سەری ساڵێکی ڕاپەڕیو

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  802 مشاهده
سەری ساڵە
وا کۆتری ژانی مریەم
هاتۆتەوە ناو هێلانەی مەسیح ی خەم
مۆمی تەمەن
فوو لەخەوی مردن دەکا و
لە نشێوی تاریکی کێو دێتە خوارێ
خۆری تەمەن
بۆ ئاهەنگی بوک و زاوا
میوانی خەونی سوور دەبێ
وەک رەهێڵەی وەرزی بەهار
لە چاوانیا گوڵ دەبارێ
**
سەری ساڵە
ماچی شۆخی شۆڕش تاڵە
بولبولی ئاسمانی ئەمڕۆ
لە سەنگەری ژێر کڕیوەی ئەم سەردەمە
لەگەڵ کڵپەی کریسمس ی ئەشکەوتەکان
دەبنە گرمە و هاژەی بەخوڕی ئەم چەمە
 
سەری ساڵە
وا بلێسەی چەندین ساڵی بنکەی سووری
پێشمەرگەکان بەتین دەکەین
لەگەڵ کێوە بەرزەکانا
چۆپیمانەو بۆ نەورۆزی قوربانیمان
ئەسپی هەژاران زین دەکەین
ئەی ئەستێرەی شەوانی ئێشک گرتنم
لەباتی من.. بەنهێنی
خەندەی جەژنی ئەمساڵ بەرە
خەندەی جەژن پڕ لە چەپڵەی
ڕەنگی خوێن و کەللەی سەرە
ئەی ئەستێرە
خەندەی گوڵی ئەمساڵ بەرە
بەحەسرەت بوون بۆ ئەو شارەی
لە کانیاوی بینایی چاو
ماچی شادی بخۆنەوە
بۆ ئەوانەی بە ئاواتن
خەمی گڵکۆی شەهیدەکان
بە شەونمی سەروەریی خۆر بشۆنەوە
ئەی ئەستێرەی یەکەم شەوی ئێشک گرتن
بۆ بەیانی
کە چویتەوە بۆ شاری سێدارەو کوشتن
ئەی ئەستێرە، واتێنەگەیت
فڕۆکەیت و بۆردومانی دوژمن دەکەیت
لاسای فاشیست نەکەیتەوە
من دەمەوێ
چەپکە گوڵی نامەی ڕزگاریم بەیتەوە
 
سەری ساڵە
ماچی شۆخی شۆڕش تاڵە
باڵەفرەی خەمی لەیلا، هەورێکی گرانی ئاسمانە
ڕەوتی روباری کوردستان
هێرش دەبا بۆ دەریاکان
باڵەفڕەی گڕی لەیلا
لە توڕەیی بورکانەکان دەخواتەوە
لەسەر چڵی
بیابانی گڕ هەڵدەنیشێ
کەو دێنێتەوە کێوەکان
ڕشانەوەی شۆڤینییەکان دەشواتەوە