شاعیرێکم

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  1004 مشاهده
پیرەژنێ بام... لە منداڵدانی ژانی ڕق
منداڵێکی گێڕم بوایە
وەکو نوقڵی بەراتی خەم.
پێنووسەکان..
بەدەم ڕۆژنامە زەردەکان
وێنەکەمیان دەکرد بە پەند
پزیشکەکان... ئەم مناڵە ساوایەمیان لە خۆم دەسەند
کەچی ئەمڕۆ، شاعیرێکم... لە منداڵدانی مێشکی دڵ
شعری برسی و تێنووم دەبێ
پێنووسە چاو ڕژاوەکان... نانێ نادەن بە وشەی گوڵ
کوێر و مردوون
بۆیە تا دێ... بەچکە گڕی هەڵچووم دەبێ
*
جومبازێ بام، لە سەر پەتی یاری شەوا
چاوی بازدانم کوێر بایە
هەناسەی خەم، چەپڵەی سەرسام
نەک ڕۆژنامە... هەزاران کەس لە ناو دڵی خۆیان دەنام
کەچی ئەمڕۆ، شاعیرێکم
جومبازی پەتی ئازارم
کلیلی جێ ی نانم لایە
هاواری چەوساوەکانی، ناڵەی شارم
بەڵام لەناو گۆڤارەکان.
باسی ئێمە، زامی ئێمە، نووزەی نایە
*
زگتێرێ بام... باسم دەکرا
هیتلەرێ بام، سوپاسم دەکرا
دیارە منیش شاعیرێکم
لە ناو دەنگی ئاگرینما... خۆڵەمێشم
شاعیرێکم... لە ناو لوولەی تفەنگێکا
هەناسەی ژینی ڕزگاری، هەڵ دەکێشم.
(لە ڕۆژنامەکانی خۆمان، لە ئێستگەکانی بێگانە زۆر شتم لێک دەدایەوە و بە بەراورد نەدەگەیشتە تۆسکاڵی مەسەلەی ئێمە کە لە بەندیخانە دەست بەستەین..هەموو کەس لە سەریانا، هەڵدەدەنێ...}
٢٠/٩/١٩٧٧