ئاواتی هۆنەر

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 1 دقیقه  883 مشاهده
هەر کاتی نەوبەهارە کە دنیا دەکا نوێ
سارا دەپۆشێ بەرگی سەوز، گوڵ دەپشکوێ
شەوبۆ و هەڵاڵە، نەرگس و نەسرین و نەستەرەن
سوێسنە زمانی گرتووە، پێم سەیرە نادوێ
تۆوی هەموو شتێک لە بەهارا سەوز دەبێ
ئەی تۆوی ئێمە بۆچی لە هیچ فەسڵێ ناڕوێ
بۆچی لە ئاسۆ نایەتە دەر ڕۆژی مە خودا؟
ڕۆژی خەڵک کەچی سەری وا ناوەتە سوێ
هەرچەند لەمێژە خەڵفی هیوامان چەقاندووە
ئاوی بە خوێن دراوە، کە هەر سەوزە، ناپوێ
تا بەهرەوەر نەبین لە بەری، هەر بڵند دەبێ
وەک پیرەداری دی نییە، هەر خەڵفە، نانەوێ
هەرکەس هیوای بە خۆی و گەلی ماوە ئێستەکەش
ڕەببی قەزای بە تاقی تەنێ هەر لە من کەوێ
ئاواتی بۆچی نایەتە دی پیرە هۆنەرێک
هەر ئاخ و داخییە لە بەیانی هەتا شەوێ