چوار دیاری مەزن

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 1 دقیقه  1031 مشاهده
-١-
یەکەم دیاری
مشتێ خوێنی چاوی قازی و
دڵی «خولە» ی پڕ لە بخوور
مەشخەڵێکی بڵێسە سوور
بەوایەری دەماری گەل
هەڵدەگیرسێ
لە بیری نەوت
لە روباری خوێن دەپرسێ
-٢-
دووەم دیاری (تابلۆیەکە)
بازووی هەژار...
زگ برسییەکانی یەکگرتوو
وەک چەپکە تیشکی دەم کەلی
چاوی زیندوو
بە ملوانکەی ئارەقە و خوێن.
شەتەک دراوە
چاوی دەوێ بیر بناسێ
لە کوردستان...
ئەم ملوانکەیە هەڵواسێ
-٣-
سێیەم دیاری (یادگارە...)
یادگاری نووچی شۆڕش: مۆسیقایە
لە ژێر تیشکی گوللە و تفەنگ
لە سەر لاشەی چەوسێنەراندا هەرایە
سروودی جەنگ
دەنگ خۆشێکی دڕی دەوێ
تا لەبێژەی..
ئاوازی شۆڕش سەرکەوێ
-٤-
چوارەم دیاریم (ڕزگاری)یە:
ئەی ئافرەتی دایکی چاو سوور
بۆ تۆ ، دیاریم هێنا، لە دوور
گیانی (ڤالنتینا) و (خانزاد)
دوو باڵی زێڕینی ئازاد
تا لە دوورگەی دیلی ژیان
ئازا بفڕێ...
تا فرمێسکی
چەوسانەوەی پێشوو بسڕێ