ئەدەبی ڕۆمانی و کوردی

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 10 دقیقه  2145 مشاهده

بۆیە ئەدیبەکانی ڕۆمان کەوتنە سەر ئەوە کە فەن بدۆزنەوە و خۆشەویستی نیشتمان بێننە ناوەوە، چونکە چاویان لەوەوە بوو کە ئەدەبەکەیان بگاتە ئەدەبی یۆنان. نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو لایان وابوو ئەگەر ئەم هەنگاوەیان هاویشت، ئەدەبەکەی ئەمان پێش هینەکەی یۆنانیش ئەکەوێ! لە ڕیوایاتی شانۆدا ئەمەیان بۆ نەکرا، بەڵام لە شیعردا زۆری نەمابوو بیگەنێ. زۆری نەمابوو کە شاعیری هەرە گەورەی لاتین «ڤەرچیل» (٧٠-١٩ی پێش میلاد) پێشیان بکەوێ.

شتی سەیر ڕوو ئەدا! ئاورووپایییەکان هەتا چەند سەدە، کە بیانوتایە شاعیر، ئیتر هەر مەبەست «ڤەرچیل»بوو!. چۆن کە بوترایە فەیلسووف مەبەست «ئەرەستوو»بوو، وەیا چۆن لە باسی شاعیرانی کورددا بوترێ مەلا مەبەست«شیخ ئەحمەدی جزیری»یە، ئەویش وابوو.

ڤەرچیل بۆیە ئاورووپایییەکان لە سدەکانی ناوەڕاستدا بەرزیان کردبووەوە و «دانتی»ش لە سەدەی سیانزدەهەمدا هەر بە «ڕابەر»ی ناو ئەبرد، چونکە بەبێ کێشە تاقە شاعیرێکی ڕۆمان بوو. بۆیەش تاقانە بوو، چونکە «بەستەی شوان=أناشید الرُّعاةعربی»ی هەبوو. کە شوان چۆن لەلادێدا ڕائەبوێرێ و لەبەین یەکدا دەست ئەکەن بە دەمەگاڵتە و چیرۆک گێڕانەوە؟. ئەیویست بەم شیعرانەی شان بدا لە شیعری «ثیوقریتس» لە یۆناندا. شانی لێدا و لێشی پێشکەوت، چونکە ڤەرچیل ئارەزووی دیمەنی تەبیعەتی بوو، باسی باخەکانی شیمالی ئیتالیای ئەکرد کە تیایانا دانیشتبوو. هەر لەبەر ئەم شیعرە لادێیییانە بوو کە ڤەرچیل بوو بە شاعیرێکی قەومیی ئیتالیای کۆن و تازە. بۆیەش وای لێ هات؛ چونکە باسی دیمەنەکانی ئیتالیای بە جۆرێ ئەکرد، کە شاعیرێکی تری ڕۆمان نەیکردبوو. بۆیەش کەوتبووە سەر ئەم هەوایە؛ چونکە چاوی بە بڕە بێشەڵانەکەی باوکی کەوتبوو، ئیتر بەستەی شوانی بۆ دانا. پاش ماوەیەک «ڕۆما» تێکچوو، ئەمیشیان برد بۆ موحاکمە، تۆزێ دڵی بە خۆی خۆش کرد، گۆیا بە هۆی زمان پاراوییەوە ڕزگاری ئەبێت و لەپاشا ئەبێ بە مەحامی و بەم ئیشەی ژیانی لادێ لائەبا. کە چی لە مەحکەمەکەیدا زمانی پێکاهات و ئەو ئارەزووەی بۆ نەهاتە دی! وتی: ئەبم بە مێژوونووسی ڕۆمان، سەیری کرد هیچی لێ نازانێ. لەپاشا گەڕایەوە بۆ لادێ و چاوی بڕییە بێشەڵانەکەی باوکی و دەستی دایەوە بە شیعری دیمەنی تەبیعەتەوە. لەمەوە بۆ ئەو جۆرە شیعرانە کە جووتیار و شوان ئەیڵێن. زۆرتریش کە کەوتە سەر ئەم جۆرە شیعرانە «شیعری جوونیار» «میسناس» وەزیری «ئوغستس» هانەهانەی ئەدا. ئەمە بۆ ئەوە کە لادێیەکان بچنە شارەکانەوە. «درەیدێن» شاعیری گەورەی ئینگلیز ئەم بەشە شیعرەی ڤەرچیل «کە لاسی دیمەنی تەبیعی ئەکا» لە لاتینییەوە کردوویە بە ئینگلیزی و بەلاغەتی تێدا نواندووە، لە ئینگلیزییەکەشەوە کراوە بە عەرەبی. ئەمە نموونەیەکە لەو شیعرانەی کە باسی بەهار ئەکات:

