روبارێکی خوێناوی

بۆ دووەمین یادی شەهید «ئارام»ی تێکۆشەر پێشکەشە
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  1020 مشاهده
ئێوارە بوو..
شاسوارێ هات
ئەسپی سپێدەی ڕاپەڕاند
خۆری چاوی هەژار هەڵهات
ئێوارە بوو
بەسەر لوتکەی ئارامی شۆڕش هەڵگەڕام
پەنجەی خوێنم
بە ناوچاوی دوژمن تەقی و لێی دابڕام
وڵات شەوە و
ئەستێرەکانیش پێشمەرگەن
لە شەقامی بورژواکان
هەراج خەوەو
گوڵی چەکداری زامەکان
ڕۆڵەی ئەم دێیە بەجەرگەن
***
شاسوارێ هات
خەمی شەهابی هەڵگرت و
دای بە کۆڵی گڕی هەتاو
چەکی جەعفەری هەڵگرت و
نای بە سنگی حوزەریانی لە ژان سوتاو
تیشکی ئەنوەری دا بە کۆڵ
هێنای بۆ ناو سەنگەری دۆڵ
 
وڵات چەمی خوێنی زۆرە
دەنگی ئارام
لە زۆر گوڵدانی چەم ڕوا
هەموو کێوێکی کوردستان
ئێستایش چاوی یەکەم سەنگەر
بە خوێنی کاک ئارام دەشوا
هاوڕێی شەهید..
وامەفرەزەی وشەکانم
بۆ دێهاتی هۆنراوەی جوان
لەیادی تۆ
زەوی خەمم
بۆ جوتیاری هەژاری گوڵ دابەش دەکا
وا مەفرەزەی دەربڕینم
بەگژ غەریبیدا دێت و
وەکو سرودی سەرکەوتن
ڕستەی: گەمارۆی کوردستان
بەیادی تۆ پێشکەش دەکا
هاوڕێ ئارام
گەر ڕەشەبا
کۆزە ئەسپیندار سەربڕێ و
جۆگەی خوێنی
زۆرەملێ ی کاروان ببا
لە دەشتی شەو
کارگەرەکان چاوی کوورە دەکێڵنەوە
زریانیش بێ
خێوەتی ئارام هەڵفڕێت
هێلانەی کەوی ئاگرین
لە دەرونی برسییەکانا دەهێڵنەوە
گەر کڕێوە
بەفری سپی بکا بە کفنی ئەم خاکە
قرچەی هاوین، چلەی زستان
تا بەهار دێ
روبار لە مردن بێباکە