باخی شاعیران

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 25 دقیقه  1865 مشاهده

تا ئەم شوێنە قسەمان لە چۆنیەتی ژیانی چەند شاعیرێکی کوردەوە کرد، کە بە چە جۆر پەردەی ڕۆزگاریان هەڵداوەتەوە و چە جۆرە گۆڕانێک لەم ماوە دوور و درێژەدا هاتووە بەسەر فیکر و خەیاڵیانا. بێ گومان پەردەی ڕۆژانەی ئەم شاعیرانە ئەوەیان بۆ ئێمە و بۆ بێگانەیەک دەرخست کە ئەدەبی کوردی وەکوو ئاوی ڕەوان لە گۆڕانا بووە و شان بە شانی زمان هاتووەتە خوارەوە. کە وا بوو ئەو کەسانە کە ئەڵێن ئەدەبی کوردی وەکوو بەردی ڕەق وایە و هەر لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، قسەیان نەچووە سەر و لەبەر ئەوە سۆراخێکی وایان لەم ڕووەوە تا ئێستا بەرچاو نەکەوتبوو، وەیا ئەگەر کەوتبێتیش چاویان لێ پۆشیبوو و کەوتبوونە سەر ئەو باوەڕە، لام وایە ئیتر ئەوانیش گۆڕانێک بەسەر باوەڕی خۆیانا دێنن. جا بۆ ئەوە تۆزێ زیاتر شارەزای کەینوبەینی عالەمی کوردی بین، ناوی هەندێکی تر لە شاعیرانی کورد لێرەدا ئەخەینە پێش چاو. بەڵام هەر ناو و ناوبانگ لەگەڵ پەیدابوون و مردنیان -ئەوانەی بەر پەل کەوتوون و دەستی ئەدەب توانیویەتی ڕایان کێشێ- ئەمەش هەر بۆ ئەوە کە ئەو کوردە، یا ئەو بێگانەیە کە ئەگەر چاوێکی بە لاپەڕەی «مێزووی ئەدەبی کوردی»دا خشاند، ئەوەی بۆ دەرکەوی کە کورد لە باخچەی ئەدەبدا توانیویەتی دەست بۆ هەموو لقێکی ئەو ئەدەبە درێژ بکا، بەڵام چونکە نە خۆیان شوانێک و نە باخەکەیان باخەوانێک بووە، بە خۆیان و ئەدەبیانەوە پاییزی ناکامی، بەهاری ژینیانی لە ڕیشە دەرهێناوە!.

هەروەها من لەم شوێنەدا -وەکوو لە شوێنەکانی تری ئەم کتێبەدا- کەسانێکم گرتووە بە دەستەوە کە بە زمانی کوردی شیعر، یا نووسینێکی ئەدەبی کوردییان بووبێت و خۆم چاوم بە سۆراخەکانیان کەوتبێ، ئەگینە ئەگەر بێتوو زانا و ئودەبای کورد باس بکەم، ئەوانەی خزمەتی غەیری زمانی خۆبانیان کردووە، گەلێ داستانی پێ ئەوێ و لاپەڕەی کتێبی گەلێ کتێبخانەی ئەوێ، بۆیان ڕەش بکرێتەوە!. ئەمانەش کە من لێرەدا ئەیانخەمە بەرچاو، ئێستە جارێ هەر بۆ ئەوەیە کە لەمە زیاتر نەکەونە گۆشەی لە فکرچوونەوە، ئەگەر مردن دەرفەتی دام لە بەرگی دووهەمی مێژووی ئەدەبی کوردیدا دوور و درێژ لێیان ئەدوێین. ئەوانەی ئەمانەوێ باسیان بکەین بەپێی چەرخیان:

١- «عەلی تەرمووکی»، خەڵکی وڵاتی «حەکاری» بووە. وەکوو ئەڵێن لە سەدەی دەیەمی میلاددا ژیاوە.

٢- «عەلی حەریری»، لەبەین ساڵانی ١٠١٠-١٠٧٧دا ژیاوە.

٣- «فەقێ تەیران»، خەڵکی ماکۆ و ناوی موحەممەد بووە، لەبەین ساڵانی «١٣٠٧-١٣٧٥م» ژیاوە.

٤- «مەلا باتێ»، ناوی ئەحمەد بووە خەڵکی گوندی باتێ، لە لیوای حەکاری (١٤١٧-١٤٩٥).

٥- «مەلا مەنسوور»، خەڵکی وڵاتی بۆتان و هاودەورەی مەلا بۆتان بووە.

٦- «سیدەی هەورامی»، لە دەوروبەری ساڵانی ١٥٢٠ ناوبانگی دەرکردووە، دیوانی شیعرەکەی لە «ڕەزاو»ە.

٧- «عێل بەگ»، وەکوو قسەی لێوە ئەکەن چوارسەد ساڵێک لەمەوپێشتر بووە.

٨- «خەیاڵی»، شاعیرێکی کۆنی مەریوانییە. لە دەوروبەری سەدەی دەیەمی هیجری ژیاوە، دیوانی شیعرەکەی بە دەستخەتی خۆی لە مەریوانە.

٩- «یۆسف یاسکە»، پیاو و شاعیری «خان ئەحمەد خان»ی ئەردەڵان بووە، ئەم والییە لە ١٥٩٢ هاتووەتە دونیاوە، لە ١٦٣٦ لە موئسڵ مردووە.

١٠- «مەلا ئەبووبەکری موسەننیف»، لە ١٦٠٤ مردووە.

١١- «شێخ ئەحمەدی تەختەیی»، لە دەوروبەری ساڵانی (١٦٤٠-١٧٢٠) ژیاوە.

١٢- «ئیسماعیل بایەزیدی»، (١٦٥٤-١٧٠٩).

١٣- «بەکر بەگ»ی ئەرزی، «ئەرز» گوندێکە لە ڕۆژاوای عیمادیە (١٦٢٧-١٦٦٣).

