سێڵاوی مەهاباد
از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکهیی (1875-1945)
6 دقیقه
916 مشاهده
تەلەیفوونێکی ڕووحانی بکەم بۆ لای حەسەنزادە
دەڵێن شەخسێکی عالی هیممەت و خۆش تەبع و ئازادە
لە ئەم ڕۆژانەدا ئەو شارە وا پەرت و پەرێشانە
ئەگەر پیاو بشمرێ کەس لوقمە نانێکی بە کەس نادا
شەوی دۆینێ بە دڵتەنگی گەلێ فکر و خەیاڵم کرد
خودا بۆ کوێ بڕۆم لای کێ بەرم ئەم داد و بێدادە
بە هەر کووچە و مەحەللێکدا دەڕۆم هەر شین و گریانە
کە گوێ دەگرم هەموو هەر شیوەن و هەیها و هەی دادە
هەزار حەیف و هەزار ئەفسووسە بۆ ئەم شارە ڕەنگینە
کە قابیل بوو ببێتە مەرکەزی هەر شا و شازادە
عیمارات و قسوور و باغ و باغات و گوڵستانی
هەزار سوێندت دەخوارد دەتکوت بەهەشتی باغی شەددادە
موغازە و قەیسەری و دوکان و حوجرەی وا موجەللەل بوو
وەکوو قەسرێ کە بۆ قەیسەر کرابێ ساز و ئامادە
لەبەر پارچەی حەریری زەرد و سوور و ئەتڵەس و زەڕڕی
بە ڕەنگی سەوز و ئاڵ و کەسک و شین میشکی و سادە
فتوورەی پڕ فتووری ڕووس و ژاپۆن و بەریتانی
مەتاعی هیندی و ماڵی فەڕەنگ و چین و کانادە
بە یەک ئەندازە ڕەنگین و موزەییەن بوو کە پێت وابوو
نموونەی ئیسکیلەی بەیرووت و شام و بەغدادە
لە شەرحی ئیقتیدار و سەروەتی ئەعیان و توججاری
قەڵەم هەرچی بنووسێ یا نە سیفرە یا نە ئاحادە
لە گۆشەی پەنجەرەی شووشەی لەتیف و قەسری کافووری
نمایشیان دەدا خانم وەکوو حۆری و پەریزادە
وەکوو پارچەی تەڵا سەر تا قەدەم یەکسەر مورەسسەع بوو
بە لەعل و گەوهەر و پیرۆزە و ئەڵماس و بیجادە
لە خانم دەم زەدەن لەو وەختەدا زۆر عەیبە ئەی شاعیر
خسووس بۆ شاعیری وەک تۆ ڕزیو و پیر و ئوفتادە
بەڵێ با بێینەوە سەر باسی ئەهلی شار و بازاڕی
چ بەققاڵ و چ حەمماڵ تا بە چەرچی و پینەچیزادە
هەموو جومعە و شەوی سێشەمبە حەتمەن هەر پڵاوخۆر بوون
ئەگەر نەیخواردبا پێی وا بوو عەیب و نەقس و ئیرادە
یەقینەن دەوڵەتی زۆر مەنشەئی توغیانی ئینسانە
خسووس بۆ ئەو کەسانەی تازە کۆڕ و تازە ئیجادە
کە ئیستیغنای موجەڕڕەد بێ لە تەوفیقاتی یەزدانی
فەقەت کیبر و غرووری مەحزە، گاهێ کوفر و ئیلحادە
لەبەر کوفرانی نیعمەت یا لەبەر عیشق و موحیببەت بوو
لەگەڵ دنیا وەکوو زاهید لەگەڵ تەسبیح و سەججادە
کە ئایەی «ان شكرتمعربی» یان فەرامۆش کرد خودا فەرمووی
جەزای شەرتی «كفرتمعربی» مونتەزیر بن هەر لە دنیادا
لە تەئریخی هەزار و سێسەد و سێ پێنجی شەمسیدا
بە ڕۆژی جومعە دوازدەی جیمی ئەووەل، نۆیی موردادا
لە هەوری قودرەتی باری قەریبی نیو سەعات باری
چ بارانێک؟ نە بارانێ کە وا مەعهوود و موعتادە
موبەددەل بوو بە چەندین سانیە ئەوسافی بارانی
بە یەک دەریایی عوممانی کە هیچ تاریخ نیشان نادا
خوداوەندا چ تۆفانێکە وا بێ عاتیفە و ڕوحمە
خوداوەندا چ سێڵاوێکە ئەم سێڵاوە بێدادە
لها موج ینادی قائلا یا ایها الغافل
فقوموا و انضروا لاتجعلوالله اندادا
ئەساس و قاعیدەی قەسر و قسووری سافی بللووری
کە وەک سەددی سکەندەر وابوو دەتکوت سەنگ و فوولادە
ئەوەی دەیهاتە پێش هەر دەیڕفاند و لایدەدا و دەیبرد
