ئەدەبی یۆنانی و کوردی

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 22 دقیقه  2149 مشاهده

بێگومان ژیانی ئینسان وەکوو بێشەڵان پڕیەتی لە هەموو جۆرە تەرگەز و چاکەیەک. بەتایبەتی ئینسانی پێش تاریخ، کە ئەمە هیچ لاپەڕەیەک نایگێڕێتەوە . وەکوو ژیانەکە وایە، جیهانەکەش بە خۆی و ئاسمان و فەلەکەکانیەوە لتو خراپترن و تەلیسمەکایان لەو گرانترە. ئەوندە هەیە هەتا ئادەمیزاد زیاتر هاتۆتە پێشەوە، تاقیکردنەوە زۆرتر ناچاری کردوە بەوە کە لەشت ورد بێتەوە؛ لەوە ورد ببێتەوە بزانێ ئەم کەونە چییە؟ ئەم ئەستێرە و ڕۆژە چین و چۆن ئەسووڕێنەوە؟ چۆن ئادەمیزاد و گیانلەبەرەکانی تر دروستکراون؟ و بۆ چی ئەم گوڵە سوورە و ئەوەیان زەردە؟!. لەمانە ورد بۆتەوە و خەریکی بووە و کۆششی ئەوی کردووە کە بگا بە وەڵامێک. ئەمەی کردووە، بەڵام وەنەبێ توانیبێتی ئادەمیزاد و غەیری ئادەمیزاد لەیەک بکاتەوە- وەکوو ئێسە لێک ئەکرێنەوە- لای وابووە هەموو کەون یەک شتە و هەموو گیانلەبەرێک گیانێکی هەیە وەکوو گیانی ئادەمیزاد؛ نەوەک هەر گیانلەبەر، بەڵکوو دار، با، ڕۆژ و مانگیش هەر گیانیان هەیە، وە هەرکە بۆ خۆیان وەکوو ئادەمیزاد لە کاروباری ژیانا سەربەخۆن.

جا لەبەر ئەم باوەڕە ئادەمیزادی پێشوو لە تەبیعەتی کۆڵیوەتەوە و ویستوویە حەقیقەتێک وەربگرێت.ئەم لێکۆڵینەوەیە ناچاری کردووە بە هۆنینەوەی قسە و ڕێکخستنی ئەوجۆرە شتانە لە ئادەمیزاد بوەشێتەوە و لە دار و دەوەنەکەش هەر بوەشێتەوە.بۆ هەر زاهیرەیەک ئەفسانەیەکی داناوە. ئێمە ناوی بە ئەفسانە ئەبەین، ئەگینە لە حەقیقەتا ئەو شتە ئەو دایناوە، ئاوێنەی عەقڵییەتی بووە. واتە: ئەقڵییەتی بۆ دۆزینەوەی شت هەر ئەوندە بڕی کردووە!. جا هەر ئەم ئادەمیزادە کە نەتەوەی ئادەمیزادە پێشووەکەن، کە ویستیان دەست بکەن بە دانانی ئەدەب و کردنەوەی قاپی ئەدەبیاتەوە، هیچ چاریان نەما ئەبوایە ئەفسانەی ئادەمیزادە سەرەتاییەکانیان بهێنایە و بیان نووسییایە. ئەو ئەفسانانە کە دەم بە دەم ئەگێڕرانەوە و هەر بەرەیەکیش کە ئەهات بە پێی ژێری خۆی شتێکی لێ زیاد ئەکرد و بەشی خۆی ئەخستە سەری!

