مەقالات و بۆڵەبۆڵ
از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکهیی (1875-1945)
2 دقیقه
1007 مشاهده
شاعیر عوموومی کەوتنە مەقالات و بۆڵەبۆڵ
مەدحی وەتەن دەکەن بە قەسیدەی شڕ و شڕۆڵ
تەعریف دەکەن لە میللەتی کوردی بە سەد زبان
پاک بوونە چاوەشێکی بێ دمبەگ و دەهۆڵ
کوردیش چ کوردە میللەتی خۆخۆرە پێکەوە
بۆ گیان و ماڵی یەکتری سمکۆڵ دەکەن لە خۆڵ
دێو و درنج و ورچ و بەراز و ڕێوی و چەقەڵ
کوێر و شەل و کەڕ و کەچەڵ و گۆج و گێڕ و گۆڵ
یەعنی گەورک و مەنگوڕ و پیران و کاڵەموو
زەرزا و شکاک و مامەش و هەرکی سەگی گەڕۆڵ
بۆ ماڵی موکری هاتنە سەما و ڕەقس و پێکەنین
بەربوونە گرمەگرم و چەق و لوور و گۆڵەگۆڵ
وەک گورگی هار و برسی بڵاو بوون لە دەشت و دەر
دەخولێنەوە هەموو خڕ و ئەشکەوت و شیو و دۆڵ
بۆ کاڵە کۆن و ناڵە شکاوێ فڕێ دەدەن
خۆیان لە بەحر و ئاور و ژێر ئەرزی چاڵ و چۆڵ
پووڵ و ئەساس و دەوڵەت و ماڵی نە کەم نە زۆر
هیچیان نەهێشت و بۆمە نەما غەیری خاک و خۆڵ
عێلات کە ڕووی ڕەشە لە شەرەف پاکی بێبەشە
ئەمما بڵێن بە خان و خەوانین و میر و قۆڵ
تاکەی وەتاغی بەرز و ژنی تەرز و تەرکی فەڕز
لێتان حەرام بێ سوحبەتی خاتوونی نەرم و نۆڵ
سەرتان کە سازە هەر یەکە ئاوازێ لێدەدا
پاک ساحیبی تفەنگ و سوپا و تیپ و جاە و جۆڵ
ئاوەڵکراسی کیژ و کچ و خانمی وەتەن
دایانڕنین ئەوان دە سەبابانی قوون تڕۆڵ
سابڵاغیی دەست و پێ بەخەنەی قەت هەتاو نەدیو
ڕەنگین و نازەنین و سپی و سۆڵ و زەرد و زۆڵ
قازی و مەلا و تاجر و ئەسناف و ئەهلی شار
گیران بە سۆغرە کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ
سەردار و کەیخودایی موکریان خەڵات کران
ڕانکێکی کۆن و لەت لەت و چۆغێکی بێگڕۆڵ
ئەو ڕۆژە غیرەت و شەرەف و دینی خۆت فرۆت
هەی ئافەرین ڕەئیس و ئەمیرانی توند و تۆڵ
دۆینێ دڵم بە ئاوری حوببی وەتەن دەسووت
ئەوڕۆکە وایە سارد و سڕە هەر وەکوو سەهۆڵ
مەیڕێسە بەسیە شاعیری چەپرەک بەڵێ بڵێ
ڕەببی وڵاتی کوردی ببینین بە چۆڵ و هۆڵ