بولبولی ئاوارە

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 2 دقیقه  866 مشاهده
ئەی تەیری دڵی وەحشی! تا کەنگێ پەرێشانی؟
تا کەی بە هەوەس دەفڕی؟ مەفتوونی گوڵستانی؟!
هەرچەندە بەهارت دی، ئەمما چ بەهارێکە؟
بێ زەمزەمەیە بەزمی، بێ ڕەونەقە بوستانی
گوڵ کاتی خەزانی هات، بولبول هەموو ئاوارەن
ئاوازی حەزینی نەی، گوێ بگرە لە ئینسانی
شەو بۆنی نییە شەوبۆ، بولبول بە تەمای چی بێ؟
هەڵنیشێ بە ئوممێدی خونچێکی سبەینانی
گوڵ بۆتە دڕوو، قەولیش پاک بوونە درۆ ئەمساڵ
کوا یاری وەفادارم، دەست و دڵی جارانی؟
ڕەحمەت لە غەم و دەردم، بەو دووانە ئەمن ناسیم
پاکی کەسوکاری خۆم، یاری بە مەسەل گیانی
داخۆ لە چ لایێکە ئەو یاری کە ڕووخۆشە
گوێچکەی فەلەکی کەڕ کرد، کوا کۆمەک و ئیحسانی؟
کوا نەعرەیی شێرانەی لەم کاتە کە داماوم؟
لەم بەحرە کە خنکاوم کوا هیممەتی جارانی؟
تۆخوا بڵێ بەو شەخسە، جاران کە دەهات دەیکوت:!
من یاری وەفادارم، دەستی من و دامانی!
ئەمڕۆکە گڵۆڵەی من کەوتۆتە سەرەولێژی
هیچکەس نییە خاس بێژی، تا خۆ کەمە قوربانی
خێرایەکی هەستێ بێ، پیاوانە، من و دڵ زوو
لەم گێژ و خولی چەرخە دەربێنێ بە ئاسانی
هیچکەس نییە هاوارکا «کامیلتخلص» لە چ لایێکە
بۆ کوێ چووە بێچارە؟ کوان هەمدەم و یارانی؟