١٤- «زینولعابدینی پاڵنگانی»، لە ساڵانی (١٦٨٠-١٧٨٠)دا ژیاوە.

 

پاڵنگان داستانێکی گەورەی لە مێژووی کوردستانا هەیە بەو بۆنەوە پێویستە باسێکی لێوە بکەین بۆ ئەوە پاشەڕۆژی مێژوو دڵی بە خۆی دانەمێنێ:

پاڵنگان، لە دەوری پێشوودا شارێکی گەورە و خاوەن «میر» و «شاریار» بووە. ئەم شارە کەوتووەتە خاکی «ژاوەرۆ»وە و لە پەنای شاخی «شاهۆ»دایە. لای ڕۆژەڵاتی «کوڕەی دەژنە»یە. - دەژنە گوندێکە - لای ڕۆژاوای «دێودز»ە. -ئێستە گوندێکە بە ناوی «دێوەزناو»ەوە-، لای جنووبی شاخی شاهۆیە، لای شیمالی چەمی «نیەر» و «میراو»ە بە دوازدە فەرسەخ کەوتووەتە جنووبی ڕۆژاوای شاری «سنە»وە. ئەو کۆنەشارە لە شوێنێکی هەڵدێر و سەختایە و دەوروبەرەکەی هەموو کانیاوە، ئەم کانیاوە ڕووبارێکی گەورەیان دروست کردووە کە لە وەختی خۆیا لە حەو جێگا پردیان لێ دروست کردبوو بۆ هاتوچووی خەڵکی شارەکە. بە ماوەی دوو ساعەت ڕێگە لەگەڵ ئاوەکانی شیمالیدا یەک ئەگرنەوە؟ پاڵنگانی ئێستە کەوتووەتە پش ئەم دواوانەوە. گەلێ لە بەڵگە و ناوی کۆن ئێستەش هەر ماوەتەوە، وەکوو: «گەڕەکی خومخانە» و «موسایان» و «شوێن گەرماو» و «بازاڕ» و «شۆرەی شارەکە» و «بەڵگەی دوازدە بەردینەکەی» و قولەکانی لە دەرەوەی شارەکە.

شەش قەڵای گەورە گەورە لەبەر حوکمی ئەم شارەدا هەبووە: ١- قەڵای دێودزە. ٢- قەڵای مرواری، مرواری ئێستە ئاوایییەکە لەپەنای «ملەمرواری»دا، لەبەین «بیڵەوار» و «گاوەرۆ» و «ژاوەرۆ»دا. ٣- «قەڵای یەمەن» کە ئێستە دێیەکە بە ناوی «یەمێنان»ەوە. ٤- «قەڵای نشوور»، نشوور گوندێکە. نشوور و یەمێنان سەعاتە ڕێگەیەک بەینیانە و کەوتوونەتە پەنای کێوی «عەواڵان»ەوە. ٥- «قەڵای کێڵانە»، گوندێکە هەر بە کێڵانە ناوب دەرکردووە. ٦- «قەڵای دێزمان»، لە شیمالی ژاوەرۆیە، لەبەین «هوویە» و «ئەوێهەنگ»دا. ئەم شوێنە ئێستە پێی دەڵێن «دێزملی - دێزمۆڵی» و هیچ ئاوەدانی نییە. ئەمانە هەموو لە وەختی خۆیا جێی سەنگەر و پارێزی میرەکانی پاڵنگان بوون.

لە لایەن میرەکانی پاڵنگانەوە، «شەرەفنامە» بە کورتی ئەڵێ: چوار کەسیان حوکمیان کردووە: ١- «میر غیب الله» پیاوچاک و خواناس بووە، قەڵاکانی دەوروبەری خۆی هەموو گرت؛ سەرەتا لەژێر فەرمانی «شاهـ ئیسماعیلی سەفەوی»دا بوو. ٢- «میر موحەممەد» کوڕی «میر غیب اللە»، لە لایەن «شاهـ تەهماسب»ی سەفەوییەوە وڵاتی پاڵنگانی پێ درایەوە. ئەم میرە پیاوێکی دانا و زانا و ئەدیبپەروەر بووە. کوڕی دیوەخانی پوورەی ئەدیب و شاعیر بووە. بناغەی مەدرەسە و مزگەوتێکی لە شاری پاڵنگان داناوە. «مەلا جامی» کردووە بە مامۆستای ئەو مەدرەسەیە، ئێستا لە سۆراخی ئەو شوێنە پایەیەکی ناو مزگەوتەکە - کە بە ئەندازەی گەزێکی ماوەتەوە - هەیە. «شاهـ تەهماسب» کچێکی ئەم میرموحەممەدەی خواست، بەم زاوایەتییە بناغەی دۆستایەتی خۆی لەگەڵیا قاییم کردووە. ٣- «میر ئەسکەندەر» کوڕی میر موحەممەد، ئەمیش ئەبێ بە جێنشینی باوکی، بیست ساڵێک ئیدارەیەکی باشی وڵاتی پاڵنگان هەڵئەسووڕێنی و ئەمرێ. ٤- «سولاغ حوسەین تەکلوو»، ئەمیری «دەینەوەر» بوو، کە بیستی میر ئەسکەندەر مردووە، لەشکر ئەکا و شاری پاڵنگان دائەگرێ و هەموو ئەو ناوە ئەکەوێتە ژێر فەرمانیەوە، ئەم پیاوە پیاوێکی خوێنڕژ و ستەمکار بووە، تەنانەت «سوڵتان حوسەین تەکلوو»ی برای لە ترسی ئەوە نەوەک بیکوژێ هەڵدێت و پەنا ئەباتە بەر «مەحموودپاشا»ی کوڕی «شەمسی پاشا»ی میری میرانی «شارەزوور». لەپاش مردنی شا ئیسماعیل «وەلێ خان تەکلوو» میری هەمەدان لەشکر ئەکا وڵاتی پاڵنگان داگیر ئەکا و سولاغ حوسەین تەکلوو ئەگرێ و ئەیکوژێ. لەم کاتەدا کە وڵاتی پاڵنگان سەرگەرمی شەڕ ئەبێ «مەحموودپاشا»ی میری شارەزووز بە هەلی ئەزانێ و لەشکر ئەکا و وڵاتی پاڵنگان داگیر ئەکا و لە دەست تەکلووەکانی ئەستێنێ. ئیتر لەو وەختە بە دواوە وڵاتی پاڵنگان لە لایەن عوسمانییەکانەوە هەموو جار ئەدرێ بە پیاوی بێگانە.

