شنەی بەهار
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
2 دقیقه
791 مشاهده
بەهارە و شنەی مایەی ژیانە
بە شنەی ژیاوە ئەم نیشتمانە
بەهار هێنەری موژدەی خەباتە
لابەری مەینەت، هێنەری هاتە
ئاوری نەورۆزی پڕشنگی ژینە
بۆ گەل و بۆ هۆز گڕی بەتینە
گڕ و گرپەی ئەو ژینی پێوەیە
بریسکەی خەبات هەر لەوێوەیە
ئاگری نەورۆزە یا تیشکی هیوا
ڕووناککەرەوەی تاریکی هەوا
گرپەی خورپەی دڵ، شەوقی زەوقی گەل
لە دەوری داڵێن لاوان بە کۆمەڵ
کاتێکی خۆشە، فەسڵی نەوبەهار
دووری لە نەیار، نزیکی لە یار
ئەوە سەوز ئەکا تۆوی ڕزگاری
بەرهەم دێنێ باغ بۆ کوردەواری
هێندێ دەڕزێنێ، هێندێ دەڕوێنێ
بەو گەرم و ساردی لە خۆی دەنوێنێ
دووبەرەکی گەل دەڕزێنێ سەرپاک
تۆوی یەکیەتی دەڕوێنێ لە خاک
بەهار بەخێرێ، دنیا گرتی ڕەنگ
ڕۆژی وەدەرخست لایبرد شەوەزەنگ
بە تەپڵ و تۆپ و بە زەبروزەنگە
دەی، سا، نەتەوەی کاوە! درەنگە
بۆ پێشواز پاکوو بڕازێنەوە
شنە! تۆش کۆرپە بلاوێنەوە
لە بێشکەی خەما ڕایژێنە تاوێ
بۆی دەرخە کاتێ، هەتاوێ، ساوێ
ببووژێتەوە لە بەر تاو و ساو
تا بێتە جێگەی شانازی تەواو
فتیلەی ڕێگەی ڕزگاری پێیە
بەخێو کردنی یەکجار بەجێیە
با بێتە بەرهەم کۆرپەی نەتەوە
هیوای دواڕۆژی نەتەوە بەوە
بۆ نیشتمان و بۆ گەل دەکۆشێ
لە ڕێی وان سەد چەل زووخاو دەنۆشێ
ئەوسا ئاواتی «ئاواتتخلص» دێتە جێ
شین دەبێ خەڵفی هیوای جێبەجێ