خۆشەویستی یەکی گەرم

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  1222 مشاهده
ئەی مۆمی تامەزرۆی هەستم
خۆشەویستم
تا تۆم نەدیت، تۆم خۆش نەویست
نە پێکەنین، نە گریانم نەدەزانی
تا ئاوازی وشەی خۆشەویستیم نەبیست
نەکەوتمە ناو.. گیانی هیوای کامەرانی
*
خۆشەویستم
ئەی مۆمی تامەزرۆی هەستم
تا تۆم نەدیت تۆم خۆشنەویست
خوڕەی ڕووباری دڵداریم نەهاتە هۆش
ژانی دڵم، وەکو هێزی هەڵمی خوێنین
لەئالەتی ژیانی نوێ نەهاتە جۆش
تا تۆم نەدی...
بەراوردی خۆمم نەکرد، لەگەڵ مردی
تا تۆم نەدی.. بۆ ساڵی بێ بارانی چووی
گریانی وەک مناڵانم لەخۆم نەبیست
تا تۆم نەدی، بۆ خۆشی خۆر، ڕووناکی ڕووی
پێکەنینی مناڵانم لە خۆم نەبیست
*
تا تۆم نەویست، خۆشەویستم
نەمدەزانی، هێلانەکەم ساردوسڕە
نەمدەزانی... باوکم دەرهەق دەستگیرانم
بۆ خوازبێنی لات و کڕە.
*
خۆشەویستم
ئەی مۆمی تامەزرۆی هەستم
ئەو خۆشەویستییەی کە هەم بوو
هەڵەنەبووی دورگەی خەم بوو
نەمدەزانی کە پێویستیم بەخۆم هەیە
نەمدەزانی کە پێویستم بە گەل هەیە!
پێویستیمان...
بە پردی سەر جۆگەی خوێنی دەم کەل هەیە
*
نەمدەزانی... لە بازاری ئاڵۆزکاوا
پێویستیمان بە تۆ هەیە
نەمدەزانی وادوژمنی خۆشەویستیم
لە ڕێی سەختی ئاسۆ هەیە
*
ئەی مۆمی تامەزرۆی هەستم
تا سەودای نیازی تۆم نەبوو
لە تاریکی خەمی شەوا...
نەک هەر مەشخەڵ... تا مۆم نەبوو
*
هەتا دوربوم لەو کاروانەی بۆ خۆر دەچوو
بۆ گریانی... ماڵوێرانی نەموت پەککوو
تا تۆم نەدی...
بەراوردی خەڵکم نەکرد، لەگەڵ مردی
تا تۆم نەویست
نەمدەزانی پەرگەندە بم
نەمدەزانی... قوربانی ئەم مەڵبەندە بم
نەمدەزانی داوای مافی ژیان بکەم
نەمدەزانی.
فەرتەنەکەی (چینی میللی)و (ڤیتنام) هەڵکەم
*
تا تۆم نەویست
گوندی دیلیم نەبینی بوو
خۆشەویستیم ئەڤینی بوو
تا تۆم نەویست، نەرەی ئاغەم نەبیستبوو
ڕۆژی شۆڕش...
وا بەزوویی... هەڵهاتنی نەویستبوو
*
خۆشەویستم
ئەی مۆمی تامەزرۆی هەستم
وشەی گەرمت
نەخشەی ژینی پێشووی دڕیم
لەمەنجەنیقی تۆی ئازیز
بە ناو هەژارانا فڕیم
دڵگیر مەبە... هێزی باڵی بێئارامیم
بەخۆشەویستی تۆ کڕیم.