«بەهار هات جەنگەڵی جوان کرد و گەڵای تازە کردەوە ... منداڵدانی زەوی دەمی کردەوە بۆ تۆ و ... لەو کاتەدا گەورەی خواکان لە بەرزییەوە هاتنە خوارەوە ... بۆ ئەوە بڕژێتە ناو بووکە تازە جوانەکەیەوە - کە ئەو نمنمە بارانانەن و شت ئەڕوێنن - ... ئەندامی لەگەڵ لەشی بووکەدا تێکڵاو بوو ... پرووشە گیا دەستی هێنا بە خۆیا ... بە یارمەتیی خوا گژوگیا خەمڵی و بوو بە گوڵاڵە ... باڵندە دەنگخۆشەکان ڕوویان کردە تەریکەکان ... گیانلەبەر - کە تەبیعەت دەستی تێیانەوە ژەندبوو - ڕەنگی دڵداری و غەزەلخوازییان هەڵهێنایەوە ...».

ڤەرچیل شاعیری ڕۆمان لە باری دیمەنی تەبیعەتدا بەم جۆرە ئەسپی خۆی تاو داوە. «حاجی قادری کۆیی»ش لە مەیدانی دیمەنی بەهارا - کە دیمەنی تەبیعەتە - بە ٥٢ شیعر مەیدانداری ئەکا. ئەمە نموونەیەکە لەو بڕە شیعرەی:

وتم بە بەختی خواڵوو: بەسە ئەتۆ بی [و] خوا
لە خەو هەستە زەمانێ بچۆرەوە ئەولا
گوڕەی بەهارییە ئێستێکە شاخ و داخی چیا
پڕە لە لالە و نەسرین و نێرگس و شەهلا
لە گرمە گرمی سەحاب و لە هاژەی باران
چیایە پڕ لە هەرا و نەوایە، پڕ لە سەدا
پڕە لە سەیل و گۆلاو و کانی ڕووی زەمین
پڕە لە بەرق و بریقەی بروسکە، جەووی سەما
شکۆفە دیرهەمی شاباشی بای وەعدە دەکا
لە شەوقی مەقدەمی خەمڵیوە دار و بەردی چیا
پیاڵەی زەڕی نەرگس لەسەر کەفی سیمین
پڕە لە شەبنمی وەک دوڕڕ و لوئلوء و لالا
گوڵیش بە پەنجەی فەیرۆزە جامی یاقووتی
لەبۆ نیسار موهەییایە پڕ لە زەڕ و تەڵا
لە شادی وەک سەفی شایی، لە کێو و کەژ ئەزهار
هەژا بە خەلعەتی گوڵگوون، دەکەونە ڕەقس و سەما
چەمەن لەلالە میسالی خەتی ڕوخی دڵبەر
سیاهـ چادری لێ بۆتە خاڵی سەر گۆنا
لەکن بەنەوشە و خاو هەڵاڵ و بەیبوونی
میسالی پێستەی خاوە عەیبەری میسکی خەتا
چیا لە تەوقی سەری داڕژاوە تا کەمەری
چو زوڵفی پەرچەمی دەرهەم، چو پەرچەمی بەڕەزا
بە جۆشی ئاگری گوڵناری کانر هەڵدەقوڵێ
میسالی دیدەی وامیق لە حەسرەتی عەرزا
 

