ئەی پەیکی خۆش خەبەر
از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکهیی (1875-1945)
2 دقیقه
858 مشاهده
ئەی پەیکی خۆشخەبەر بە فیدات بم ئەتۆ وەرە
خۆت ئەم قەسیدە کوردییە بۆ موهتەدی بەرە
ئاشی گوڵانە مەنزڵی یانی لەبەر گوڵان
قوتر و موحیت و میحوەر و قوتبی موعەتتەرە
تا چاو هەتەر دەکات و هەتا دڵ دەڵێ بەسە
باغ و درەخت و عەرعەر و سەرو و سنەوبەرە
خەمڵیوە سەرزەمینی بە خونچەی گوڵ ئاتەشی
ئاوی لەتیفە سافە، هەوای عەترپەروەرە
فەڕشی زوموڕڕودی گوڵی زەرد و سوور و ئاڵ
تێکەڵ بووە دەڵێی تەبەقی عوود و مەجمەرە
وەک خێوەتی گوڵانە هەموو باغ و چیمەنی
دامێنی کێوی ئەتڵەس و دیبا و مەخمەرە
نێرگس بە چاوی مەستەوە سوێسن بە سەد زبان
مەشغووڵی زیکر و فیکری خوداوەندی ئەکبەرە
گەردنکەچە وەنەوشە گوڵ و بەرگی نەستەرەن
گوڵی یاسەمەن بە دارەوە وەک میشک و عەنبەرە
شەونەم لە چێهرەیی گوڵی مینا و ئەتڵەسی
باریوە دانەی کە دەڵێی دوڕڕ و گەوهەرە
وەک من مەلوولە لالە بە داغی فیراقەوە
سونبول بڵاو و خاوە دەڵێی زولفی دولبەرە
گریانی گوڵی شللێرە ببینە عەزیزەکەم
فرمێسکی چاوی بە هەوری ئاوی موقەتتەرە
ئەسڵ و ئەساس و عونسوری قەسر و عیماڕەتی
عیزز و شەهامەت و شەڕەف و عیلم و جەوهەرە
سەتحی حەساری مەزهەری ئایاتی جەننەتە
ئاوە، درەخت و میوە و سەوزەڵان و سێبەرە
هەر وەک نەعیمی ڕەوزەیی ڕیزوانە نیعمەتی
بێ موزد و ڕەنج و میننەت و بێ ئەجر و کەیفەرە
عەرزی بکە لە قەولی من ئاغایی موهتەدی
ئەم دەورە زیندەگانییە وەک مەوتی ئەسفەرە
ئەو ڕۆژە کە فەسڵی خسوومات و داوەری
ڕاجیع بە حوکمی یاوەرە قانوونی داوەرە
حاڵی مەلا لە حاڵەتی هەمزە خرابترە
یەک ئالەتێکە بێ عەمەل ئەمما موسەددەرە
لەو ڕۆژەوە بە دەس ئوسوولی موحاکمات
ئیبنوحەجەر حەناجیری مەجرووحی خەنجەرە
بێ شک و شوبهە خۆشترە مردن لە زیندەگی
بۆ ئەو کەسەی کە ساحیبی میحراب و مینبەرە
تێفکرە کوللی جینس و مەتاعێک بە قیمەتە
حەتتا بە چەند موقابیلی سابیق بەرابەرە
جوز مێزەر و عەبا کە ئەوڕۆ مەعەلئەسەف
سەد مەن مەلا بە قییمەتی یەک مەن چەوەندەرە
مەنعم مەکەن لەوەی کە سەراسەر قەسیدەکەم
تەعریفی دەردی خۆم و کەماڵاتی سەروەرە