 

١٥- «میر ئەحمەد بەگ»ی زەنگەنە. (١٦٨٠-١٧٥٠).

١٦- «غەمناکی»، ناوی موحەممەد ئاغای زەنگەنەیە. لە ساڵانی ١٦٨٠-١٧٨٠دا ژیاوە.

١٧- «شەریف خان»ی جولەمێرگی، (١٦٨٨-١٧٤٨)

١٨- «شەریف خان» هەکاری، (١٦٨٩-١٧٤٨)

١٩- «مەحزوونی» ئەڵێن نووسەر بووە لە دیوەخانی خەسرەو خانی یەکەم، والیی ئەردەڵان کە لە ساڵانی ١٧١٩-١٧٥٤ حوکمی کردووە.

٢٠- «شێخ حوسەینی مولانا»، هاودەورەی نادرشا بووە و نادر لە ١٧٤٦ کوژراوە.

٢١- «موحەممەد عەلی سوڵتان».

٢٢- «مەڵا عەبدوڵڵا بێتووشی»، (١٧٤٦-١٨٠٧).

٢٣- «مەولانا قاسم».

٢٤- «میرزا ئیبراهیم».

٢٥- «مەلا موحەممەد»ی بەردەڕەشی بانە. هاودەورەی نادرشا بووە.

٢٦- «شێخ لوتفوڵڵا».

٢٧- «مەلا تاهیری هەورامی».

٢٨- «ئەلیاس بەگ».

٢٩- «شێخ مارفی نۆدی» (١٧٥٣-١٨٣٧).

٣٠- «شێخ سیراجەددینی تەوێڵە» (١٧٧٤-١٨٦٧).

٣١- «موفتی زەهاوی»، ناوی «موحەممەد» و کوڕی «ئەحمەد»ە (١٧٩٢-١٨٩٠).

٣٢- «موحەممەد بەگی تیلەکۆ».

٣٣- «مەلا فەزلوڵڵا هەورامی».

٣٤- «حاجی کاک ئەحمەد» (١٧٩٣-١٨٨٩).

٣٥- «حاجی عەلی» موحەممەد بەگی تیلەکۆ.

٣٦- «مەولانا فەڕڕونی پاڵنگانی».

٣٧- «مەلا حافز فەرهاد هەشەمێزی».

٣٨- «ڕەزا بەگی هەورامی».

٣٩- «حەمەمین بەگی هەورانی».

٤٠- «شێخ یەعقووب خان».

٤١- «ئووەیس».

٤٢- «مەولانا یۆسف» برای حەبیب بەگی کەلان.

٤٣- «شێخ حەسەنی دەرەهەردی».

٤٤- «عەبد کەڵاتەرزانی».

٤٥- «عومەر نزارەیی».

٤٦- «شێخ موستەفای تەختەیی».

٤٧- «سۆفی عەلی کەوانی».

٤٨- «مەلا خدری ڕواری» (١٧٢٥-١٧٩٠).

٤٩- «مەولانای عەبدوڵڵای هەورانی».

٥٠- «شێخ ئەحمەدی موویی».

٥١- «لالۆ خەسرەو».

٥٢- «شێخ شەمسەددینی دەرەهەردی».

٥٣- «وەستا میکایلی زەنانی».

٥٤- «دەروێش نەورۆز».

٥٥- «تەیموور قولی».

٥٦- «سەیفووڕ». ئەم سیانەی دوایی لە حەقەکانی کۆن بوون.

٥٧- «خانای قوبایی»، لە ساڵانی ١٧٠٠- ١٧٥٩دا بووە.

٥٨- «خانەی داجیوەنی لەک» (١٧١١-١٧٨٠).

٥٩- «شێخ موحەممەد بەهائەددینی بیارە» (١٧١٩-١٨٧٢).

٦٠- «شێخ موستەفای کوڕی بابەڕەسووڵی بەرزنجی» (١٨١٨-١٨٨٥).

٦١- «ئاقەی کوڕی مەلیک قاسم ئەیوانی کەلهوڕ» لە ١٧٩٠دا مردووە.

٦٢- «مەلا مەهدی شێخولئیسلامی سنە» کە بە «ئاغە» بەناوبانگ بووە، (١٨٢٦-١٨٨٣).

٦٣- «مەلا موحەممەد ساڵح، فەخرولعولەمای سنەیی»، (١٨٣٠-١٨٨٥).

٦٤- «میر شوکروڵڵای دیناوەردی فەیلی»، (١٧٤٤-١٨٣٩).

٦٥- «مەولانا خالیدی کوڕی ئەحمەدی کوڕی حوسەینی میکائیلی»، (١٧٧٧-١٨٢٦). ئەم زانا بەرزەی کورد و ڕۆژەڵاتە، لەبەر ئەوە تەنیا دوو شیعری کوردیم لێوە دەست کەوت، نەمتوانی پێ بە جەرگی خۆما بنێم، دوور و درێژ ژیانی بنووسم. ئەگینە ژیان و لاپەڕەی ڕۆزگاری مەولانا خالید ئەستێرەیەکی هەرە گەشە بە ئاسمانی کوردەوە، چاوەڕێی ئەوەم کرد بەڵکوو هەندێ شیعری ترم لە کوردیدا دەست کەوێ.

