕ بووە باغەڵی لە زێڕێ
بۆ پووڵ یەکێ کەشەف دەگێڕێ
نایە لە لەشی یەکێکی ئارەق
بۆنی لە پڵاوی دێ لە مەدبەق
ئاسوودەیە یەک بە شەو لە خەودا
بێ نووستنە یەک مرۆ لە شەودا
یەک خاوەنی پارە و دراوە
هانیشکە کەوایی یەک دڕاوە
چۆپی گرەیەک، یەکێ دەکا شین
یەک بێ غەمە، یەک کراوە غەمگین
ئەو عالەمە هەریەکەی بەکارێ
سەرگەرمە هەموو دەمێ بە بارێ
کێ بێ کە بە ڕۆژ و شەو لە ئیشێ
تالووکە نەکات و دابنیشی؟
ئەو تاڵی و تووشی و نەخۆشی
لەو هەردە خەڵک دەبێ کە تووشی
ئەو شادی و ئەو ئەوینەو غەم
بۆ ئێمە بە جێ دەماڵە ئادەم
ماڵی وییە گەر نەوەو کوڕی وی
وابوونە جل و بەرگ دڕی وی
ئەو مەسخەرە گەر لەسەر مرۆیە
لێم مەگرە خودایە هەر بە تۆیە
دڵخۆشی و دەردە و غەم لە دوو ڕێ
ئاشێکە بە ئاوی تۆ دەسووڕێ