ڕۆژنامەی کوردی

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 11 دقیقه  3454 مشاهده

عالەم تێکڕا پابەندی گۆڕانە، ئەدەب بەو لاترەوە، ئەدەبی کوردی وەکوو ئەدەبی قەومەکانی تر لەپێشا لەناو ئەشکەوتێکا بوو، کە خێزانێکی نیمچە خێزانی لە گوێی ئاگردانەکەیانا کۆ ئەبوونەوە و باسی کارەساتی ئەو ڕۆژەیان؛ ئەگێڕایەوە کە لەگەڵ دڕندەکانا بە سەریانا هاتووە، ئینجا کەوتە خێزانێکی تۆزێ ڕێکوپێکەوە؛ کەوتە دەوار و ڕەشماڵ، کەوتە گوند و ناو ماڵ، کەوتە دەم نیمچە خوێندەوار، کەوتە دەم خوێندەوار و میرزا، کەوتە شار و بازاڕ، کەوتە کۆشکی پیاوی ناودار، کەوتە سەر کاغەز و تۆمار، کەوتە سەر چاپ و بوو بە نیگار، لێرەدا ئەم هەموو ژیانە وێنەیان دایەوە سەر ڕۆژنامە و گۆڤار!. کە وا بوو ئاخر پلەی ئەدەبی کوردی گەیشتە چاپ و گەیشتە ڕۆژنامە. بەم بۆنەوە مێژووی ئەدەبی کوردی داوامان لێ ئەکا بزانین کورد لە ئاسمانی ئەدەبی ڕۆژنامەدا چی هەبووە و چی نەبووە. ئەوانەی ئاگادارین بەسەریانا باسیان ئەکەین.

کورد تا ئاخر و ئۆخری سەدەی نۆزدەیەم هەر لەو عالەمەدا بوو کە لە پێشەوە باسمان کرد، لەم مێژووە بە دواوە عالەمێکی تری زیاد کرد کە عالەمی ئەدەبی ڕۆژنامەیە. کە وا بوو پێویستە یەکە یەکە باسی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە بکەین کە تا ئەم مێژووە ١٩٧١ دەریان کردوون.

١- «کوردوستان»، ڕۆژنامەیەکی حەفتەیی ئەدەبی بووە، مەدحەت بەگ ئەوەی بەدرخان بەگ ساڵی ١٨٩٨ لە ئەستەمبوڵ دەری کردووە، لەپاشا لەبەر نەخۆشی مەدحەت بەگ، عەبدوڕڕحمان بەگی برای دەستی داوەتێ، لەپێشا لە «قاهیرە» لەپاشا لە «جەنیڤ» لە «فولکستون» لە «لەندەن» بەم جۆرە لە گەڕانا بووە تا ١٩١٥-١٩١٦. ئینجا «سورەیا بەگ بەدرخان» هێنایەوە بۆ قاهیرە، هەر پازدە ڕۆژ جارێ ژمارەیەکی بە کوردی و تورکی لێ دەرئەکرد. کە ئیعلانی دەستووری عوسمانی کرا، هەر سوریا بەگ بردیەوە بۆ ئەستەمبوڵ و لەوێ دەریکرد. لە ژوماریەکەوە تا ٣١ی ئەم ڕۆژنامەیە ئێستە لە کتێبخانەی «پروسیا» دایە لە ئەڵمانیا.

٢- گۆڤاری «کوردستان» مانگێ جارێ لە «ورمێ» موبەششیرەکان لە ساڵی ١٩١٢ دەریان ئەکرد، بەڵام زۆر نەژیا.

٣- «کورد» ڕۆژنامەیەکی حەفتەیی ئەدەبی کوردی و تورکی بووە، کۆمەڵی «شێخ عەبدوالقادری شێخ عوبەیدیڵڵا» لە ١٩٠٧ لە «ئەستەمبوڵ» دەریان کردووە.

٤- «ڕۆژی کورد»، گۆڤارێکی حەفتەیی ئەدەبی بووە، لە «حوزەیران»ی ١٩١١ کۆمەڵی هیوا لە ئەستەمبوڵ دەریانکردووە. ژمارەی یەکەم و دووهەم و سێمەی «عەبدولکەریم ئەفەندی سولەیمانی» سەروکاری کردووە، لەو ژمارانەدا وێنەی دوو پادشاکەی کورد «سەلاحەددینی ئەییوبی» و «کەریم خانی زەند » و «بەدرخان حوسەین کەنعان پاشا»ی تیایانا دەرکردووە.

