پەیکی خەیاڵ
از کتاب:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
اثر:
امین اشنویی (1889-1954)
1 دقیقه
1037 مشاهده
درێغا بای خەزان بردی لە گوڵشەن گوڵعوزاری من
لە هیجران و فیراقی وی بووە پاییز بەهاری من
درێغا ئافتابی من هەتا حەشرێ غرووبی کرد
نەما ئوممێدی ڕووناکی لە بۆ شەبهایی تاری من
درێغا غونچەیێکم بوو بە تۆفانی خەزان فەوتا
وەکوو بولبول لە هیجرانی نەما سەبر و قەراری من
درێغا نووری شەمعی من نەما تا شوبهی پەروانە
دە چار دەوری سەری سووڕێم بکەم جانم نساری من
درێغا بای سەبا ڕوحمی نەکرد هەرگیز بە حاڵی من
بە قاسیدی نەچوو ڕۆژێک لە بۆ خزمەت نیگاری من
وەرە پەیکی خەیاڵ ئەمڕۆ بچۆ تا عالەمی ئەڕواح
بکە شەڕحی خەمی هیجران لە قەولی من بە یاری من
بڵێ جانا بە مەرگی تۆ لە عومریش بێ تۆ بێزارم
فەغان و ناڵە و گریان شەو و ڕۆژ بۆتە کاری من
وەلی شێعری فیڕاقی بولبولی تەبعی ئەمینتخلصی تۆ
لە گوڵزاری شنۆمکان بوویتە نیشان و یادگاری من