٦٦- «حەماغای دەربەنفەقڕە» لە ساڵانی ١٧٣٢-١٧٦٥ ژیاوە.

٦٧- «زەبوونی» کە سڵێمان بەگی زەنگنەیە، لە ساڵانی ١٧٨٠-١٨٠٠ مردووە.

٦٨- «مەلا نووشای زەنگەنە» لە ساڵانی ١٧٨٠-١٨٣٠دا ژیاوە.

٦٩- «مەلا موحەممەدی بانە» (١٧٨١-١٨٤٣).

٧٠- «میرزا شەفیعی جامەڕیزی دەلوویی» (١٧٨٥-١٨٣٥).

٧١- «ئەحمەد بەگی کۆماسی» لە دەروبەری ساڵانی ١٧٩٣-١٨٧٦دا ژیاوە.

٧٢- «عەبدوڵڵای کوڕی نەسروڵڵای ئارەنانی» (١٧٩٥-١٨٥٠).

٧٣- «مەڵکە مراوەیس».

٧٤- «شاپەرتەوی حەکاری» لە ١٨٠٦دا دیوانێکی دەستخەتی نووسراوەتەوە.

٧٥- «خەستە» لە شاعیرانی سەدەی ١٣ هیجرییە.

٧٦- «مەلا موحەممەد ئەمینی، ئەمینولئیسلامی سنەیی»، (١٨٢٤- ١٨٨٣).

٧٧- «مەلا یۆنسی هەڵکاتینی».

٧٨- «ئەحمەدی کوێری موکریانی». لە سەدەی ١٨ی میلادیدا ژیاوە.

٧٩- «ئەمین بەگی دزەیی».

٨٠- «حاجی مەلا ئەحمەدی نۆدشی» (١٨١٥-١٨٨٣).

٨١- «عەلی عاشق». شاعیرێکی کۆنی موکریان بووە، هێشتا بۆم ساغ نەبووەتەوە کە لە چە وەختێکا ژیاوە.

٨٢- «غوڵام شاخانی والی ئەردەڵان» لە ١٨٦٦دا مردووە.

٨٣- «موحەممەد بەگی دەربەندی».

٨٤- «شێخ حوسەینی کانی مشکانی» (١٨٢٤-١٨٨٩).

٨٥- «شێخ موحەممەدی فەخرولعولەمای سنەیی» کە لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی «دژنە» بووە و لە ١٨٨١دا مردووە.

٨٦- «موحەممەد حەزبن خالدی»، لە شاعیرانی کوردستانی شیمالی بووە، لە «الهدیە الحمیدیە»دا شیعری هەیە.

٨٧- «موحەممەدی فیکری».

٨٨- «شێخ عەبدوڕڕەحمانی مەولاناوا» کە بە شێخ عەبدوڕڕەحمانی جانەوەرە بەناوبانگە. (١٨٢٨-١٨٨٣). جانەوەرە گوندێکە لە مەریوان.

٨٩- «ڕەنجوور» ناوی موحەممەد و کوڕی یۆسفی شێحانییە (١٨١٠-١٨٨٠).

٩٠- مەستوورە خانمی سنەیی ئەردەڵانی، ناوی ماهشەرەفە و کچی حەسەن بەگی کوڕی حەمە ئاغای نازری سنەیییە، (١٨٠٠-١٨٤٤).

٩١- «سەعدوڵڵا کەڵهوڕ» (١٨٠١-١٨٥٢).

٩٢- «مەلا ئەحمەدی شێخولئیسلامی سنەیی» (١٨٠٤-١٨٦٩).

٩٣- «مەحاک»، ناوی مەحموود و کوڕی ئەحمەدە و لە ڕەچەڵەکدا زەنگنەیییە، بەڵام بە داودە بەناوبانگە. لە ١٨٧٥ مردووە.

٩٤- «مەلا قادری شێخ وەسانی» هاوچەرخی حاجی قادری کۆیی بووە.

٩٥- «سرێ خانمی دیاربەکری» (١٨١٤-١٨٦٥).

٩٦- «حەیران خانمی نەخجەوانی».

٩٧- «عەبدوڵڵا فاتەکەی شێخانی» (١٨١٨-١٨٨٥).

٩٨- «مەلا فەتحوڵڵای سعرد» لە سەرەتای سەدەی ١٤ی هیجری ژیاوە. شیعری لە «الهدیە الحمدیە»دا هەیە.

٩٩- «ئەمانووڵا خانی والی ئەردەڵان» کوڕی خەسرەوخانی گەورە، لە ١٨٢٤ مردووە.

١٠٠- «خەسرەوخانی ناکام»، کوڕی ئەمانوڵڵا خانی والی (١٧٩٩-١٨٢٩)، ئەم خەسرەو خانە مێردی ماهشەرەف خانم بووە و لە ١٨١٩ بووە بە «والی» سنە.

١٠١- «ئاقەی ئازادە شوحانی کەلهوڕ».

١٠٢- «شێخ حوسەینی قازی» لە سولەیمانی، (١٧٩١-١٨٧٠).

١٠٣- «فەقێ هۆمەری جوانڕۆیی»، شاعیرێکی شەعبی بووە لە دەوروبەری ١٨٧٦دا مردووە.

١٠٤- «ئەحمەد پەریسی» (١٨١٣-١٨٨٠).

١٠٥- «وەلی وێوانەی کەماڵەیی» (١٨٢٦-١٨٨١).

١٠٦- «مەلا لوتفوڵڵای شێخولئیسلامی سنەیی» (١٨٣٥-١٨٩٦).

١٠٧- «ئەختەر» ناوی ئەمین ئاغا و کوڕی حاجی بەکرئاغای کۆیییە. (١٨٣٦-١٨٨٦).

١٠٨- «شێخ عەبدوڵڵای فەیزی» لە ئاخر و ئۆخری سەدەی ١٣ی هیجریدا بووە، شیعری لە «الهدیە و الحمیدیە»دا هەیە.