ئەم گۆڤارە لەپاشا ناو نرایە «هەتاوی کورد» ، «عەبدولعەزیزبابان» هەر بە مانگێ جارێ ژمارەیەکی بە کوردی و تورکی و لە ئەستەمبوڵ لێ دەرئەکرد یەکەم ژمارەی لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٣٢٩ی ڕۆمی ١٩١٣ی میلادی بووە، وێنەی «عبدالرحمن پاشای بابان» لەو ژمارەیدا هەیە.

٥- «بانگی کورد»، گۆڤارێکی کوردی و تورکی ئەدەبی بووە، هەر بە پازدە ڕۆژ جارێ

خاوەنەکەی «جەمال بابان» لە باغدا دەریکردووە. یەکەم ژمارە لە ٢٦ی کانوونی دووهەمی «١٩١٣م،١٣٢٩» ڕۆمی دەرچووە.

نازانم چەندە ژیاوە. ئەوەندە هەیە زۆری لێ دەرنەچووە.

٦- «تێگەیشتنی ڕاستی» ڕۆژنامەیەکی حەفتەیی کوردی پیلانی - سیاسی کۆمەڵایەتی بووە ئیحتیلالی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩١٨ لە «بەغدا» دەریکردووە. ژمارەی ٢٠ی بەر لە ١١ی مارتی ١٩١٨ کەوتووە. ئیتر نازانم چەن ژمارەی لێ دەرچووە.

٧- «کوردستان» ڕۆژنامەیەکی حەفتەیی پیلانی ئەدەبی بووە لە «ئەستەمبوڵ» «موحەممەد میهری» یەکەم ژمارەی لە ٢٥ی «ڕبیع الاخر»ی «١٣٣٧هیجری-١٩١٧» میلادی دەر کردووە، لەپاش ئەوە کە ٣٧ ژمارەی لێ دەرچووە، لە ٧ی ڕەجەبی «١٣٣٨ ە -١٩١٨م»دا، داخرا.

٨- «پێشکەوتن»، ڕۆژنامەیەکی کوردی ئەدەبی حەفتەیی بووە، لە شاری «سولەیمانی» بەلەدییە دەریکردووە. یەکەم ژمارەی لە ڕوژی ٨ی تشرینی دووهەمی ١٩١٩ دەرچووە ٣ ساڵ ژیاوە و ١١٨ ژمارەی لێ دەرچووە.

٩- «کورد»، ڕۆژنامەیەکی کوردی و زمانی حاڵی «سمایل ئاغای سمکۆ» بووە. لە ١٩٢١ لە شاری «ورمێ» دەرچووە، تەنیا سێ، چوار ژمارەی لێ دەرچوو، لەوەدا پەکی کەوت. ١٠. «بانگی کوردستان»، ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی زانیاری حەفتەیی کوردی بووە، «فەریق حاجی موستەفاپاشا» لە «سولەیمانی» دەریکردووە. یەکەم ژمارەی لە ٢ی ئاغستوزی ١٩٢٢دا بووە، لەم کاتەدا تەنیا ١٤ ژمارەی لێ دەرچووە، لە ساڵی ١٩٢٥دا لە بەغدا ٣ ژمارەی تری لێ دەرچوو و ئیتر بەتەواوی پەکی کەوت.

١١- «ڕۆژی کوردستان» ڕۆژنامەیەکی حەفتەیی کوردی بووە و زمانی حاڵی حکوومەتی «شێخ مەحموود» بووە. «م.نووری» لە «سولەیمانی» دەریکردووە. یەکەم ژمارەی لە ١٥ی تشرینی دووهەمی ١٩٢٢دا دەرچووە، تەنیا ١٥ ژمارەی لێ دەرچوو.

١٢- «بانگی حەق» ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی کوردی حەفتەیی لە ساڵی ١٩٢٣ تەنیا ٣ ژمارەی لە «سولەیمانی» لێ دەرچووە.

