ژانی شۆڕشی سبەینێ

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  1035 مشاهده
لە دوێنێوە... وا دەپرسم
کەی خۆر هەڵدێ، لە چاوی تۆ
هاتم، هاتووم...
کەی بیابانی من ماچ دەکا
کەی ڕێی دووری دڵم دەبڕێ
کەی دێ...
بێ و تینوێتی ی گەروی ژینی من ماچ بکا؟
*
سەرگوزشتەی مناڵێ بووم
لە باراشی خەمی ئەمڕۆ...
گەڕام ،گەڕام...
کە دیتمەوە...
بۆم بار نەکرا... بۆم لێ نەکرا...
ئاوڕم داوە... ئاشەوانێک هاتە فریام
سەرگوزشتەی مناڵێ بووم
دیتم شوانێک..
لەناو گەرووی تفەنگی سوارا
خەوی دەهات...
زۆر نەمابوو، ڕانە مەڕێک.
لە پاوانی مردن ڕاخات.
مناڵێ بووم...
لە کۆریتی هەژاریدا... دەنگێکم بیست
گریانم بیست... هاوارم بیست
شەو تێپەڕی، ڕۆژ تێپەڕی... خەوم نەهات
تومەز کچ و کوڕی خەبات
یەکیان دەویست...
ژەهری دوژمن... نەیتوانیبوو لێکیان بکات
*
سەرگوزەشتەی مناڵێ بووم
بە دەزووی کۆلارەی ئاشتی
هەڵگەڕامە، سەر قۆنداغی، کێوی ئارام
کە سەیرم کرد...
تا ئاگریش... لە جیاتی نەوت
بڵێسەکەی هەر خوێناوە
کە گێڕامەوە، بۆ دایکم
وتم: دایە برژانگی مێژووی چەند ساڵەم
لە ناو زامی کۆترێکی دەنووک سوورا..هەڵهێناوە
*
سەرگوزشتەی هەژارێ بووم
لە تینوێتی ی گەرووی چرای تارم پرسی: بۆ بێ ئاوی
وتی: ئاخر ڕوبارەکان پڕ لە زێروون.
لە ئافرەتی ناو کەلاوەی ژانم پرسی: بۆ بێ پیاوی؟
وتی: هێشتا کەس نەیخواستووم
لە دڵداریم نەگەیشتوون.
سەرگوزشتەی مناڵێ بووم:
لە ڕۆشنایی چاوم پرسی: بۆ بێ پشووی
وتی: هەرچی من دەی بێنم وا چەوساوەن
لە ماندوێتی قاچم پرسی: تۆ بۆ ماندووی؟
وتی: هەندێ... زۆر حەساوەن.
زەنگی دڵی کاروانی خۆر هێشتا ماتە
باستیلی شار... سپارتاکۆسی تێدا قاتە
*
هاتم هاتم،
ئەمڕۆ لە ژێر سێبەری زام
ئێمەی بەچکەی مێژووی ناکام
چۆن ڕزگار بین پرسیارمانە
پرسیاری کورد یەکجار زۆرە
وەڵامەکەی...
لە بەهاری کوردستانی ڕزگارایە
لە تێربوونی زگی برسیی هەژارایە.
(لە میهرەجانێک لە کەرکوک بە بۆنەی ١٦ی ئاب سازکرا. شاعیرانی شارەکانی کوردستان بەشدار بوون، خوێندرایەوە.}