کاروانی یار

از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
 2 دقیقه  537 مشاهده
بە گرمەی هەوری بەهارم
لە نەورۆزم
پەردە لە گوێچکە ئەدڕێنم
بە شوارکی شلکی برووسکە
لەڕێی هۆزم
ئەستێرە دائەوەشێنم!
بڕژێتە ناو گۆمێکی مەنگ
لە شەوەزەنگ
بچەسپێ وەکوو چەقەبەرد
تاکوو یارم
بە پشتیە باوەڕی بێگەرد
لە سەریا ئەو پێ و ئەم پێیکا
دیاری ڕێیکا
لەناو ئەم کۆڵانە تەسکە
کەپڕی تووتڕکی کەسکە
دوور و درێژ و بێسنوور
هەتا ئاسۆی شەبەقی سوور
بڕوا بەگوڕ بۆ هەرەوەز
چوست و نەبەز
بۆ بەشداری لە شاکارێ
هەڵگرتنی سەنگی یارێ
بژارکردنی ناڕێکا
بە جارێکا
دڕکی زیان و داروجان
لە خەرمانی بووکی ژیان!
بەگم، بەزم
بچەقێنێ هەزاران ڕم
لەسەر نووکی هەر یەکێکا
بلەرێتن بەیداخێکا
ئەندام لەت کا
خڕان شەت کا
دەیان پەت کا
دەرزی لە برینان ڕەت کا
تیمار شینە خەفەت کا
تەلار دروست کا لە ئێسقان
بۆ پارێزی نرخی ئینسان!
برووسکە ئەکوتمە ناو خاک
قووڵ بیر ئەکەم
هەر دە گاسن
ئاسن، ئاسن
لە بەردی زەیتا گیر ئەکەم
لێشاوی ڕەش
خمخانەی هۆش
ئەپەستمە ناو برینی بەش
هیی ئەو دڕکە
ئەو جۆ بڕکە
هەتا هەتا ببێتە ماک
لە ڕووی ناپاک!
لێناگەڕێم
گەر ببیتە کۆسپی سەر ڕێم
ئەیخەمە بن
پەڕی جەنجەر
ڕم و خەنجەر
بیکا ئەنجن
ئەنجن، ئەنجن
وەک ماری کوشتەی دەستی ژن!
بۆ خۆم هەزاران ئەستوندە
هەر لەو بەندە
ئەچەقێنم
پۆڵا، پۆڵا
دم ناقۆڵا
لەبنی دەریا خۆی گیر کا
دوولکەی لەگەڵ ئاسمان شەڕ کا
قینم لە گەردوون دەردێنم
سەر ئەکوتمە دیواری ڕەق
لەو بەریکەی ئەنوارم زەق
وێنەی سێبەری یار ئەگرم!
هەر بەو ڕەنگە
هەر لەو جەنگە
ئەگرم، ئەبڕم
ئەکوتم، ئەدڕم!
لەگەڵ ڕمبازێ سایە دەق
بەتاو ئەڕنم خەستی شەبەق
بۆ ئاڵای بووکێنیی یارم
نەوبەهارم کە لە ئەسپی ئاسن سوارم
خەریک خوارکردنی خوارم!
لەگەڵ یارم
وا ئەنوڕام!
بۆ میللەتێکی ئازاد و...
نیشتمانێکی بەختیارم!