هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم
تاسەی دۆستان و وڵات و دیداری مەلا ساڵحی برای و نەوەکانی لە دزەوە
از کتاب:
دیوانی جەوهەری
اثر:
جوهری (1875-1958)
1 دقیقه
815 مشاهده
هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم
هەتا ئەمجار دەیانبینم بە چاوانم خودا نەمرم
لە هیجرانی مەلا ساڵحی برام و دوو نەوەم دایم
بە چاوی پڕ لە فرمێسکم کوڵی گریان و شین دەگرم
بە ئیزنی حەزرەتی شێخ چەندە پێم خۆشە بە دڵخۆشی
لە ورمێ سواری ماشین بم جەوازی ڕێگە وەربگرم
لە سابڵاغ و لە میاندواو و لە بۆکان تێپەڕم یەکسەر
لە هیچ لایێ هەتا سەر مەرقەدانی باغچە خۆ نەگرم
لەنێو ئەو سێ خەلیفانە بە ئیخلاس و بە هۆشیاری
لە ئەڕواحی ئەوان زاتانە فەیز و بەهرە وەربگرم
لە بەرپێی باب و دایک و ژوور سەری کاکەعەلی چەند ڕۆژ
بە گریان سەر لە سەر ئەو مەرقەدانە ساتێ هەڵنەگرم
بە چاوی پڕ لە ئەسرین دەست هەڵێنم ڕەببی ئەمجارە
بە ئیمانێکی زۆر کامیل بە لوتف و ڕوحمی تۆ بمرم