١٣- «ئومێدی ئیستیقلال»، ڕۆژنامەیەکی کوردی حەفتەیی پیلانی و ئەدەبی بووە، لە شوێن «بانگی حەق» دەرچووە و زمانی حاڵی حکوومەتی «شێخ مەحموود» بووە و لە «سولەیمانی» دەرچووە. یەکەم ژەمارەی لە ٢ی ئەیلوولی١٣٣٩ی ڕۆمی. ١٩٢٣ی میلادی «ئەحمەد سەبر» لە «سولەیمانی» دەری کردووە. لە ژمارەی چوارەوە«ڕەفێق حیلمی» دەستی دایە تا ژمارە ١٤. لەوە بەدواوە«حوسەین نازم » دەری کرد. هەمووی ٢٥ ژمارەی لێ دەرچوو.

١٤- «ژیانەوە»، ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی حەفتەیی کوردی بووە، حکوومت لە «سولەیمانی » دەری کردووە. یەکەم ژمارەی لە ١٨ی ئاغستوزی ١٩٢٤دا بووە. بەو ناوەوە تا ١٤ی کانوونی دووهەمی ١٩٢٦، ٥٦ ژمارەی لێ دەرچووە، لەپاشا بوو بە «ژیان»، یەکەم ژمارەی لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٦دا دەرچووە، لە ١٤ی ئابی ١٩٣٤ کە ژمارەی گەیشتە ٤٠٦«حاجی تۆفێقی پیرەمێرد» ئیمتیازەکەی بۆ خۆی وەرگرت. لە ١٠ی مارتی ١٩٣٨دا کە ژمارە گەیشتە ٥٥٣ ئیتر پێوە درا.

١٥- «دیاری کوردستان»، گۆڤارێکی حەفتەیی ئەدەبی کۆمەڵایەتی بووە، لە ١١ی مارتی ١٩٢٥، یەکەم ژمارەی لە لایەن خاوەنەکەیەوە «ساحێبقران زادە، ساڵح زەکی» بە کوردی و عەرەبی و تورکی «لە بەغدا» دەرچووە. هەر چەندە حەفتەیی بوو. بەڵام بە ١٥ ڕۆژ جارێ ژمارەیەکی دەرئەچوو، تەنیا ١٦ ژمارەی تا مایسی ١٩٢٦ لێ دەرچوو، ئیتر وەستا. ئەم گۆڤارە یەکێک بووە لە گۆڤارە چاکەکانی کورد.

١٦- «زاری کرمانجی»، گۆڤارێکی کۆمەڵایەتی، تاریخی و ئەدەبی کوردی بووە، لە لایەن خاوەنەکەیەوە «سەیید حوسەین حوزنی موکریانی» یەکەم ژمارەی لە حەزیرانی ١٩٢٦ کە ١٢ی زیقەعدەی ١٣٤٤ی هیجری نەگرێتەوە، لە «ڕەواندز» دەرچوو، تا ١٩٣٢ ناویەناو ئەم گۆڤارە نزیکەی ٣٠ ژمارەیەکی لێ دەرکردووە.

١٧- «ڕووناکی»، گۆڤارێکی حەفتەیی ئەدەبی بووە. لە لایەن «شیس موستەفا»وە لە «هەولێرە» دەرچووە. ژمارە ١٠ی بەر ڕۆژی ٢٥ی نیسانی ١٩٣٦ کەوتووە، ئیتر نازانم چەن ژمارەی لێ دەرچووە.

١٨- «زبان» ڕۆژنامەیەکی حەفتەیی بووە، لە مارتی ١٩٣٨ تا کانوونی دووهەمی ١٩٣٩ لە «سولەیمانی» دەرچووە.

