میوان

شێرکۆ بێکەس بۆ شاعیری شەهید «جەمیل ڕەنجبەر»
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
شێرکۆ بێکەس
 5 دقیقه  1064 مشاهده
نیوەشەو هەندێ جار کە شیعر
ئەمباتە ناو دنیای سحراوی خۆیەوە
ئەمخاتە سەر باڵی خەیاڵی دوورە فڕ
ئەو ساتە شەماڵ بێ یان زریان
باران بێ یا بەفر
ئەبینم.. گوێم لێیە:
وا دەرگای حەوشەمان
جیڕەیەک ئەکات و تۆزێکی ئەترازێ
ئەبینم: بێ خشپە، لەسەر لا
چاو زیتێ
قژنێ، ڕیشنێ
باڵاکورت
هەناسە سوار بوویەک
هەر وەکوو مامزێ پێکرابێ و ڕاو نرابێ
بە پەلە خۆی ئەکات بە ماڵدا
دوو پشکۆی بیلبیلەی
بە دەوری حەوشەدا ئەگەڕێ
ئاوڕێ.. دوو ئاوڕ
ئەوساکە بەرەو ژوور
هەنگاوی خێراتر هەڵ ئەگرێ
ئەکاتە بەردەمی پەنجەرەی ژوورەکەم
ئەوەستێ
بە پەنجە چەند جارێک لەسەر یەک
لێی ئەدا:
-تەق. تەق. تەق-
بە ئەنقەست دوو جاریش
لەسەر یەک ئەکۆکێ
تێئەگەم خۆیەتی
«جەمیلشخص»ە
لە دوور ڕا هاتووە
ماندووە، ئەزانم لە مناوە بە تایبەت لای داوە
بۆ ئەوەی سەردانی من بکا
ئەشڵەژێم، خەریکە پەنجەرەم لێ ئەبێ بە دەرگا
سەرسمێک ئەدەم و پێخاوس ڕائەکەم
هەر لەبەر هەیواندا
باوەشی پیا ئەکەم
هەر وەکوو دوو لقی
دوو داری ڕاست و چەپ تێک ئاڵاو
من سەر ئەخەمە سەر شانی ڕاستی ئەو
ئەو سەر ئەخاتە سەر شانی ڕاستی من
نە جارل نە دوو جار نە دە جار
تۆ بڵێ هەزار جار
پەڵاسی ناو دەمی
ئاوێنەی تەوێڵی
گەردنی ڕەنگ لیمۆی ماچ ئەکەم
گوڵاڵەی برینی سەر سینگی ماچ ئەکەم
ئەو وەختەی کە دەستمان لێک بەردا
بەرامبەر یەکتری دانیشتین
لە باڵا ئاوێنەی دیواردا
تەماشای خۆم ئەکەم.. ئەبینم
سەر سینگم سوور بووە
ڕووخسارم سوور بووە
ژوورەکەم سوور بووە
بۆن ئەکەم
دەست وپل بۆنی گرت
بۆنی گوڵ، بۆنی خاک، بۆنی گیا
جل بۆنی بارووت و قژ قەوزەی ڕووبار و
ژوور بۆنی گۆگردی
ئەشکەوتی ناو چیا
***
سەرەتا بێ دەنگیی خوێنێکە و ئەمگرێ
سامێکە و زمانم ئەبەستێ
ئەوکاتەی چنگی خوێن بەریدام..
هەڵ ئەستم
چایەک و پەرداخێ دێنم
هاڵاوی چایەکە و هاڵاوی هەناسەی
تەمێکە بۆ کەمێ
لە ڕوومان ئەنیشێ
جەمیل گیان لاوز بووی
لاوازی
وەک کۆتر باریکە
وەک وەلی دیوانە
وەک قەڵەم
بەیەک بین ئاوەکە هەڵ ئەدا
چایەکی بەردەمی تێک ئەدا
قومێکی لێ ئەدا و دەستی چەپ
ئەخاتە سەرشانم
- لاواز بووم؟!
