ڕازی خۆشەویست

از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
 2 دقیقه  424 مشاهده
خۆشەویستم...
بۆ پرس و ڕام
هەرێمی کوردستان گەڕام
شاخ و کێوی دەشتی پانی
تاڤگە تاڤگە، کانی کانی
لە ئەیلوولی، لە ئاداری!
هەتا یەکی حوزەیرانی!
چیم چەنگ نەکەوت
تا بۆتبێنم بە دیاری
لەبەر ماکی
پیلانی پیسی ناپاکی
کۆمپانیای نەوت...!
خۆشەویستم هەر لەو دەورە
چوومە سەیری شاری بەغدا
بەرەو گۆڕەپانی گەورە!
شوێنی ڕاپەڕینی میللەت!
هیچ گۆڕێکی تەسکم نەدی
پەیکەرێکی کەسکم نەدی
دەستم بەردا!
فرمێسکم ڕشت!
داخی دڵی منی نەکوشت
ویستم سۆسەن بچنم... نەبوو!
ویستم تۆلە بڕنم... نەبوو!
شتێ سەرنجی ڕاکێشام
بۆ یادی برینی ئێشام!
لێبوردن و برایەتی
دۆستایەتی، دۆستایەتی
هەبوو، هەبوو...!
خۆشەویستم...
وا لەو بەندە
خەریکە لە لێو بپشکوێ
ماچێکی تەڕ، بزە و خەندە
لەو قۆناخە
وەختە ڕەگی کوتراو بڕوێ
لە سەرینگانی ئەو باخە
با شالوور ئاواز هەڵڕێژێ
بۆ دوو چاوی گەلاوێژێ!
هەتا کۆرپەی ماندوو بنوێ
منیش بۆ خۆم
هەرچەند زامداری تیرێکم
ئەوا دەڕۆم...
بەرەوپیر ڕازی بیرێکم
(بیری نوێ)...!
خۆشەویستم...
چەند جار بە بەرگە سوورەکەت
چوویتە سەر جۆلانەی مردن!
چەند جار لە ڕێگە دوورەکەت
گۆڕستانت ئاوا کردن...!
چەند جار لە هەورازی خەبات
ڕەشماڵی ڕەشت هەڵداوە
چەند جار لە ڕێی هاتونەهات
دۆستت دەستی لێت بەرداوە!
چەند هەزار جار جادە و شەقام
لەژێر پێ خوستت لەرزیوە
دڕندە و نۆکەری بەسام
لەژێر هێرشت بەزیوە!
چەند جار بە تەنیا لە مەیدان
باوشت گرتووتە ژیان
کەچی هەر جار ئەخشیتە گۆڕ
بەهێزتری!
کەچی هەر جار دەچیتە کۆڕ
بەڕێزتری!
چونکە خاوەن بیرێکی
پاک و خاوێن!
شائەڵقەی زنجیرێکی
شاخی هەندرێن!