١٩- «ژین»، ڕۆژنامەیەکی حەفتەیی ئەدەبی کۆمەڵایەتی کوردییە. لە لایەن«حاجی تۆفێقی پیرەمێرد»ەوە یەکەم ژمارەی لە ٢٦ی کانوونی دووهەمی ١٩٣٩ لە سولەیمانی دەرچووە. لە ١٩ی حەزەیرانی ١٩٥٠ کە پیرەمێرد مرد، «جەمیل سائیب» بوو بە سەر نووسەری ڕۆژنامەکە. لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٥١ جەمیل سائیب مرد، مەحامی «نووری ئەمین مەحەموود» سەروکاری ئیدارەوەخەرکی بوو. لە ژمارە١١٢٢ کە بەر ٦ی تشرینی دووهەمی ١٩٥٢ ئەکەوێ «گۆران» بۆ نووسین و ئەرکی ناوەوە ڕۆژنامەکە لەگەڵ «نووری ئەمین مەحموود» قۆڵیان کرد بە یەکا و ئێستە لەژێر ئیدارەی ئەوانا ئەو ڕۆژنامەیە ئیش ئەکا.

٢٠- «هاوار»، گۆڤارێکی ئەدەبی نیومانگی بووە. نیوەی بە پیتی لاتینی ئەنووسرا لەسەر شێوەی «بۆتان»، یەکەم ژمارەی لە ١٥ی مایسی ١٩٣٢ لە لایەن خاوەنەکەیەوە «ئەمیر جلادەت عالی بەدرخان» لە «شام» دەرچووە، تەنیا ١٤ ژمارەی لێ دەرچوو، ئیتر پەکی کەوت. ئەم گۆڤارە یەکێ لە گۆڤارە چاکەکانی کورد بووە.

٢١- «زانستی»، گۆڤارێکی نیومانگی ئەدەبی تاریخی بووە، یەکەم ژمارەی لە ٢٥ی شوباتی ١٩٣٨ لە «سولەیمانی» لە لایەن خاوەنەکەیەوە «ساڵح قەفتان» دەرچوو، لام وایە، هەر یەک ژمارەی لێ دەرچووە.

٢٢- «گەلاوێژ»، گۆڤارێکی ئەدەبی عیلمی بووە، مانگی جارێک لە «بەغدا» دەرچووە، لە ژمارەی لە کانوونی یەکەمی ١٩٣٩ دەرچووە، ١٠ ساڵ ژیاوە، ١٠٥ ژمارەی لێ دەرچووە، لە ژمارەی ئاغستوزی ١٩٤٩دا، داخرا، ئەم گۆڤارە چاکتر ئەدەبی و عیلمی کورد بووە.

٢٣- «ڕووناهی»، گۆڤارێکی ئەدەبی حەفتەیی بووە، لە لایەن خاوەنەکەیەوە «جەلادەت عالی بەدرخان» لە «شام» بە پیتی لاتینی و لەسەر شێوەی «بۆتان» لە تشرینی یەکەمی ١٩٤١ یەکەم ژمارەی دەرچووە. ئەم گۆڤارە بە ڕێکوپێکی ژیاوە، تا لە ١٩٤٦دا، داخرا.

٢٤- «دەنگی گێتی تازە»، گۆڤارێکی پەیامی و ئەدبی بووە، باڵوێزخانەی بریتانیا لە بەغدا دەریکردووە، لەپاشا بە وێنەی گۆڤار یەکەم لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ لە بەغدا دەرچووە، تۆفیق وەهبی و سەید حوسەین حوزنی موکریانی سەر نووسەری بوون . لە سەرەتای ئەیلوولی ١٩٤٧دا ،ئیتر دەرنەچوو.

٢٥- «ڕێی تازە»، گۆڤارێکی مانگانەیی بووە، لە ڕەوانی ڕووسیا یەکەم ژمارەی لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٣دا دەرچووە و بە پیتی لاتینی ئەنووسرا، ئیتر نازانم چەن ژمارەی لێ دەرچووە کەی پەکی کەوتووە.

٢٦- «نیشتمان»، گۆڤارێکی ئەدەبی پیلانی بووە، لە مەهاباد - سابڵاخ، مانگی جارێک دەرچووە، یەکەم ژمارەی لە حوزەیرانی ١٩٤٣ دەرچووە، تا ئەیلوولی ١٩٤٥تەنیا ٩ ژمارەی لێ دەرچوو و لەوەدوا پەکی کەوت. ئەم گۆڤارە زمانی کۆمەڵەی «ژ .ک» بووە.

