پیری لە ناکاو

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 1 دقیقه  1170 مشاهده
لەناکاو پیریم لێ وەدەرکەوت
بەختیش هەروەک خۆم هات و لێی خەوت
دەرکی نەجاتم لێ داخراوە
ڕێگەی ڕزگاریم ڕێک خوار و چەوت
ڕۆژی ڕووناکم تاریک بوو وەک شەو
چرای ژیانم ماوە بێ نەوت
فتیلەی حەیات بەحاڵ ڕووناکە
هەربینا ئەویش لە سووتان کەوت
جێگای گەڕانم تا سەر چۆمییە
جێی دانیشتنم دەرگای مزگەوت
هەی هەی لەم ژینە لەم بەڕێچوونە
کەچی بەو حاڵەش دڵ هەر نەسرەوت
ئەسپی تەبیعەت هێشتا هەر سوارە
هەروا بەکارە، بەجڵەو، خۆشڕەوت
چوارینە و هەڵبەست، قەسیدە و غەزەل
یەک لە دووی یەک دێن، پێنج و شەش، حەوت
ئەو تەبعە سوارە، توند و ڕەوانە
بۆ تۆ «ئیمامیتخلص»! زەحمەت بێ زەوت