تیشکێ بۆ سەر هەڵوێستەکانمان

از کتاب:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
اثر:
جمیل رنجبر (1949-1980)
 2 دقیقه  1131 مشاهده
خۆشتدەوێم
خۆشەویستیت، یاسایێکە
خۆشەویستیت سنوورێکە
دەبێ من تیای دەس بەسەر بم
لەئازاری دڵیش نەدوێم
خۆشتدەوێم، گەر لە دەفری یاسای تۆ بم
لە چوار دیواری ماڵێکا
وەک شەوی تۆ، وەک ڕۆژی تۆ
فریشتەی دەس لەئەژنۆ بم
خۆشتدەوێم، لەگەڵتا بم
چاوی برسیت لە چاوما بێ
خۆشتدەوێم، شاعیرێ بم
گڕی وشەی خۆشەویستیت
لە قووڵایی هەناوما بێ
*
خۆشت دەوێم، خۆشت دەوێم
بەڵام گیانە..لەسەر ئەوەش تۆ دەتەوێ
مەلی وتەی جوانەمەرگم
لە کودیلەی دەنگی دزا، لات بخەوێ!
تۆ دەتەوێ شاعیریتیم... ئەوەنەبێ ناوم بێنن
دەستەی کچان، هۆنراوەکانم بدوێنن
تۆ دەتەوێ کەس نەمناسێ
نەوەک ئاخم بۆ هەڵکێشن
نەوەک نامەم بۆ بنێرن
نەوەک دیاریم بۆ بسپێرن
*
خۆشەویستم، تۆ دەتەوێ
سۆزی ئەندێشەی پەیکەرت بمخواتەوە
گیانی گەورەم، لەبوخچەی بەستراوی چاوت
تا بەیانی... بە ئەندێشە...
دەرگەی ئاسۆ بکاتەوە
خۆشەویستم...
تۆ دەتەوێ وەک شاعیرەکانی پێشوو
کەرامەتم بگۆڕمەوە، بە ماچی ڕوو
تۆ دەتەوێ، کۆڵهەڵگری نازی تۆ بم
تۆ دەتەوێ... سواڵکەری ئاوازی تۆ بم
*
خۆشەویستم...
خۆشەویستیم، لە دڵۆپی فرمێسکایە
لە برژانگ و قژی ڕەش و لە بسکایە
خۆشەویستیم... لەگەڵ وشەی هۆنراوەما
لە نێو دەریای خرپنیتا، واخنکایە
خۆشەویستم... خۆشەویستیت، پەیمانێکە
سواری ئەسپی مێژوو بووە، لەگوێ ی چەمێ
گرەو لەگەڵ شەپۆل دەکا
بڕوای چاوی جیهانێکە...
هەر دەتگەمێ، هەر دەتگەمێ
لە ژمارە «١»ی ساڵی ٣ی گۆڤاری هەولێر بڵاو کرایەوە}