کێ لەسەربەرزی بەتەمەنترە

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 3 دقیقه  1160 مشاهده
گوڵی خۆزگە...
چۆن بۆ چڵی داری ژیانی دەگەڕێ
یا چۆن سەعات قورمیشی خۆی لێ ون بووە و
ئارەقەی دواکەوتن دەسڕێ.
گیانە منیش وێڵی چاوتم...
سەد ئەوەندە لێت دەگەڕێم
*
بەفری لوتکەی خەمی ئاسمان... لە بارانی خۆی دەترسێ
شەوی ئەمڕۆش لە سبەینەی بەهارانی خۆی دەترسێ
منی گڕیش... بە خۆشەویستی تۆ هەڵبووم
لەوەتی هەم... خوێنی دڵ لە بۆریەکانی خۆی دەپرسێ.
خۆشەویستم... گوللە و برین دۆستی یەکن
گریە و خۆشیش... ژان و ناڵە و هەستی یەکن
پێکەنینی لێوی وشک... دەڕژێتە ناو...
چاوی گریاو...
خۆشەویستم بوویتە مەکۆی...
ویژدانێکی لەخەو هەڵساو
ڕەنگە وشەی خۆشەویستی
لای هەندێ کەس چاک سوایە
گیانە... نازی خۆشەویستیت
گەر هێز نەبێ نووزەی نایە.
*
با کیژۆڵەکان بزانن...
من خۆشەویستێکم هەیە
هەموو ڕۆژێ... لە سەر شەقامی ڕووی چەقۆ
ماچم دەکا، ماچی دەکەم
لە بەرزایی ئەستێرە و خۆر... هەژار پەرستێکم هەیە
لە باوەشیا... بێچوە ئاگرێ هەڵدێنم
لەسەر مێزی جۆخینی ڕق... گەرووی خوڕین دەنووسێنم
دەیپەرستم... دەمپەرەستێ
***
با ئافرەتەکان بزانن
زۆر لەمێژە... هەناسەی ژینی بێزارم
خۆزگەخوازی هەوای پاکە
زۆر لەمێژە... ڕێگەی خۆشەویستیم تاکە
چەنگەڵی پڕ...
گوند و چیای بە بۆمبا سڕ
بەستەیەکە... سروودێکە...
هەر ماندویەک خەوتن نەبێ چاری ناکا
هەر شۆڕشێک... گوللە نەبێ باری ناکا
*
گیانە... گیانە... وەرە بڕۆین...
ئایا ئاگر، دێتە بیری، پێچە و عەبا بسووتێنێ.
ئایا خەنجەر دێتە بیری، پەتی خنکان بقرتێنێ؟
ئەی چیاکان...
ئایا ڕووبار لە ترسانا، چیتر بەرەو هەوراز دەڕوا؟
ئەی جوتیاران... ئەی هەژاران
تا کەی ئاغا، تەلارەکەی بە ئارەقەی ئێوە بشوا.
خەمەکانمان وا دەپرسن
ئایا ئایا خوێنەکانمان، شەهیدانیان لە بیر ماوە؟
هەتیوەکان... باوکەکانیان لە بیر ماوە؟
لە سەر شەقامی ڕووی چەقۆ
خۆشەویستم کاتێ خێرا ماچم کردی
گەر بپرسم
ئایا ئایا، تۆش موچڕکی لێوی منت لە بیر ماوە
هاوڕێکانم وەرن بڕۆین...
بەرەو ئاهەنگ...
ئەو ئاهەنگەی... سەرگوزشتەی سواڵکەرەکان تۆمار دەکا
بۆ ئاهەنگێ... شانۆگەری مەیدانی کار، لە شاعیرانا بار دەکا
خۆشەویستم...
لە نامەکەت.. زەنگوڵی شەو بەچکەی موژدەم هەڵدەسێنێ
بۆن باروودی نامەی دەرزن
شاد بوونەوەی ناو قەفەسی شاری ئەنجن
هاوار دەکەن...
تەلاری سەربەرزی کۆمەڵ، هەژار نەبێ بەرزی ناکا
(ڕزگاری گەل) خۆڕاییش بێ...
(پیسکەی تەڕپیر) قەرزی ناکا.
*
لە کاتێکا، کە ئاگرمان دەکردەوە
دەستی لافاو... نامەکەی تۆی پێ گەیاندم
کە تەلەفزیۆنم کردەوە
گریانەکەت... چیرۆکێکی دڵسۆزانەی بۆ نواندم
ئەرێ گیانە
ئەرێ گیانە...
ئیتر نامەم بۆ مەنێرە
پوولی پۆستە نامەکانمان دەپشکنێ
سندووقی سوور...
گۆڕی مردن... بۆ وشەی جوان هەڵدەکەنێ
ئیتر نامەم بۆ مەنێرە...
بە ڕێگەی کۆن بۆم مەنێرە...
تا دێمە لات... یا تۆ بۆخۆت دێ یتە ئێرە