پاییز

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 2 دقیقه  967 مشاهده
ماوم عەجەب لە سونعی خوداوەندی ئینس و جان
قودرەتنوێنی بەرز و نەوی، عەرز و ئاسمان
جارێ زەمین دەکاتە سەما، مەوقیعی خەزان
بەرگی گوڵاڵەسوورە دەگاتە ستارەگان
گاهێ بە هەوری سوور و سپی و کەسک و ئاڵ و شین
ڕەنگین دەکا میسالی زەوی ڕوویی ئاسمان
هێندێ کە شاعیرن بە بەهارن عەلاقەمەند
من عاشقی خەزانم و مەفتوونی تێخزان
ئەو بەرگی وا بە دارەوە هاتۆتە خوارەوە
تۆماری تێگەیشتنە بۆ پیاوعاقڵان
نووسراوە هەروەها لە سەرەنجامی ژینتان
تا پیر نەبوون، بە دڵ بگرن قەدری خۆ، جەوان!
ئەو بەرگی دێتە خوارەوە خێرا بە با دەچێ
یانی هەدەر دەبێ هەموو عومرێ، وەکوو خەزان
دەنگی گەڵاڕژانە بە دەم بای خەزانەوە
بەو ڕازە باغەوانە کەوا بۆتە تەرجومان
حاڵی دەکا بە ناڵە کە وەختی نەماوە باغ
سەبرێکی پێی دەڵێ کە نەما قەدری باغەوان
هەرواش بە سەبرە بولبولی بێ دڵ دەکا خەبەر
خاکت بە سەر بێ! هەستە بڕۆ تێکدە ئاشیان
عەتری نەماوە سونبول و ڕەنگی نەما چەمەن
سەروی سەهی بە جارێ لە حەسرەت چەمەن، چەمان
سەرو و چناری باغە بە دەم بای بەیانەوە
یەکتر دەگرنە باوەشێ وەک یاری میهرەبان
دەستی خەزان درەختی ڕنی و ڕووتی کردەوە
وەک ڕووی نیگاری ئێمە سپی و سافە، بێ گومان
دڵبەر کە دێتە باغ و چەمەن، گوڵ لە خۆشییا
بەو بەرگە سەوز و سوورەوە دەیکاتە دوڕفشان
گوڵ، مووسمی خەزانێ ئەگەر تێ بگەی دەڵێ:
مەعلوومی خاس و عامە: لە پاش مەنفەعەت، زیان
«کامیلتخلص» دڵی چ خۆشە لە فەسڵی خەزانی گوڵ
چونکی گوڵیش وەکوو دڵە، بێ بەرگ و بێ نیشان