١٠٩- «حوسەین قولی خانی» کوڕی موستەفا قولی خانی دیوانبەگی (١٨٣٠-١٨٨٧).

١١٠- «عەبدوڵڵا حەسەن میکایلی» (١٨٣٧-١٨٩٦).

١١١- «مەلا ئەحمەد نەسیرولئیسلامی سنەیی» (١٨٣٨-١٨٩٧).

١١٢- «میرزا ڕەحیم وەفایی» (١٨٣٨-١٨٩٩).

١١٣- «حاجی مەلا عەبدوڵای کۆیی» (١٨٣٩-١٩٠٨).

١١٤- «کەیفی جوانڕۆیی» (١٨١٤-١٨٨٣).

١١٥- «مەڵکەی جوانڕۆیی» هاودەورەی مەولەوی بووە.

١١٦- «حاجی مەلا ئەحمەد» کوڕی مەلا سەعید تیکانتەپەی موکری، هاودەورەی شێخ ڕەزا بووە.

١١٧- «حاجی مەلا ڕەسووڵی دێڵێژەیی» (١٨٣٩-١٩٢٩).

١١٨- «فەریق» ناوی مەلا ڕەسووڵ و خەڵکی گوندی قۆخەمامۆی مەریوانە لەبەینی شلێر و بانەدا.

١١٩- «مەلا ئابی» ناوی شێخ مەحموود و کوڕی شێخ سەعدوڵڵای مەریوانییە.

١٢٠- «موستەفا بەگی باوەجانی» کە پێیان وتووە «مچە گەوج» هاودەورەی شێخ ڕەزا بووە.

١٢١- «مەلا وەلەوخان»ی شاعیری جافان.

١٢٢- «میرزا یاقۆی مایدەشتی».

١٢٣- «قەمەر عەلی».

١٢٤- «مەلا ساڵحی سەلارەوەند».

١٢٥- «مەلا عەبدولخالقی پاوە».

١٢٦- «زەنووری».

١٢٧- «خانە گایی».

١٢٨- «شێخ شەهابی لۆنی».

١٢٩- «جنوونی».

١٣٠- «داخی».

١٣١- «عەلی بەردەشانی گەورە».

١٣٢- «عەلی بەردەشانی بچووک».

١٣٣- «عەبدوڵڵای فەیزی مووشی»، لە نیوەی ئاخری سەدەی ١٣ی هیجریدا ژیاوە.

١٣٤- «قادر لهۆنی».

١٣٥- «شاکە گەڵاڵی».

١٣٦- «مەسوور گەڵواخی».

١٣٧- «یۆسف بەگی ئیمامی».

١٣٨- «کڵاشی»، بەرپەلی جوانڕۆ کەوتووە.

١٣٩- «میرزا مووسا».

١٤٠- «هیجری».

١٤١- «غەریق».

١٤٢- «غەمبار».

١٤٣- «ساڵح ئەفەندی ئاهی»، لە سەدەی ١٣-١٤ هیجریدا ژیاوە.

١٤٤- «حەسەن کەنۆشی دەلۆیی» (١٨٤٠-١٨٩٤).

١٤٥- «مەلا خەلیل»ی کوڕی مەحموود مونەووەری داودە، لە ١٨٩٧دا مردووە.

١٤٦- «خاکی»، ناوی «موحەممەد» و خەڵکی گوندی بڕنەیە (١٨٤١-١٩١٢).

١٤٧- «مەلا خاکی».

١٤٨- «زاهیر دێڵێژەیی»، (١٨٤٢-١٩٠٠).

١٤٩- «شێخ کۆڵەکەی هەورامی»، لە ١٨٦٦ کوژراوە.

١٥٠- «ئەمین یەمەنی سولەیمانی» کوڕی ئەحمەد (١٨٤١-١٩١٩).

١٥١- «ئەحمەد فائیز» کوڕی سەیید مەحموودی گڵەزەردەیی، (١٨٤٢-١٩١٨).

١٥٢- «مەلا ساڵحی تەڕەماری» (١٨٤٥-١٩٢٠).

١٥٣- «شێخ سەعید»ی کوڕی شێخ موحەممەدی دۆڵاش، لە ساڵانی ١٨٤٦-١٩٠١ ژیاوە.

١٥٤- «سەیید سڵێمان»، شاعیرێکی خانەقی بووە.

١٥٥- «مەلا باقری شێخولئیسلامی سنە» (١٨٤٣-١٩٠٥).

١٥٦- «مەلا حەمدوونی کوێر» (١٨٥٣-١٩١٥).

١٥٧- «فەقێ قادری هەمەوەن» (١٨٣٧-١٨٩٩)

 

لە دەوروبەری ساڵانی ١٧٠٠ی میلادی «خوادادە شەل» ناوێک لە عەشرەتی هەمەوەندی دەوروبەری کرماشان بە ناوبانگی «شێخ ڕەزای هەنگەژاڵە»وە، لە هەوارگەی خۆی ئەپەڕێ و بە ناوبانی زەهاودا دێ بۆ بناری «پێنجوێن» و ئەچێتە دێی «هەنگەژاڵە» بۆلای شێخ و ئەبێ بە دەروێشی شێخ ڕەزا و ماوەیەکی پێ ناچێ شێخ لە عەشرەتی «تیلەکۆ» ژنێکی بۆ دێنێت. «خواداد» لەم ژنە گوار کوڕی ئەبێ: «یادگار -کە پێیان وتووە چەلەبی- ڕەمەزان - ڕەشید - سەفەر». زۆری پێ نەچووە ئەم بەرەبایە لە گوندی هەنگەژاڵەوە بار ئەکەن و ئەچنە دەشتی «بازیان» و شاری «چەمچەماڵ» بە ناوی چەمچەماڵی کۆنە شوێنی خۆیان لە دەوری «کرماشان» و «بێستوون» -کە «سوڵتاناوا»شیان پێ وتووە- ئاوا ئەکەنەوە و تیایا دائەنیشن. ئەمانە وردە وردە پەرە ئەستێنن و هەر چوار تیرەکەی هەمەوەند: «چەلەبی، بەگزادە، ڕەمەوەند، ڕەشەوەند و سەفرەوەند» دروست ئەکەن و ناو و ناوبانگێکی باش لە دەشتی بازیانا پەیدا ئەکەن.

