بەیانی بێ کەڵکی پشیمانی
از کتاب:
خەزنەی جەواهێر
اثر:
ملا احمد قاضی پنجوینی (1920-1983)
2 دقیقه
728 مشاهده
تاقمی هەڵسان ڕۆشتن بۆ سەفەر
چەند چۆڵ و سەخت و کەژیان گرتە بەر
شەوێکی هەور و زۆر تاریک و توون
ڕێیان هەڵە کرد بە غارێکا چوون
بە کوێری ڕۆیین شەو تا بەیانی
هەمووش ڕێگەیان بە دەشت ئەزانی
هیچ کەسیان فکریان بۆ ئەمە نەچوو
کە ئەوە ئەمان پیا هاتن کون بوو
پاش موددەیە زۆر حاڵی بوو لێیان
کە ئەمە کونە و مژ پەنی پێ دان
دیسان تا مەغریب بە تەمای نەجات
ڕۆیین و کون هەر دوایی نەهات
پاش تەحقیق دەرکەوت وەک توولی وایە
پانیشی هەروا بێئینتهایە
هەندێ لەوانە جەواهیرناس بوون
سەڕڕافی گەوهەر لەعل و ئەڵماس بوون
ئەوانە دەستیان ئەگێڕا لە خاک
بەردیان هەڵئەگرت ئەیان خستە چاک
لێیان مەعلووم بوو بە فەننی خۆیان
بەردی قیمەتی ڕژاوە بۆیان
کۆیان کردەوە لەو وردە بەردە
لیباسی بەیان بۆ کرد بە فەردە
باقی بە قاقای پێکەنینەوە
بە دەست بەتاڵی و هەڵپەڕینەوە
بە ئیستیهزاوە ڕێیان گرتە بەر
ئەیانوت های دوڕڕ های لەعل و گەوهەر
ئەوانیش قەتعەن بەو ئیستیهزایە
سەخڵەت نەبوون و گوێیان نەدایە
موختەسەر هاتن ڕوویان پێوەنا
تا لە کونێکۆ سەریان دەرهێنا
هاتنە دەرەوە لە ناوقەدی شاخ
شاخێ هەڵەت و سەخت و سەنگڵاخ
بە سەد ترس و لەرز ئەم بەرد و ئەو بەرد
هەتا خەلاس بوون لە چنگ شاخ و هەرد
وەختێ هاتنەوە گەیشتنە جێگا
لە بیریان چووە زەحمەتی ڕێگا
کۆڵیان کردەوە دەستەی جەوهەرناس
هەموو گەوهەر بوو یاقووت و ئەڵماس
هەر یەکێ بۆ خۆی بە عەینی مایە
بوو بە سوڵتان و گەیشت بە پایە
ئەوانی تریش بە گڕی حەسرەت
ئاگریان تێچوو سووتان یەک کەڕەت
تاریکی دنیاش کە بڕایەوە
«اشرقت الارضعربی» شەوقی دایەوە
ئەمانەی ئیمڕۆ ئیستهزا ئەکەن
بەتاعەت سبەی بە سزا ئەگەن
یا ڕەبب بە حەققی فەزلی عەزیمت
بە دەریای جوود و لوتفی عەمیمت
بە نەسیمی حوبب سوبحی ئەم دینە
بۆ خەندەی شەرحی گوڵغونچەی سینە
بوڵبولی دڵەی لە نەوا خەمۆش
بە نەشئەی باخێ بەختی بێنە جۆش