هەتاو لەناو دەریای خۆشەویستیدا

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  778 مشاهده
١
لە هەورازی بەرەو خۆرا..
کاتێ خەوتن، لێمان تۆرا..
ئۆتۆمۆبێلی، ڕێگەی پێچی خانزاد وەستا
بەئەسرینی دواکەوتنا.. لافاو هەستا
قەڵای ڕێگا... ئەشکەوتی چیا...
ڕووباری خوڕ
مەنەلۆجی کیژی سەیران.. لە لێوی کوڕ
هاواریان کرد.. خانزاد لە کوێ ی؟
خانزاد لە کوێ ی..؟
وا بریسکەی باخەڵی چیای تۆیان سووتاند
کاسەی چاوی نەوەی تۆیان، بە خوێن گریاند
خانزاد لە کوێ ی؟!
چاوی کچە نەغەدەییان هەڵکۆڵیوە
دەیانی وەکوو قەدەم خێریان کرد بە پەتا
گوڵی گەنجی ی زۆر لاوی وەک جووتە بران
لە بەهارە هەڵوەریوە
٢
خاتوو خانزاد:
باخی شانۆت
گوڵی ئێمەی لێ بۆن دەکرێ
ڕستی جل شۆرینی دڵم
دڵۆپی سووریان لێ دەتکێ
خاتوو خانزاد
کوا ناتبینم؟!
کەللەسەری سوپای یەزید
لە دیوانی قەڵاکەتا..کۆکەیتەوە
کوا نات بینم؟!
مەمکی تورتت
لە گرەوی چنگی زۆردار بەریتەوە
٣
خاتوو خانزاد.. نازانی کێم؟
ئەو برینەم...
لە لەشتانا، تەشەنە بووم:
ئەو کۆترەم..
هەزارەها شالووری خەم
لەناو زامی باڵەکانمان..
سروودی پێشمەرگە دەڵێن
خاتوو خانزاد
ئاسۆی مەندی، خوێنی سبەم:
بوویتە چاوی سەدان بەڵێن
٤
خاتوو خانزاد.. نازانی کێم؟
ئەو کاروانە، دونیا دیوەم...
لە ڕێ ی دوورا... ئەسپی وورەم پڕتاو دەکا
نازانی کێم...
ئەو ئاگرەم...
بەربویمە جلکی ئەو کەسەی
ماسیی هەقیقەت ڕاو دەکا