پاڕانەوە
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
1 دقیقه
858 مشاهده
ڕووم لە دەرگاتە وەکوو سائیلی ڕووت
سائیلێکم بە خودا ڕووت وقووت
من و دڵ نیوەشەو و کاتی بەیان
دێینە بەردەرکی ئەتۆ هەردوو بە جووت
بە هومێدی کەڕەمێکی زۆرین
لە خودای وا بە جەلال و جەبەڕووت
بە نەسیمی کەڕەمت کۆلکەدرەخت
تازە بوو، خونچەیی کرد و پشکووت
پشتی من ئاسنە، پۆڵایە مەگەر؟!
کە لە ژێر باری گوناها نەبزووت
ئیتتیکام ئایەتی «لا تەقنەتوو»ە
ناهومێدم مەکە بۆخۆت فەرمووت
ئاهی من وەک نەفەسی سوبحدەمە
کەچی هەر هات و لە هیچ کوێ نەنگووت
شاهیدی حاڵی منە خوێنی دڵم
کە بە عەینی دەتکێ وەک یاقووت
غەیری لای تۆ نەبێ، ئەم قوڕبەسەرە
هیچ پەنای دی نییە، مات و مەبهووت