دیارە ئەم ئەفسانانەش کە ئەبن بە بناغەی ئەدەب، ئەبێ بەپێی کەم زۆری زەواهیرەکان بێت. سەیر ئەکەی ئەفسانەیەک سەرەتای عالەم و سەرەتای دروستکردنی ئینسان ئەگێڕێتەوە، ئەفسانەیەک پەردەی ژیان ئەگێڕێتەوە کە چۆن ئادەمیزاد فێری ڕمبازی و سوالەت دروستکردنی و کشتوکاڵ بووە؟. یەکێکی تر قسە لە چۆنیەتی مانگ و ڕۆژ و ئەستێرەوە ئەکا، ئەفسانەیەک کاروباری پاش مردن ئەگێڕێتەوە. ئەمانەش بۆیە وا زۆرن، چونکە زاهیرەکانیان زۆرن؛ یانێ ئەگەر کەون یا ڕۆژ یا مانگ یا ئادەمیزاد یا پەردەی ژیان نەبوایە، دیار بوو قسە لە هیچیانەوە نەئەکرا. مەبەست بە زاهیرەکەش ئەو تاقە شتەیە کە بووە بە هۆی ئەفسانەکە. ئەم ئەفسانانەش کە پیاو لێیان ورد ئەبێتەوە، وەکو لە مەعنادا هەموو یەک بن وایە،چونکەهەموو لە یەک نوختەدا ئەبن بە شەریک ؛ ئەو نوختەیە کە ئاشنایەتی «نێر» و «مێ»یە پێکەوە!. جا ئەم نێر و مێیە ئیتر چە لە ئادەمیزادەکەدا بێ، چە لەغەیری ئەوا، یانێ: ئەم غەریزەی ئارەزووی جووتبوونە بۆ هەموو شت هەیە.

ئەم بیروباوەڕە سەری ئادەمیزادی کێشایە لای ئەو کە باوەڕ بە چەند خوایەک بکا و هەریەکە لە شوێنێکا دانیشتبن و هەر یەکە جۆرە ئیش و کارێکی ئادەمیزادەکە هەڵسووڕێنن!. وەکو چۆن هەندێکیشیان هیچ ئیشیان نییە، تەنیا دوژمنایەتی کردن نەبێ لەگەڵ ئادەمیرادا. ئادەمیزادەکەش بۆیە نوێژ و نیازی بۆ ئەکرد لە ترسی زیانی، نەوەک لەبەر خۆشەویستی!.

لێرەدا سەیر ئەکیت ئەفسانە ەموو بوون بەهۆی ئەوە ئایین دروست ببێ. لەبەر ئەوە سەرچاوەی ئەدەب بوو بەم ئەفسانانە و ئەفسانەکانیش ئاشنابوون بە ئایینەوە. ئایینیش بە درێژایی زەمان هەر پەرستشگاکانەوە بڵاو بوونەوە.پەرستشگا لە زۆر جێگای عالەمی کۆندا بێشکەی ئەدەب بووە، وەکوو ئێستەش لە کوردەواریدا هەر ماوەتەوە.

ئەمە ڕێکەوتێکی زۆر سەیرە! -وەکوو تاریخیش بۆمان ئەگێڕێتەوە- هەموو قەومەکانی سەرزەوی لە ئەفسانە و گۆرانی شەعبی و درکاندنی عاتیفەدا وەکوو خێزانی تەنیا بنەماڵەیەک بن وانە، هەموو بە یەک دەنگ و لە سەر یەک تەل دەنگ ئەدەنەوە؛ سەیر ئەکەی گۆرانی ڕۆژەڵات لەگەڵ گۆرانی ڕۆژاوادا ناتوانی لێکیان جیا بکەیتەوە.چیرۆک و داستانی هەمووقەومێک با زۆر دووریش بووێتن لەیەک- چە لە زەماندا- وەکوو لەیەک تەنوور هاتبێتنە دەرەوە وانە، یا ئەگەر لە تەنوورێکیش نەهاتبێتن هەر زۆر لەیەک نزیکن. جا ئایا ئەم کەرەساتە ئەبێ هەر ڕێکەوت «مصادفە» بێت؟یا ئەوە بێت کە ڕۆمانی و جرمانی، یۆنانی و ئیغریقی، هیند و فارس و کورد لەگەڵ بەرەی ئەسکەندناوە و ڕووسدا هەموو بڵێن:سەرچاوەی ئەفسانە و داستانی ئێمە لەو تیرە ئادەمیزادەوە هەستاوە کە پێی ئەڵێن:«ئاری» و لە شاخەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا دا ئەنیشتن لە پێش ئەوەدا بڵاوەی لێ کەنە ڕۆژاوا هەندێکیان قەومەکانی ئاورووپا دروست بکەن؟....

ڕەنگبێ ئەمە بێت، ئەگەر یەکێک نەڵێت: خۆ ئەم لێکچوونی ئەفسانەیە لە بەین قەومەکانی ئاری و غەیری ئاریشدا ەر هەیە!. ئەگەر ئەو کەسە ئەمە بڵێت،ئەڵێین: کەوابوو سەرچاوەکەم لە ئەقڵی یەکەمەوە هەڵگیراوە کە جۆماڵی بە سەر هەموو قەومەکانا کراوە!.