لە حەیوان و جیمادات و نەبات و ئادەمیزادە
بە مەوجی ئەووەڵی دەیبردە ئەوجی ڕەفعەت و عیززەت
لە مەوجی دووهەمیدا گوم دەبوو وەک دوڕ لە دەریادا
لە پاش تاڵانی نێو شاری هجوومی بردە بازاڕی
بە زیدی شوغڵی میعماری کە داوێنی بە لادا دا
موحیتی دایرەی دوکان و بازاڕی بە ئاسانی
بە سەتح و سەقف و سەربانی خولی پێدا قولی بادا
بە موددەی چەند دەقیقە تێکی وەردا ئاوی تێوەردا
هەزار تۆپ ئەتڵەس و زەڕڕی هەمووی برد و بە ئاو دادا
بە یەک دوو حەملە وای تێکدا سەر و ژێری وەها لێکدا
کە هیچ فەرقی نەما بازاڕ و کووچە و شاریع و جادە
لە مەسکووکاتی ئێرانی لە لیرەی سیککە عوسمانی
لە یەغدان و لە میجری و مەحفەزە و سندووقی پۆڵادا
لە زێڕ و زێو و نەغدینە، لە گەنج و ماڵی زێڕینە
ئەوەی لەو شارەدا مابێ فەقەت ئیسمی مەهابادە
هەمووی برد و بناوی کرد، پەرێشان و بڵاوی کرد
بە نیو ساعەت چەپاوی کرد و ڕۆیی ئەو فرستادە
چ ڕۆژێکە؟ لە لایێک گرمەگرمی هەور و ناڵەی با
لە لایێک شیوەن و گریان و قوڕپێوان و فەریادە
لەبەر لاشەی جەنازەی ئادەمی و ئەقسامی حەیوانات
خەیاڵ دەکرا کە یەومی نەفخی سوورە و حەشری ئەجسادە
لەبەر حوزن و تەئەسسوف ئەو قەسیدەم بۆ تەواو نابێ
تەبیعەت گەرچی سەرشارە و قەریحەش گەرچی ئوستادە
نە من تەنها پەرێشانم، هەموو کەس مات و غەمگینە
ئەوەی مەسروور و دڵشادە، فەقەت حەسساد و گەووادە
تراهم منذ ذاك اليوم يوحي بعضهم بعضاعربی
سمێڵ بابڕ بە کەیفی خۆت سمێڵی خۆتی لێ بادە
ئەوانەی دوێ شەوێ ساحیب مجۆعمە و سفرە بوون، ئەوڕۆ
هەموو غەمگیندڵ و بێ تووشە و بێ نان و بێ زادە
گەلێ کەس لەو کەسانەی ساحیبی قەسری موشەیید بوون
لە یەک مەخرووبەدا موحتاجی یەک قۆشە و پەنابادە
بە یەک گۆشە و کەنار و زاویە، مەمنوون و مەسروورە
بە ئەقسامی زەوایا مونفەریج یا قائیمە و حادە
ئەوانەی پاروو نانێکیان هەیە، موحتاج بە دوونانن
ئەوەی موحتاج بە دوو نان، بۆتە ساحیب کەوڵ و لەببادە
وەکوو فەیئە و غەنیمەت بوو مەتاعی مفت و بێ قیمەت
دەیانهێنا بە بێ زەحمەت بە بار و کۆڵ و عەڕڕادە
لەبۆ یەک تۆپە چیت بوو خۆی دەخستە چۆم و بن گۆمێ
ئەوەی خەڵکی دەیانکووت ئەهلی زیکر و فیکر و ئەوڕادە
بە لێشاوی دەهێنا، ماڵی ئاوبردەی مسوڵمانان
لە لاشی وابوو سەرکردە و ڕەئیسی جەیشی زوههادە
کە دەتکووت چت لە چیت داوە حەرامە پیسە مردارە
دەیانکوت نیعمەتێکە مفت و ماڵێکی خودا دادە
بە چاوی عەقڵ و عیبڕەت گەر کەسێ بێتوو تەماشا کا
دەزانێ دەوڵەتی دنیا وەکوو دنیا هەمووی بادە
کە وایە چاوەکەم مەغروور مەبە بەو دەوڵەت و ماڵە
یەقینە دوژمنە بۆ ئێمە ئەم ئەموال و ئەولادە
مەڵێن هەر کەس لە دنیا مالیکی دینار و درهەم بێ
لە لا سەر دادەنیشێ وەک لە دنیا، واش لەعوقبادا
بەبێ شک دەوڵەمەندی باعیسی خوسران و عیسیانە
ئەگەر بێتو سەرف نەکرێ لە ڕێگەی هەقتەعالادا
مەقامی تۆ نییە وەعز و نەسیحەت شاعیری سووتاو
وەکوو پەروانە بۆ دنیا بڕۆ لەم خەڵکە خۆت لا دە
شیعار و مەسلەکی ئەشعاری تۆ تەنقید و تەمجیدە
بە کارت نایە ئەم مەیدانە ئەسپی خۆت لەوێ لا دە