شاخ و داخ چاوەکەم! شاخ و داخ
شاخ خاکە و شەم دایکە و
من وەلی دیوانە و
من کۆترە باریکەی «کۆمەڵە»و
بۆ پەنجەی زاڕۆڵی هەژاران
من قەڵەم
پاش تۆزێ دەست ئەبا
لە پزوی شەڕواڵدا
چوکلێتە نامەیەک
دەردێنێ و ئەمداتێ
بەدەنگێ، وەک وژەی دەستان بمدوێنێ
وەک شەپۆل هاژەی دوور
بمگاتێ و بمدوێنێ
پێم ئەڵێ:
- دوێنێ شەو کە دیمن سێ قۆڵی
«شەهابشخص و جەعفەرشخص و ئەنوەرشخص» بوون
هەر سێکیان لەسەر ئەر چوارمشقی
لە دەوری ئاگری بەکڵپەی
ماڵێکی کۆچەردا دانیشتن
هەر لەوێ، هەر لەبەر ڕووناکی ئاگردا
بە نۆرە هەریەکەو دێڕێکی نامەکەی
بۆ کیژ و بۆ کوڕی
قوتابی پێشمەرگەی شاخ نووسی
٭٭٭
سەعاتێ زیاترە لە چاویام
تەماشای خۆر ئەکەم
سەعاتێ زیاترە لە دڵیام
گوێ ئەگرم لە خوێن و سەر ئەنێم
بە سنگی خاکەوە
سەعاتێ زیاترە من ئەوم، ئەو منە
من پرسیار
ئەو وەرام
- جەمیل گیان بێ دەنگی دە بدوێ؟
- مەنزڵم.. بڵاوە
هەر ئەمشەو من دەبێ پێیەکم لێرەبێ و
ئەویتر لە -بۆکانمکان-
هەر ئەمشەو من ئەبێ
بەسواری ئەسپە ڕەش
دەمامک هەڵبەستوو
خۆم بکەم بە «قەڵای هەولێر»دا و
هەر ئەمشەو سەری بەم
لە «مەمی»ی هەژاری ناو «بۆتان»
وا «جەمیل» بەپێوە وەستاوە
بەژن سوور
هەر ئەڵێی هەناری گوڵ کردووی
گوێ ئاوە
بە ژووردا چەند جارێک دێ و ئەچێ
ئیستێک و لەبەردەم دۆڵابی
-«سەردەمێ دۆڵابی حاجەتی موبەق و، ئیستاکە کتێبا»- ئەوەستێ
ئەوەتا دانەوی و لە خانەی دووەمدا
سەر و خوار ورد گەڕا دەستی نەکەوت
دیوانی «بێکەستخلص»ی دەرهێنا
هەر وەکوو یەکەم جار
مڵۆتکەی جگەری تاقانەی هەڵبگرێ
بەو جۆرە هەڵگرت
لەسەر خۆش چاوا و ڕوومەتێ
دیوانی هەڵمژی و ماچی کرد
- بۆ ئەڕۆی!
بۆ ئەڕۆی ئەی مانگی
کاکۆڵ ئاڵ بۆ ئەڕۆی؟!
بەم شەوە بۆ ئەڕۆی
بارانە و ڕهێڵە
دە توخوا هەر ئەشڕۆی
گوڵاڵەی زامێکی سەر سنگت
لەلای من جێ بێڵە
- بەنگ نابێ عاشقێکی ڕەوەندە و
بە تەنیا لە ماڵی لانادا
بەنگ نابێ خەمێکی کێوییە و
بە تەنیا لە شاخێ نادا
پێخاوس بە دوایدا ڕائەکەم
نایگەمێ.. تیشکێکە و.. نایگەمێ
- بارانە و ڕهێڵە
تەڕ ئەبێ_جەمیل_گیان
تەڕ ئەبێ!
وا ئێستە گەیشتە بەردەرگا
ئیستێک و بۆ ساتێ ڕاوەستا
ئاوڕی دایەوە، سەرێکی هەڵبڕی
مانگی سوور لەشەوی
ڕەشپۆشدا پێکەنی
ئەوساکە دەسی برد
لەپەنا دیواردا
چەترەکەی هەڵگرتبوو
بێ خشپە، لەسەر لا
بە درزی کراوەی دەرگادا
تێپەڕی و..
بەتەنیا جێی هێشتم!