لێرەدا بۆ وێنە یەک دوو نموونە لە ئەفسانەی یۆنان دێنینەوە، وە یەک دوویەکیشی لە هی کوردی. هی یۆنانییە کە بۆ ئەوە کە کارێکی زۆری کردۆتە سەر ئەدەبی عالەم بە تێکڕا، وە لە سەر ئەدەبی ئاورووپا بە تایبەتی .هی کوردییەکەش بۆ ئەوە بتوانین چاوێک بخشێنین بە ئەدەبی ئەم دوو قەومەدا - کەلەم ڕۆژەڵاتی کۆنەدا دانیشتوون - چە لە کۆندا و چە لە تازەدا. کە ئەمەمان کرد، یەکەم ئەوە دەرئەکەوێ کە ترازووی ئەقڵییەتی دوو قەوم دێتە دەست، دووهەم بەرامبەرێیکە لە بەین ئەم دوو ئەدەبەدا لە باری جەوهەری ئەدەبدا!.

قسەی « کیوپید و سەیکە» (کیوپید= خوای دڵداری، سەیکە= نەفسی.).

«سەیکە» کچێکی یەکێ لە پادشاکان بوو، ئەوەندە جوان بوو ئەوندە جوان بوو، «ڤینۆس»- کە خوای جوانی بوو- وتی: چۆن ئەبێمن خوای جوانی بم و ئەم کچە بەم جوانییە بەربەرەکانێم بکا!. هات بە «کیوپید»ی کوڕی خۆی وت کە «سەیکە» بکوژێت با ئیتر کەس نەمێنێ بەربەرەکانێی جوانی ئەو بکا!.کیوپید چووە سەر سەرینەکەی سەیکە بۆ ئەوە بیکوژێ! کە سەیری جوانییەکەی کرد هەروا شێت بوو و دڵی لێی چوو، سوێنی خوارد کە نازدارێکی وا بێ گوناح لەناو نەبات. بەڵام لە بەر قسەکەی دایکشی هەروا تێریکی بە درۆ ڕووەو سنگی هاوێشت. ئینجا هەموو جار لە تاریکی شەودا ئەچوو بۆلای و ئەم پەیمانەشیانە بەست کە سەیکە نە لێی بپرسێ ناوی چییە و نە تەماشای ڕوومەتیشی بکا!. ئەگەر خۆ پەیمانەکەی نەبرد بەڕێوە، بەڵام لە دڵیا هەر بووبوو بە گرێ. هەتا شەوێک خۆی نەگرت و هەستا چراکەی داگیرسان و تەماشای ڕوومەتی کرد. کوتوپڕ دڵۆپێ لە ڕۆن گەرچەکەکە کەوتە سەر ڕوومەتی کیوپید و خەبەر بووەوە. هەر هەستا و لە کونە بەڕۆژەکەوە چووە دەرەوە و هەڵهات و تۆرا. سەیکە تووشی ئێش و ئازاری یارەکەی بوو، کۆششێکی زۆری کرد تا ئاشتی کردەوە و هێنایەوە بۆ لای خۆی.

***

ئەفسانەیەکی وا لە کوردیدا ئەڵێ:

«گوڵ» و «بولبول» لە بەهەشتدا هەردووکیان لە سەر کانیاوێک بوون. «گوڵ» پەری بوو، «بولبول» فریشتە. گوڵ تەماشای کرد بولبول جوان چاکە و زۆر ژیریشە، دڵی لێ چوو. پێی وت من پەیمانم لەگەڵ ئتم کانیاوە کردووە کە مرد بە کەس نەکەم، بەڵام کچێکم لە سکایە ناوم ناوە «بۆ =بۆنخۆش» ئەتدەمێ. تۆیش ئەبێ پەیمانم بدەیتێ کە بە لای کەسەوە خوست نەکەی. ئەویش وتی: باشە. سەر لە ئێوارێ گوڵ چووە سەر کانییەکە و پرسی پێ کرد کە من بڕیارێکی وام داوە بە بولبول.ئەویش وتی: باشە، بولبول فریشتەیەکی جوانە. هاتەوە بە سکپڕی و چووە سەربانو چاوی لێکنا و ڕاکشا بۆ ئەوە کچەکەی ببینت. بولبول هاتە سەری، لە خۆشییانا دەستی کرد بە هەرا هەرا!. جارجار گوڵ لە ژێر لێوەوە چاوێکی ئەکردەوە و پێی ئەوت: کورە خوست مەکە!. ئەو هەر زیاتر گەرم ئەبوو. هەتا کەوتە دەمەدەمی بەیانی، کەوتە ئەو کاتە کە گوڵ کچەکەی ببێ.«با لە دوورەوە گوێی لە دەنگی بولبول بوو - ئەویش دەمێ بوو دڵی چووبوو لە «بۆ» - کە گوێی لەم خوستە بوو بە هەڕاکردن هات، بولبولیش ئەوەندەی چریکاندبوو شەکەت بووبوو خەوی لێکەوت! «با» کردی بە «بۆ»دا و فڕاندێ. بولبول کە خەبەری بووەوە سەیری کرد «بۆ» نەماوە!. لە گوڵی پرسی؟ ئەویش وتی ئەخر نەموت دەنگ مەکە؟!. ئەونە «با» هات دڵی پێوە بوو بردی. سەرلەنوێ بڕیاریان بەستەوە بولبول هەر وازی نەهێنا لە گۆرانی شادی هەتا لە بەهەشت دەریان کرد.ئێستەش هەر هاوار ئەکا و ئەگری، ئێستەو ئەوسا نەگەیشتووە بە بۆنخۆش.

