داخوازی ئیمداد
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
1 دقیقه
826 مشاهده
نزام بۆ تۆیە ڕەببەلبەیت! دڵم داخوازی ئیمدادە
دەزانی عەبدی خۆت ئێستاکە وا بێ تۆشە و زادە
لە سەر ڕێگایەکی پڕترس و خەوف و دڕک و داڵم من
بە لوتفی خۆت بفەرموو پێم لە سەر ئەو جادەیە لادە
ئەوا پیر و فەقیر کەوتوومە ئەولای بێ تفاقی خۆ
ئەمن کوردێکی بێ فێڵ و فەرەج، مەشهوورم و سادە
ئەتۆی خاوەن کەرەم، ئەی سفرەڕەنگین! هەر لە تۆ جوانە
کەرەم، بەخشین و چاوپۆشی لە پیر و کوێر و ئوفتادە
ئەوی تۆی نایەتە بیر پڕخەم و دەرد و مەشەققەت بوو
کەسێکیش تۆی لە بیر بێ، تا ئەبەد مەسروور و دڵشادە
ئەوی تۆی چوو لە بیر، ڕۆژ و شەوی پڕمەینەت و دەردە
کەسێ وا تۆی لە بیرە، خۆ شەوی ڕۆژ، ڕۆژی ئەعیادە
لەبۆ ڕاوی نەیارانی ڕەسووڵی خۆشەویستی تۆ
«ئیمامیتخلص» کردیە ئەستۆ قەڵادە، ساز و ئامادە