تەنانەت ئەفسانەیەک لەناو هەمەوەندەکانا هەیە کە گۆیا «لەو سەردەمەدا کە خواداد لەلای شێخ ڕەزای هەنگەژاڵەوە بووە، شەوێک خەوێک ئەبینێ، لە خەویا ئاگرێک لەسەر کێریەوە بڵێسە ئەستێنێ و بەرئەبێتە ئن و شاخودداخە. هەر چەندە ئەکەن بە کەس ناکوژێتەوە. بەیانی خەوەکەی بۆ شێخ ئەگێڕێتەوە، شێخ پێی ئەڵێ: لە نەتەوەی تۆ عەشرەتێکی ئازا و گەورە ئەکەوێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش بووە کە ئەو ژنە «تیلەکۆیی»یەی لێ مارە کردووە.»

لە ڕاستیدا عەشرەتی هەمەوەند تاریخێکیان لە لاپەڕەی کوردەواریدا گێڕاوە و بە ئازاتر عەشرەتی کورد بەناوبانگ بوون. دوو حکوومەتی ڕۆم و عەجەمیان گەلێ جار تووشی دەردیسەری کردووە و هەر لە دوایشیان دەرنەهاتوون. پیاوی وەکوو «شەریف هەمەوەند» و «جوامێر»ی بەگزادەیان لێ هەڵکەوتووە، کە ئەم جوامێرەیان داستانێکی لە حکوومەتی ئێرانا هەیە و لەپاشا لە لایەن «موحەممەد حوسەین خان حسام الملک»ەوە لە ١٨٨٥ بە فێڵ کوژرا. ژنەکانیشیان ئازا و تفەنگچی و شۆڕەسوارن. شوێن دانیشتنی ئەم عەشرەتە بەینی «کەرکووک» و «سولەیمانی»یە، لای ڕۆژهەلاتیان ڕووباری «باسەڕە»یە لای ڕۆژاوایان «قەڵا سێوکە». لای جنووبیان «جەباری» و لای شیمالیان «تاسڵووجە»یە. ئەم عەشرەتە لەبەین ٩٠٠ تا ١٠٠٠ خێزانێک ئەبن.

لەو سەردەمەدا کە «خواداد» و کوڕەکانی لە وڵاتی «چەمچەماڵی بازیان» ناو و ناوبانگێک پەیدا ئەکەن، یەکێ لە ئامۆزاکانی خواداد کە «چەم سوورخاو»ی ناو ئەبێ، خۆی و هەر سێ کوڕەکەی: «شاوەیس، کاکەوەیس و بارام» ئەوانیش لە «چەمچەماڵی کرماشان»ەوە بار ئەکەن و دێن بۆلای ئەمان، ماوەیەکی زۆریان پێ ناچێ بارامیان کچێکی چەلەبی هێناوە کە ناوی «خاتوون» و خوشکی شەریف هەمەوەن بووە، بارام لەم خاتوونە دوو کوڕی بووە: «عەلی گوڵخاتوون، هەیەر گوڵخاتوون». هەیەر گوڵخاتوون لە شەڕی بەینی تورک و هەمەوەندا هەر بە گەنجێتی ئەکوژرێ و هیچ نەتەوەیەکی لێ بەجێ نامێنێ. عەلی گوڵخاتوونیان نۆ کوڕی بووە: «عەوڵا، فەتە، ئەمین، سەعە، ئەحە، ڕەزا، سڵە، بارام، مەحوول». بە جۆرێکی تێکڕایی لەم کوڕانەی خواداد و چەم سوورخاوە عەشرەتی هەمەوەندی دەشتی بازیانی ئیمڕۆ کەوتووەتەوە. هەر چەندە بە بەرەی چەم سوورخاو ئەڵێن «سیتەبەسەر» ئەبێ ئەمە «سە تا پسر» بێ و بە ناوی سێ کوڕەکەیەوە بێت، بەڵام لە ڕەچەڵەکدا سیتەبەسەر و هەمەوەن هەر دوو لا هەر هەمەوەندن و جیا نابنەوە، ئەو کەسانە کە سیتەبەسەر بە «جاف» دائەنێن، دوور نییە زۆر چاک لەم باسەیان نەکۆڵیبێتنەوە، بۆیە وایان وتووە و تیایا بە هەڵە چوون.

ئەم عەشرەتە شێوەی قسەکردنیان لە «کەلهوڕ» ئەکا نەوەک لە «جاف». هەموو شافیعی مەزهەبن و زۆر بە سۆزیشن تیایا. وەکوو ئەمەیان هەیە، ئەوەشیان هەیە کە لێیانەوە ئەگێڕنەوە ئەوا ئەچن:

