شووشەی دڵ
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
1 دقیقه
1042 مشاهده
کە هێمن ڕۆیی، شووشەی دڵ شکاوە
نەماوە تاقەتم، هێزم بڕاوە
ئەوێستەش هەر لە بەر چاوانە وێنەت
مەڵێ ئابڕوو لە چاودایە، تکاوە
تکابێتیش، لە بەر پێتە گلێنەم
وڕێنەت بۆدەکا چاوم لە لاوە
نە تەنیا شووشەکەی دڵ کەوت و چڕژا
نەمامی باغی ژینیشم چەماوە
بە مەرگی تۆ پیاڵەی عەیش و نۆشم
لە سەد جێ درزی داوە، لێم ڕژاوە
لە سارا وو کەژ و کۆ شوێنی تۆیە
بەڵام دەرکی هەموو کەس داخراوە
لە هیچ لایەک سەدا نایێتە گوێی من
دەڵێی حەشرە و کەسێ ئیتر نەماوە
لە کوێستانیش نەماوە چیغ و چادر
دەڵێی خاوەن پەزیش تاوڵی دڕاوە
بە گریانی سەماش کوێستان خزیوە
لە هەر لایێکی سێڵاو تێی خزاوە
لە کورد و کوردەواری و نیشتمانم
چ هیوا وو هومێدێکم نەماوە
بە هۆنراوە خەیاڵی تەونی خۆم کرد
کەچی ڕیسم لە سەد جێوە پساوە
تەشی نەخولاوە بەختی من بە لاوی
کە کرژی با بدا، جا بۆیە خاوە
بە مەرگی تۆ بوو «ئاواتتخلص» بۆتە پووشێک
لە گۆمیشی بخەی، تەرمی سەرئاوە