ئەگەر ئێستە ڕاستەوڕاست پیاو سەیری شیعرەکانی «ڤەرچیل» و «حاجی قادر» بکا، ئەڵێ: ئەوانەی کە ڤەرچیل وتوونی نابێ لە بەرانبەر هینەکانی حاجی قادرەوە بە شیعر ناو ببرێن. بۆیەش وا ئەڵێ، چونکە تەماشای ڕواڵەتەکەیان ئەکا، ئیتر چاو لەوە ئەپۆشێ کە هەرشتێک وەرگێڕایە سەر زمانێکی تر جەماڵی عیبارت تێک ئەچێ. ئێمە کارێکمان نەبێت بەسەر قافیە و وشەکانیانەوە، چونکە هینکەی ڤەرچیل لە ئەسڵی لاتینییەکەدا لە عیبارەتدا ئەگەر لە هینکەی حاجی زیاتر نەبێ کەمتر نییە. دیسان توخنی ئەوەش ناکەوین کە ڤەرچیل وەک شاعیرێکی یۆنانی لە شیعرەکانیا دەمی بۆ فەلسفەش بردووە. بەڵکوو هەر قسە تەنیا لە فیکرەکەدایە، ئەو فیکرەی بۆ دیمەنی تەبیعەت چووە و باسی کردووە، حاجیش لای لە دیمەنی تەبیعی کردووەتەوە و خۆی تێ هاویشتووە. ئەگەر تەنها سەیری لەم پەردەیە بکەین ئەم ئەدەبی کوردییە ئەگەر لەو ئەدەبەی ڕۆمانییە زیاتر نەبێ، شان بە شانی ئەو هەر ئەڕوات. بۆیەش ئەڕوا؛ چونکە ئەگەر ڤەرچیل چاوێکی بە کتێبەکانی یۆنان کەوتبێت، حاجی چاوی بە چی کەوتووە؟!. ڕاستە حاجی ئەم شیعرانەی لە ئەستەمبۆڵ وتووە، بەڵام بۆ دیمەن پەرستی وەکوو هەر لە کوردەواریدا بووبێت وایە، وا نەبێ کە لە کوردەواریدا دوور کەوتووەتەوە ئاسۆی فیکری لە باری دیمەنپەرستی، یا باسی دیمەندا لێک کشابێتەوە!.

***

ئەقڵی ڕۆمانی بۆ بەشوێن کەوتنی فەلسەفە شوێن پێی یۆنانیان هەئەگرت. «لوکریشس» شاعیری ڕۆمان ئەیویست فەلسەفە لە شیعردا جێ بکاتەوە، ئێجگاریش ئەو بڕە شیعرە فەلسەفییە ئەدەبییەکەی کە ناوی نابوو «تەبیعەتی هەموو شت» زۆر زۆر پێوە ماندوو بوو. هۆی ماندووبوونەکەشی فەلسەفەکە بوو، کە نەیئەهێشت قافیەی شیعرەکانی بۆ بێتەوە. بەڵام گوێی بە گرانی فەلسەفە هەر نەئەدا و شیعری بە قافیەی خۆی هەر دائەنا. ئەم شیعرانەی لوکریشس وێنەیەکن بۆ شیعری لاتینییەکی ئێجگار بەرز، تەنیا ڤەرچیل نەبێ کەس ناتوانێ پێشی کەوێ. ئەم هەموو عەزیەتەی کێشا کە چی هەر لە چنگ ڕەخنەگرەکان ڕزگاری نەبوو!؛ پێیا وت: ئەو باسە ئەو گرتوویە بەدەستەوە بۆ شیعر ناگونجێ، چونکە نە وشە و نە وەزن و نە قافیە لەوانە نین کە لە ڕیزی شیعرە هەرە بەرزەکانا دابنرێن!.

لەم شیعرانەی «تەبیعەتی هەموو شت» فەلسەفەی «ئەبیقووری»یەکان دەرئەبڕێت، لە هەندێ شوێنیا لەوانەیە ڕەخنەگر هەلی دەستکەوێ!، چونکە ئەڵێ: «شت، شت نییە کە ئەڵێیت ئەو شتە وەکوو ئەو شتە وایە، ئەوە یەکێکیان لەوی تریانەوە پەیدا بووە.کەون لە بۆشایی و لەگەرد پێک هاتووە. ماددە تیا ناچێ». ئینجا لەسەر گەرد «ذرّە» و بزووتنەوەی گەرد ئەڕوا و دڕێژەی ئەداتێ کە ئەجسام چۆن پەیدا ئەبێ و چۆن تیا ئەچێ ؟. کە سەیر ئەکەی ئەم جۆرە شتانە شیعر ناتوانێ بیانگرێتە خۆی، کەوابوو ڕەخنەگرەکان ناهەقیان نییە!.