کاروانێک ڕووت ئەکەنەوە، دەمدەمی خۆراوایە، یەکێکیان نوێژی عەسری نەکردووە. ئامۆژگاری ئەوانی تر ئەکا ئەڵێ: ئێوە سەر ڕێی کاروانەکە بگرن مەیەڵن بڕوا تا من نوێژەکەم ئەکەم با نەیەڵم بڕوا!. دیسان لەگەڵ ئەمەشا چەند ڕەوشتێکی تریشیان هەیە، وەکوو ئەوە: هەر دوژمنی خۆیانیان بە زەبوونی هاتە بەرچاو ئیتر لێی ئەگەڕێن. ئەگەر چوون بە ڕووتکردنەوەی کاروانێک و ئەو کاروانە ژنی لەگەڵ بوو، لێی ئەگەڕێن و دەست لە کاروانەکە نادەن، ئەگەر هاتوو ناکۆکییەک لەبەین دوو تیرەیانا هەبوو، وە لەو وەختەدا چورتمێکی تێکڕایی هات بەسەر هەموویانا، یەکێکیان هەڵئەسێ ئەکەوێتە ناو هۆزەکان و بەردێ ئەگرێ بە دەستەوە، بانگ ئەکا: کوڕینە، دوژمنایەتییەکەی خۆمان با بوەستێ و - لەبەر چاویانەوە بەردەکە لە شوێنێ دائەنێ و ئەڵێ: وا دوژمنایەتییەکەی خۆمان لەم شوێنە دانا - هەستن عێلجاڕ بکەین، با بچین ئەو دوژمنە تێکڕایییە چار بکەین، وە ئەو وەختە ئەگەڕێینەوە سەر هینەکەی خۆمان!. ئیتر بە تێکڕا هەموو دەستی ئەدەنێ.

هەمەوەندە کۆچ نەکردووەکانی دەوری کرماشان ئەوانیش لە وەختی خۆیدا هەر «شافیعی مەزهەب» بوون وەکوو ئەمان، بەڵام بەپێی ناوچە لەژێر فشاری «سەفەوی»یەکانا ئەوان بوون بە «شێعە» و لەو وەختە ئیتر هەر وا ماونەتەوە. ئەمێنێتەوە سەر وشەی «هەمەوەند» . هەندێک ئەڵێن: ئەمە «ئەحمەدوەند»ە و کراوە بە «هەمەوەند» و گۆیا لە نەتەوەی ئەو «ئەحمەد» ناوەن و «وەند» بە مانای «زادە»یە! لەگەڵ ئەوە باوەڕێ من پێچەوانەی ئەمەیە، من لام وایە:

ئەم وشەیە ئاشنایەتی بە «ئەحمەدوەند»ەوە نییە، بەڵکوو ئەمە لەسەر ئەو شێوەیە کە بە «هەمەوەند» ئەڵێ «هەماوەند». ئەسڵەکەی «هوماوەند»ە. «هوما» مەلێکی بە نگینە، «وەند»یش لە پەهلەوی کۆندا بە مانا «خاوەن»ە، «هوما» لەسەر زار بووە بە «هەما». ئینجا «هەماوەند - هەمەوەند - هەمەوەن». وەیا هەر ڕاستەوڕاست «هەمەوەن»ە. «هەمە» بە مانا «هەموو»ە. «وەن»یش لە پەهلەویدا بە مانای «وەکوو». واتە «هەموو وەکوو یەکن». ئینجا موناسەبە لەگەڵ عەشرەتەکەدا لەسەر هەر دوو مانعاکە:

لەسەر یەکەمیان: ئەبێ باپیرە هەرە گەورەی ئەمانە خۆی لە خۆیەوە کتوپڕ هەڵگڕابێ و ناوی دەرکردبێ، بە جۆرێکی وا مەردم لێی سەرسام بووبێتن و وتبێتیان ئەمە چییە وا زوو بەرز بووەوە؟ یەکێک لە وەڵاما وتبێتی: «بابە، هوماوەندە» واتە: خاوەن هومای نگینە، ئیتر ئەو ناوە بڕابێ بەسەر خۆی و نەتەوەکەیا. لەسەر مانعای دووهەمیش: یەکێک لە وەختی خۆیا چاوی بە هەندێک لەمانە کەوتبێت، هەموو لە یەک چووبێتن،مەبەستەکەی خۆی بۆ جیا نەکرایێتەوە!. کە لێیان پرسیوە

وتوویە: «هەمەوەن» واتە: «هەموو وەک یەک». ئیتر «هەموو وەک یەک - هەمەوەن» بۆیان بووبێت بە ناو. بۆیەش ئەڵێم «وەند» بە مانا «زادە» نییە، چونکە نە لە پەهلەوی کۆندا و نە لە شێوەکانی کوردی کۆن و تازەدا «وەند» نەهاتووە بە مانا «زادە».

 

١٥٨- «مەلا عەلی شێخانی شنۆیی».

١٥٩- «مەلا عەبدوڕڕەحمان»ی بۆڕییەری کوڕی مەلا جامی، (١٨٥٨-١٨٩٦). ناوی شیعری شەیدا بووە.

١٦٠- «مەلا مەحموودی باکی»، لە دەوروبەری سەقز بووە، (١٨٣٥-١٨٩٩).

١٦١- «مەلا عەبدوڕڕەزاق شێخولئیسلامی سنە»، (١٨٤٩-١٩٠٩).

١٦٢- خاتوو خورشیدی کچی شێخ مارفی کەوڵووس لە ساڵانی ١٨٨١-١٩٣١دا ژیاوە.

١٦٣- «سەیید ڕەشید»، ناوی شیعری «شەهید» بووە و پیاوچاکێک بووە لە خانەقای شێخی بورهان، (١٨٥١-١٩٣٣).

١٦٤- «مەحموودپاشای جاف» (١٨٤٦-١٩٢١).

١٦٥- «وەسمان پاشای جاف» (١٨٤٧-١٩٠٩).

١٦٦- «مەلا عەبدوڵڵای عیرفان» (١٨٥٤-١٩١٥).

١٦٧- «میهرەبان»ی کچی مەلا حەسەنی بڕواری، لە ساڵانی ١٨٥٨-١٩٠٥ ژیاوە.

١٦٨- «فەقێ عەبدوڕڕەحمان»ی کوڕی فەقێ هۆمەری جوانڕۆیی (١٨٧١-١٩٢٦).

١٦٩- «مەلا ساڵحی مەلا ئەحمەدی سورنجداغی»-«سورنجداغ» گوندێکە لە دەوروبەری سەقز-لە ١٩٠٠ مردووە.

١٧٠- «سەیید ئەحمەدی نەقیب» (١٨٦٣-١٩٠٩).

