کۆچی زاوایەکی نامۆ

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جەوهەر کرمانج
 3 دقیقه  623 مشاهده
کێ پێی گوتی
بەم وەرزەی سەهۆڵ بەندانە
ڕەشماڵ ڕەوەندیت بەرەو
مەنزڵێکی ئەوەندە دوور بپێچیەوە
کێ پێی گوتی
لەم چەرخە نایەکسانەدا
پشت بکەیتە ئاوەدانی و
بۆ هەمیشە نەیەیتەوە
خۆ تۆ وەکوو هەڵۆیەکی هەورادیتە
لەسەر لووتکەی بەرز نەبا
نەدەنیشتی..
وەک کۆچەرێکی گەڕیدە
لەم کوێستانە سەر بەتەمە گەورە ببووی
ڕەنجبەرێکی چاو قایم بوویت
چ ئاغایێ دەری کردبووی
بۆ ڕۆیشتی
بۆ ڕۆیشتی؟!
نەڕۆیشتبای
ئاخر تازە منداڵەکان
زمانی ئاگر فێر دەبن
تازە خەریکن لە گورز و
تۆبزی دوژمن تێر دەبن
زوو ڕۆیشتی
نەڕۆیشبای..
ئاخر سبەی..
کەر بە زمانێکی ڕەوان
لە گەورەکانیان بپرسن
ئەرێ دایە
ئەرێ بابە
مامۆستا گەورەکانمان کوان
کوانێ ئەو مامۆستا جوانەی
هەموو ڕۆژێ بەخەندەوە
لەسەرەتای گوتنەوەی وانە بە وانەی
پێی دەگوتین
منداڵینە
مەتەڵێکتان بۆ دەبێژم
ئەوەی توانی هەڵێ بێنێ
ئەوە شایستەی چەپڵەیێ زۆر بەتینە
وڵاتێکی گەورە هەیە
هەتا چاو بڕ دەکات دەشت و
کانیاوی چاو بەگریانە
لەهەر چوار دەوری سنووری
دیوارێکی ئەستوور هەیە
هەزار ساڵە..
کوڵنک و بێڵی لێ دەدرێ
ناڕووخێ و هەر دیوارە کۆنەی جارانە
چیای بەرز بەرزی تیایە
ڕەزی تیایە
بەڵام ئەوەی داخی دڵی دانیشتوانە
وەتی ئەم وڵاتە هەیە
بێ ئاڵایە..
بێ فەرانڕەوا و سوڵتانە
دەی بزانم
چ کیژە ڕەند و ئازایێ
چ کوڕ خاسێ
ئەم وڵاتە زەنجیر لە پێیە دەناسێ..؟
من.. مامۆستا
من مامۆستا
مامۆستا.. مامۆستا.. مامۆستا
کچم هەریار
دەی کیژی خۆم زۆر ئاسانە
مامۆستا ئەوەی تۆ فەرمووت
هەبێ و نەبێ کوردستانە
گەر بپرسن..
دەبێ وەڵامی ڕەوانیان بدەینەوە
پێیان بڵێین:
مەپرسن مامۆستا بۆچی..
بەجێی هێشتین
بۆ کامە هەوار بوو کۆچی
با هەوڵدەین
سبەی تۆڵەی بکەینەوە
هەڵۆیەکی بەرزەفڕ بوویت
لەسەرلووتکەی بەرز نەبا نەدەنیشتی
لەم کوێستانە سەر بەتەمە گەورە ببووی
ڕەنجبەرێکی چاو قایم بووی
چ ئاغایێ دەری کردی
بۆ ڕۆیشتی...؟
نەڕۆیشتبای
تازە هەتاو گەرم دادێ و
تەم تومانی خەم ڕاودەنێ
تازە کۆرپەی حەز پێ دەگرێ و
بەرەو بەهارێکی خەملێو
هەنگاو دەنێ
کوڕە زاوا- بووک ڕەبەنە
مەڕۆ با شل نەبێ چاوی
دەلالی پانی بەخەنە
«هەواڵی ماینێ زاوای سوورە»
«هەواڵێ.. زاوا ڕێگای دوورە»
«هەواڵێ.. کۆچی زاوای شینە»
«دەلالێ کورماڵێ خەڵکینە»
«دەلالێ کور هەرقوربانینە»
هەڵۆیەکێ بەرزەفڕ بوویت
لەسەر لووتکەی بەرز نەبا نەدەنیشتی
ڕەنجبەرێکی چاوقایم بووی
چ ئاغەیێ دەری کردی
بۆ ڕۆیشتی..؟
نەڕۆیشتبای..
ئاخر سبەی..
نۆبەتی ڕنینی ڕەزە
سبەینێ نۆرەی بڕینی
قۆناغێکی درێژترە
هەرەوەزە.. هەرەوەزە
ئەمجارەیان..
وانەی مێژووی قارەمانیت
بە منداڵە هەژارەکان بدەرەوە