«لیونارد» شاعیری ئەمەریکی هەموو شیعرەکانی «لوکریشس»ی کردووە بە ئینگلیزی، ئەمە نموونەیەک لەو شیعرانە کە ڕوو لە «ئەبیقوور» ئەکا و ئەڵێ:

تۆ ئەی ئەو کەسەی بەرزت کردۆتەوە لە تایکیداڕووناکییەک کە ڕێگەی ڕوون ئەکەیتەوە بۆ کامەرانی.

تۆ، ئەی سەرمایەی شانازی یۆنان، من شوێنت ئەکەوم.

شوێن پێیەکەت هەڵئەگرم هەنگاو بە هەنگاو.

بەربەرەکانێت ناکەم، بەڵام وەکوو تۆ ئەکەم.

ئایا پەڕەسێلکە بەربەرەکانێی «تم» ئەکا؟!

«تم»: مەلێکی مل درێژی جوانە لە ئاودایە.

لەو وەختەدا کە زەوی بەرگی سەوز ئەپۆشێ ئەڵێ:

«زەوی لەو وەختەوە پەیدا بووە بە هەموو وێنە گیای ڕواندووە.

گیای لێ ڕوا بەبێ خەوش، چە پێدەشتی چە سەرکێی.

مێرگی جوان بوو بە گوڵی زەرد و سوور.

دارەکان خەریکی ئەوەبوون ڕقەبەری لەگەڵ یەک بکەن بۆ بەرز بوونەوە.

پەلەوەر و گیان لەبەر هەموو جلی پڕ و موو، فەرایان لەبەر کرد.

زەوی جوانی بە دیمەن گیا و داری ڕواند.

ئینجا لەناو سکیەوە گیان لەبەری دەرکرد و ئەوانە لەوەڕان.

لەپاشا گیان لەبەرەکە کە زۆر بوو، بووبە هەموو ڕەنگ و شکڵێک.

کەوابوو زەوی دایکمانە و گومان لە دایکێتیدا نییە.

ژیان تێکڕا لەوەوە هات...».

***

«مەلای جزیری» لە بابەت فەلسەفەی وەحدەتەوە بڕە شیعرێکی هەیە. ئەگەر لەو ڕواڵەتا لەگەڵ هینەکەی «لوکریسش» جیا بن، لە ئەسڵی فەلسەفەکاریدا یەک ئەگرنەوە. بەڵام تەنیا فەلسەفە، ئیتر بەرزی و نزمی هەر کامیان ئەوە شیعرەکان خۆیان دەری ئەخەن. جا ئەمە نموونەیەکە لەو بڕە شیعرەی مەلا:

فەرق واحید ژ ئەحەد لێ د مەقامێ سەمەدی
بە حەقیقەت کوو یەکن هەردوو، چە واحید و چە ئەحەد
یەکە دەریا تو بزان قەنج، چە مەوج و چە حوباب
د ئەسڵدا کوو حەمێ ئاڤە، چە ئاڤ و چە جەمەد
ئافتابی ئەحەدییەت لە خودا گرتیە کەون
نەوەکوو عومرەک هەیە لێ گرتیە چە هەڤینی مە ڕەمەد
حوسن و زاتێ بوت و لاتان ژ جەمالێ «صَمَدعربی»ە
ژ میسالا سەنەمێ وەک تەجەللا بە «صَمَدعربی»

«بابا تاهیری هەمەدانی»ش ئەڵێ:

بەهار ئایی بەهەر لالە دلی بی
بەهەر لالە هەزاران بولبولی بی
بەهەر مەرزی نەیارەم پا نەهادەن
مەباد ئەز مو بەتەر سووتە دلی بی

پیاو کە بەراوردی فەلسەفەی ئەدەبی ئەم دوو قەومە ئەکا -ڕۆمانی و کوردی- ئەڵێ: ئایا چە کارەساتێک بووە کە تەنگی درێژی زەمانی هێناوەتەوە بۆ ئەوە ئەم دوو فیکرەیە بگەنەوە بە یەک؟!.