٢٧- «کوردستان» ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی پیلانی - سیاسی کوردی و زمانی حاڵی حکوومەتی «قازی موحەممەد» بووە، لە نیوەی دووهەمی کانوونی دووهەمی ١٩٤٦ تا کانوونی یەکەم عەینی ساڵ هەر بە دوو ڕۆژ جارێ لە شاری سابڵاخ ژمارەیەکیان لێ دەر کردووە. هەمووی ١١٣ ژمارەی لێ دەر چووە.

٢٨- «ڕۆژا نوێ» گۆڤارێکی حەفتەیی ئەدەبی بووە. لەسەر شێوەی بۆتان بە پیتی لاتینی یەکەم ژمارەی لە لایەن خاوەنەکەیەوە کامیران عالی بەدرخان، لە ٣ی ئەیاری١٩٤٣ لە بەیرووت دەرچووە. ئەم گۆڤارە تا ساڵی ١٩٤٦ ژیا و لەوەدوا پەکی کەوت.

٢٩- «ستیر»، گۆڤارێکی ئەدەبی حەفتەیی بووە. لە سەر شێوەی بۆتان بە پیتی لاتینی یەکەم ژمارەی لە لایەن کامیران عالی بەدرخان، لە ٦ی کانوونی یەکمی ١٩٤٣ لە بەیرووت دەرکراوە، تا ساڵی ١٩٤٥ ژیا و لەوەدوا پەکی کەوت ئەم گۆفارەیان زۆرتر پڕوپاگەندەی جەنگ بوو بۆ هاوپەیمانەکان و بە فەرەنسزیش تیایا نووسرا.

٣٠- کوردستان، گۆڤارێکی ئەدەبی و پیلانی بووە، لە پاییزی ١٩٤٥ تا کانوونی دووهەمی ١٩٤٦ بە ناوی کۆمەڵەی دیموکراتی کوردستانەوە لە سابڵاخ ١٨ ژمارەی لێ دەرچووە و ئیتر پەکی کەوتووە.

٣١- «هەڵاڵە»، گۆڤارێکی ئەدەبی و پیلانی بووە بۆ لقی حیزبی دیموکراتی کوردستان؛ لە ٢١ی مارتی ١٩٤٦ تا حوزەیرانی عەینی ساڵ ٣ ژمارەی لە شاری بۆکان دەرچووە.

٣٢- «هاواری نیشتمان»، تاقە ژمارەیەکی بە گۆڤار و ئەوانی تری بە وێنەی ڕۆژنامە، لە لایەن لاوانی کوردستانەوە لە سابڵاخ لە ١٩٤٥-١٩٤٦ چەند ژمارەیەکی لێ دەرچووە.

٣٣- «نزار»، گۆڤارێکی سیاسی-پیلانی حەفتەیی بووە. بە زمانی عەرەبی و کوردی لە بەغدا هەر پانزدە ڕۆژ جارێ ژمارەیەکی دەرچووە، خاوەن و سەرنەووسەری عەلائەددین سەججادی بووە، یەکەم ژمارەی لە ٣٠ مارتی ١٩٤٨ دەرچووە، تا ١٥ی شوباتی ١٩٤٩، ٢٢ ژمارەی لێ دەرچوو و ئیتر داخرا. ئەم گۆڤارە لاپەڕەیەکی ڕووناکی لە تاریخی سیاسی کورددا بووە.

٣٤- «هەولێر»، ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی خوێندەواری حەفتەیییە. بە زمانی کوردی و عەرەبی لە لایەن کۆمەڵێ مامۆستایانی لقی هەولێرەوە بە ناوی کۆمەڵە، یەکەم ژمارەی لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٠دا لە شاری هەولێر دەرچووە. کۆمەڵی مامۆستایان کۆمەڵێکە لە ١٩٤٣ لە لایەن وەزارەتی مەعاریفی عێراقەوە بۆ هەموو مامۆستایانی مەعاریفی عێراق دامەزراوە. ئەو لقەی لە هەولێر لە ١٩٥٠دا کرایەوە، دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە «عبدالمجید حسن، عزالدین فیضی» و «ئەستێر سەعید» بووە. لە ژمارەی ٨٩ی ڕۆژنامەکە کە بەر ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٥٢ ئەکەوێ، «حوسەین ڕەشوانی» لە شوێن «عبدالمجید حسن» دانیشت.