گۆرانیی لووتکە

از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
 3 دقیقه  527 مشاهده
خۆشەویستم...
لەمێژە حەزم لە خەوە
لە باوەشێ، لە ئامێزێ
لە چرپەی ماچێکی شەوە
لەسەر خاڵی ڕووی ئازیزێ
حەزم لە بۆنی پەرچەمە
لە نێرگزی ئەو دوا چەمە
لە خەزانێ، لە پاییزێ
دڵ هەویستم...
تەنیا دەنگی قاسپەی کەوە
تەنیا ڕەنگی دەمکی کەوە
تەنیا ئەوە... تەنیا ئەوە!
خۆشەویستم...
مەستم بە مەی
بادەی بەیاری لێوی تۆ!
پەستم بەوەی
دەستی دزێ
لە بێستان و باخچە و ڕەزێ
پارێز دەباتە مێوی تۆ!
لێناگەڕێ لەپ بگاتە
ئەو مەبەستەی کە داواتە
بم بە مێوان سینگت و مەمک
لەژێر سوخمەی نەرم و تەنک
پەنجەم گیر کەم لە سێوی تۆ!
خۆشەویستم...
ئەوەندە جوان و دڵگیری
چاو و زارێک لە تۆی داوە!
هەرچەند لە تەمەنا پیری
بەڵام جوانیت تازەلاوە!
هیچ بڕوام نییە بە نووشتە
پەسەند ناکەم ئەو ڕەوشتە
حەز لە ڕووی بە پەچە ناکەم
چ زۆر چ کەم
ئەگینا ڕووم دادەپۆشی
بە ئاڵایێ
پڕ باڵایێ
لەژێریا با سەد جۆر خۆشی!
هەر وا هەزار لەپکە شینە
ئەمبەست بەو زولفە چینچینە
بۆ چاووزار
یاری نازدار!
خۆشەویستم...
هەر ڕووبارێ
کە بە شەپۆل دێتە خوارێ
لە کەنار زێ
ئاوازێکی لێ دەترازێ!
دەڕواتە ناو ئەو ملوانکە
کە ئاڵاوەتە ئەو هەوکە
یا دەچێتە ژوانی نازێ
وەکوو شیعری بەستە و ڕازێ
لە مابەینی ئەو دوو مەمکە
کە وەکوو گۆ!
وەستان لەسەر باڵای تۆ!
خۆشەویستم...
کە شنەی با
دێت و دەڕوا
بۆنی کوڵمەی تۆی لێ دەتکێ!
هەنگوین، دۆشاو
گەزۆ، خۆشاو
بێتامن لەو کاتەی دەکرێن
تامی لێوی تۆی تێ دەشکێ
ئەوسا دەخورێن!
خۆشەویستم...
هەر پەخشانێ ڕادەچەنێ!
هەر سیحرێ ئاواز دەژەنێ!
هەر گوڵێک کە خوناو دەمژێ!
هەر بولبولێک نەغمە دەڕژێ!
بۆ ماچێکە، بۆ ڕازێکە
بۆ ڕامووسان و نازێکە
کە لەسەر ڕووت پێدەکەنێ!
خۆشەویستم...
بۆ چاوی شین
لە پاییزی تەمەنی ژین
یاخی بوویمە!
حەزم لە خۆشی بەهارە
حەزم لە باوەشی یارە
حەزم لە جەژن و ئادارە
دڵم عەشقی گوڵ هەنارە!
تێمەگە بەهەڵە چوویمە
مەزانە لە گوێی گا خەوتووم
بە دوای سێبەری با کەوتووم!
خۆشەویستم...
گەلێک شاعیر
بە وشەی وەک گڕی ئاگر
گەرم، گەرم
سکاڵای خۆشەویست دەکەن!
ڕازی سینگ و زولفی نەرم
وا دەزانن
زەوی لەسەر قۆچی گایە
هیچ نازانن
لەوبەر لووتیان چ هەرایە
لە کۆڵانێکی زۆر تەسکن
شێتی لەنجەی کەزی و بسکن!
خۆشەویستم...
ناڕەزاییی خۆم دەردەبڕم
پەچەی سەر ڕووان دادەدڕم
ئەمن بۆ خۆم
لەو ڕێیەی گرتوومە دەڕۆم
بە یاخیبوون
هەتا ئەو کاتەی دەتوانم
تێر لە باڵای تۆ بڕوانم
لە بووکێنیت خۆشەویستم
کەمەری شلت ببەستم
تەنها بە چڵێکی زەیتوون!
ئاڵات بۆ لە شەبەق چا کەم
هەوری لە پەلکەزێڕینە!
تا بۆ ئەو ماچە شیرینە
کە لەسەر لێوت چەقیوە!
ساڵەهای ساڵە نەمدیوە
نەمچنیوە!
تا دەمرم بە دوای ڕادەکەم
غەیرەز ئەوە چیدی ناکەم
چیدی ناکەم!