پێکەنینێک.. لە باوەشی گریانا

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  787 مشاهده
چاوێکی تیژ... لە ژێر چاوێلکەی بەردەسێڵ
بیر بە نینۆک هەڵدەکەنێ.
بە قاندرمەی قەڵاتی کورد هەڵدەگەڕێ و...
بۆ داهاتووی چاوی خوێنین، پێدەکەنێ.
لە ڕاپۆرتی ئارەق ڕێژێکا نووسرابوو:
هەرچی بڵێم تەمی هەوا دەی قۆستەوە
تەرازووی شەو... بەدوامەوە
خۆی دەکێشێ.
بلدۆزەری سەرەتای سوور
دەیان قۆرتی دێتە پێشێ.
هەرچی بڵێم، وەک بولبولێ
دەخرێتە ناو قەفەسێکی خەمی بێدەنگ
بۆیە هێشتا..
مستەکۆڵەی... هەستی ڕەنجی تروسکەی شەنگ
لە کاڵانی گڕی خۆرا هەڵناکێشم
لە ڕاپۆرتی ئارەق ڕێژێکا نووسرابوو:
هەرچی بڵێم:
لە مزگەوتا... لە دیوەخانی گریانا
کۆترێکە... هەڵگرسێنی گڕی... شڕی
بە بیر هاتووی... ئەهریمەنی لانسی خەوە
ناڵێم، (ناڵێم)!! تا بە ژانی خۆم دەتەقم
زامی بێدەنگ...
سواخی ژووری دەنووکی جەنگ.
وتی: ئەی سواری ئامادە... پێشمان کەوە
فریای شۆخی... ئەو گیان بەخوێنانە کەوە
*
بیر هەڵکەنێکی زۆر تینوو...
لە قووڵایی ناخی برسی
دڵ بزوێنی کارێزێکە
باخچەکانی سەوڵی دەریا... ڕقی گوڵەکانی وشکە
کۆرپەی ڕەگی کێوی ئاوات...
هەر تامەزرۆی ئامێزێکە... ئامێزێکە.
نان برسییە... چونکە لە سەر خوانی ڕەنجی هەژار دوورە
ئاو تینووە... چونکە ئاوی زێراب... (ئاوە).!!
خەم دڵخۆشە... کراسی بێدەنگی سوورە
هەڵمی ماندوو بەئاواتە...
لە جێگەی شەو ئاڵای سبەینە هەڵواسێ
لە عەردی ڕەنج گەنمی بەرهەم بدورتەوە
بە ئاواتە... دڵدارەکانی ئارەقەی دڵ بناسێ
هەڵمی ماندوو
بێبارانە... دەمی داسی بێ بەرهەمە
زەوییەکانی، باوەڕی گەل
نایانەوێ،. شین بێتەوە، دڕکی چیلکەی ئەم ستەمە
کامێراکەی چاوی ماندوو...
جارێکی تر وا بە «تیشک» سینگی هەمووان دەپشکنێ
جارێکی تر... وێنەکانمان...
لە گەرۆمەی ئاوڕی دوور دەشواتەوە
وەکو دەریا...
ئاوی جۆگە و ڕووبارەکان... دەخواتەوە