شیرین بووکە، بەستەی نەورۆزی بۆ دەڵێم

(بۆ مەزهەری خالقی گۆرانیبێژ)
از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 3 دقیقه  862 مشاهده
زۆر جار مەلی غەریبی دڵ
لەسەر میلی ڕادیۆکەمدا هەڵدەنیشێ و...
ئامۆزا گیان دەڵێتەوە.
لە (گیان و گیان)ی خالقی و...
هەرا و هۆریای دەروونی من
لەنێو (ڕۆڵە..کۆرپەی شیرین...)
جۆگەی کەلی یادی گەرمم دەکرێتەوە
*
برا مەزهەر.. خۆ ناتناسم
لەدەربەندی گۆرانیتا بە تفەنگی تاسەت کاسم
گڕی دەنگت دۆستی دێرینی هەستمە
بزەی سابڵاخ... سۆزی ئای ئای
دەسگیرانی گیانی گیانی...
(چوار چرا)یە و مەبەستمە.
*
منیش وەک تۆ، وەک (وەفایی)
وەک ئاشقێکی ئاسایی
چاوەڕێ ی شیرینم دەکەم
شیرینی من...
بەخولی دۆڵی ڕەشی چاو...
قژی زامی گوڵ دەڕێسێ
شلکەی ڕانی..
پەنجەکانی
گیانی سەرمای پڕ لەژانی
لەتەونی شۆڕش دەپرسێ
بەتەشی ی پێڵووی چیاکان
شیرین تیشکی خۆر دەڕێسێ
خەڵکی گوندی ..لەپۆشاک و نان دەپرسێ
*
ئەی هونەرمەند...
گوندی گەرووی هەناسەی تۆ
لەقەد پاڵی چیای دڵی من... لەسووتانە
گوڵەکانی... باخی مەستی، سۆزی قووڵت
لەناو چەپکی غەریبیما... بەندە لە نیوەی ئینجانە
کاکە مەزهەر...
چاوەڕێی کام تەشی ڕستن لە شیرینی دەنگت دەکەی
کام لای لایە دەهۆنیەوە
کامە گریان...
لە دایکی کۆرپە کوژراوا... دەسێنیەوە
*
کاکە مەزهەر...
لەو شیرینەی کە خۆشمەوێ
چاوەڕێی کام تەشی ڕستنی لێبکەم!
دەمێکە شیرین دەمناسێ
نازی چاوی..لەئاگرۆکەی کاروانی ڕێگا ناکەوێ
دەمێکە شیرین دەمناسێ
تەشی ی سوور و قژی گزنگی بۆ دەبەم
کاکە مەزهەر... سەیرە باسی شیرین دەکەی
شیرین من و وەفایی شاعیر دەیناسین
خۆشم دەوێ... ئەو دەزانێ
چ تەبارەی ئازارێکم، داوەتە بەر دەمی داسێ
شیرین تەنیا من دەناسێ
*
کاکە مەزهەر...
لەناو گەلی گەرووی تۆدا، گەر دەنگ دەبووم
لافاوی سووری بەهاران، نەبوومایە
لەرەی خوڕەی خۆم دەبڕی
لەکوێستانی گەرووی تۆدا... گەر زستان بام
بەگڕی شوانکارەی هەژار...
فرمێسکی چیاکانم دەسڕی.
*
ئەی هونەرمەند... لە هەڵسانی بەندەکانت
شیرین باوشم پیا دەکاو...
هێشتا هەوری خۆشەویستی ی...
بەسەر کێڵگەی غەریبی گیان نەباریوە
منیش لێرە... باوەش لەشیرین دەگرم و...
هێشتا هێزی، دەست بەسەری دەنگی دوورم
لەبێتەلی (ئامۆزا گیان)...
لە تۆمارگەی (کەمەرە شلا)نەمەییەوە.
*
شیرینی من هەردوو کوڵمەکانی سوورە
بێریڤانی ژانی گوندی دەم سنوورە
بەرهەڵبێنەی چەرمی سەری شەهیدانە
مارەبڕی... ڕزگاربوونی کوردستانە