وەڵام.. بۆ ئاگردانی شۆڕشێک لە زستانا

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  741 مشاهده
لە بیابانی ژینی زگ برسی
زستانێ بووم.. سەرمای خۆمم کوشت
لە داخی ژانی ئازاری پڕ مەترسی
ئای کەچی بکەم؛
دایکی بیر، تاکە ڕۆڵەی سکی خەم نیم
ڕۆڵەکەمیان برد و کوشتیشیان..
بەکوڵ هەستم لە گەرمای چاو بێمە گریان
گریانێک نیم لەناو چاڵی بێ بیستنم
گریانێک نیم گوێی شەوی کەڕ بدڕێنم..
گوللەی گەرووی تینوویەک نیم
مەلی سنووری خنکاوی کەلاکی گیان
بەڕووی چەقۆ هەڵفڕێنم
ئای کە چی بکەم
لە بیابانی ژینی زگ برسی
زستانێ بووم.. سەرمای خۆمم کوشت
لەداخی ژانی ئازاری پڕمەترسی
ئای کە چیبکەم
تیشکی خۆری هاوین نەبووم
سەری کەچەڵ هەڵقرچێنم..
شخارتەی دەس سەرما بردووی زستان نەبووم
لە جامیلکەی گڕ و خوێنا..
بەفری زیوین بسوتێنم
ئای کە چی بکەم..
ووشەیەکی ئاگرین نیم
وا ئەو یارە لە باوەشی پۆستەبەری ئەم بەهارە
خەنجەرەکەی لە هەنیسک و میکرۆفۆنی لە گریانە
پەلاپیتکەی تفەنگی ژان
سێرەی بۆ سینگی زیندانە
چۆن ئای چی بکەم
ئەی ئەوەتە..
دەسکە جۆنی ی دەستم خەم نین
قینی زیوان لە گەرووی دڵ ناکوتین
ئەی ئەوەتە، کەژی ئاشی
خۆی وا بە خۆی ناڵێ، شەتین
ئەی ئەوەتە.. کارێزی گڕ هەوای بێدەنگی نامژی
بەردە دڕی گوێچکەی بوونی ئەو مەرگە نین
چۆن ئای چی بکەم..
شخارتە نین
بەدەس پەنجەی چەوساوەکان
وتەی گڕین..
بەدەم هاواری لاوەکان..
شەماڵ هەوری زگپڕی دایە بەرقاشۆ
بەچکەیەکی ژیرمان دەبێ، موژدە لە تۆ
هاکا دێت
گوللە، تەمی ئەو زستانەی ڕەواندەوە
ڕووناکی، ئارەقەی بازووی حەواندەوە
برای تفەنگ.. هاکا دێت
شان و شەپیلکی ماندوێتی
باخەڵی لەشی سەرما بردووی، بە خوێن پڕ کرد
هاکا دێت، لافاوی چاو..
ساڵی (هات) زۆردارانی بە زۆر قڕ کرد