١٧١- «سەیید ئەحمەدی خانەقا» کوڕی سەیید حوسەینی کوڕی شێخ ئەحمەدی سەردار (١٨٧٠-١٩٥٢).

١٧٢- «شوکری فەزڵی» هاودەورەی شێخ ڕەزا بووە.

١٧٣- «میرزا سەلیمی سابڵاخی» لەبەین ساڵانی (١٩٠٥-١٩١٠) مردووە.

١٧٤- «مەلا حەسەنی ئیبنولقزڵجی» لە ١٩٠٨دا مردووە.

١٧٥- «مەلا عەبدوڵڵای حاجی قادری کۆیی» لە سابڵاخ دانیشتووە، لە دەوروبەری ١٩١٠دا مردووە. ئەم حاجی قادرە، «قادری کۆیی»ی بەناوبانگ نییە.

١٧٦- «سەیید موحەممەدی سەعیدی کۆڵیجی» لە ١٩٠٦دا مردووە.

١٧٧- «پیرۆز»ی کچی حەسەن کەنۆش لە ١٩١١دا مردووە.

١٧٨- «مەلا ڕەحمەتوڵڵای گوڵ» لە ١٩١٧دا مردووە.

١٧٩- «شێخ سەمیمی شێخ ئەحمەدی بەرزنجی» (١٨٤٣-١٩٢٠).

١٨٠- «میرزا مەحموودی سابڵاخی» لە ١٩١٥دا مردووە.

١٨١- «مەلا عارف سائب» (١٨٨٩-١٩٢٣).

١٨٢- «شێخ سەعید»ی کوڕی شێخ مەحموودی کلدار (١٨٦٨-١٩٢٥). ئەم شێخ سەعیدە ئەوەیە کە ئاژاوەی ١٩٢٥ی لە تورکیا هەڵگیرسان و تورکەکان لە داریان دا.

١٨٣- «ئەمین فەیزی بەگ» لە ١٩١٥ لە حەڵەب دیویانە.

١٨٤- «شێخ عومەری بیارە» (١٨٣٩-١٩٠٠).

١٨٥- «شێخ نەجمەددینی بیارە» (١٨٦٢-١٩١٨).

١٨٦- «شێخ بابای غەوسابادی» ڕەئیسی تەریقەی قادری، لە ١٩١٦ تورکەکان خنکاندیان.

١٨٧- «مەلا ئەحمەدی حاجی عەلی هەڵەبجەیی»، ناوی شیعری «فەوزی» بووە و لە سابڵاخ دانیشتووە، لە دەوروبەری ١٩٢٣دا مردووە.

١٨٨- «مەلا عەزیزی موفتی سەقز» لە ١٩٢٥ مردووە.

١٨٩- «خالسی» ناوی شێخ مەحموود و کوڕی شێخ ڕەزای تاڵەبانییە. (١٨٧٤-١٩٢٥).

١٩٠- «دوکتۆر سەعیدخان» لە ١٩٢٥دا مردووە.

١٩١- «مەلا مەحموودی کوێری قوبایی» لە دەوروبەری ١٩٢٥دا مردووە.

١٩٢- «شەفیق» ناوی مەلا ئەحمەد و کوڕی مەلا کەریمی بێستانە. (١٨٧١-١٩٢٨).

١٩٣- «مەلا موحەممەد»ی کوڕی حاجی مەلا عەبدوڵڵای کۆیی، (١٨٨٠-١٩٤٣).

١٩٤- «سافی» کاک موستەفای ئێران (١٨٧٦ -١٩٤١).

١٩٥- «مەلا فەتاح وەهبی» (١٨٧٦-١٩٣٩).

١٩٦- «مەلا مارفی کۆکی» (١٨٧٣-١٩٤٦).

١٩٧- «میرزا حەسەنی سیفولقوزات» کوڕی میرزا قاسمی سابڵاخی، (١٨٧٧-١٩٤٤).

١٩٨- «فەریق حاجی موستەفا پاشا»، (١٨٦٨-١٩٣٦).

١٩٩- «شێخ بابا ڕەسووڵی عەبابەیلێ» (١٨٧٨-١٩٤٣).

٢٠٠- «مەلا ئەحمەدی مەرخوزی» لە ١٩٢٥ مردووە.

٢٠١- «سەیید حوسەین حوزنی موکریانی» (١٨٨٦-١٩٤٧)

٢٠٢- «موحەممەد ئەمین زەکی عەبدوڕڕەحمان» (١٨٨٠-١٩٤٨).

٢٠٣- «مەحموود جەودەت» «١٨٨٩-لە ١٩٤٧/١١/٢٠» خنکێنرا.

٢٠٤- «شێخ نەجمەددین» کوڕی شێخ عەبدوڕڕەحمانی قەرەحەسەنی (١٨٩٠-١٩٤٥).

٢٠٥- «بابە عەلی بێدار خانەقی» (١٨٩٢-١٩٤٩).

٢٠٦- «ئەمیر جەلادەت عالی بەدرخان» (١٨٩٧-١٩٥١).

٢٠٧- «کامل حەسەن» (١٨٩٧-١٩٤١).

٢٠٨- «مەلا عەلدوڵڵا»ی کوری مەلا کەریمی پێنجوێنی، ناوی شیعری موفتی و زایندەی دێی «بێستان» بووە، (١٨٩٣-١٩٥٢).

٢٠٩- «شێخ عەبدولئەحەد ناکام» نەوەی شێخی بورهان (١٩٠٧-١٩٤٣).

٢١٠- «شێخ ئەحمەدی سریلاوە» (١٩٠٤-١٩٣٣).

٢١١- «یۆنس ڕەئووفی کۆیی»، ناوی شیعری دڵدار بووە، (١٩١٧-١٩٤٨).

٢١٢- «مەلا ئەحمەدی قەسرەت» (١٨٨٩-١٩٤٥).