تەماشای ئەم دوو چیرۆکە ئەکەیت هەردووکی ئەفسانەیە و هەریەکە بە قەومێکەوە سەری هەڵداوە، بەڵام لە نوختەی جەوهەریدا وەکوو هی یەکێک بن وایە. لەوەدا کە نەفس نابێت ئەوەندە لە خۆشەویستیدا ڕۆ بچێت و بچێتە خوارەوە، ئەگینە لێی دوور ئەکەوێتەوە و جیایی ئەکەوێتە بەینیان. ئەوەندە هەیە لە کوردییەکەدا ئەویشی تێدایە کە هەرکەسێ ئەبێ لەگەڵ ڕەگەزی خۆیدا ئاشنایەتی پەیدا بکات بۆ دڵخوازی، ئەگینە بێگانەپەرەستی ئەمە سەرەنجامی ئەبێ!. ئەمە نموونەیێک بوو لە ئەفسانەی یۆنانی بەرامبەر بە ئەفسانەی کورد. ئینجا بەینی شیعری مەلاحیمی یۆنانی و کوردیدا.

***

لە سەدەی نۆهەم یا دەهەمی پێش میلاددا شاعیرێکی کوێر لە شارەکانی یۆنان لە ئاسیای بچووکدا ئەگڕا و ئەفسانەی کۆنی ئەکرد بە شیعر و بۆ مەردمی ئەخوێندەوە. ئەڵێن: ئەم کابرایە «هۆمر» یا «هۆمیروس»ی خاوەنی «ئەلیازە » و «ئۆزێسە»ی یۆنانییە.هەندێکیش ئەڵێن: ئەلیازە و ئۆزیسە دوو داستانی کۆنی یۆنانین و بەدرێژایی زەمان دانراون، هەر شاعیرێک هاتووە شتێکی لێ زیاد کردوو، وشەی «هۆمیرۆس» ڕەمزێکە بۆ ئەو شاعیرانە کە دەستیان خستووەتە ئەم دوو داستانەوە. بەڵام ئەو قسەیە زۆرترە کە هی شاعیرێکی تەنیا بن. بۆیە پێشینەکان هەریەکێ شوێنێ لەدایکبوونی هۆمیرۆسیان نسیبەت داوە بە شارەکەی خۆیانەوە.

ژیانی «هۆمیرۆس» زۆر تاریک، چونکە ئەو سەردەمە کە مێژوونووسەکانی یۆنان ویستیان پیاوەکانی خۆیان باس بکەن - واتە لە سەدەی پێنجم وچوارەمی پێش میلاد - هەر ئەوەندەیان لە هۆمیرۆس ئەزانی کە ئەفسانەیێکی وای هەیە و هیچی تر. تەنانەت لە دەوری ئەفەلاتوون و ئەرەستوودا ببڕای ببڕای هیچ ئاگایان لە شاعیرە کۆنەکانیانەوە نەبو؛ بۆیە ئاگایان لێیان نەبوو، چونکە شتومەکی چاپ لەناوا نەبوو تا بیانزانن. ئەو شیعرانەش کە لە هۆمیرۆسیان ئەگێڕایەوە هەر دەماودەم بوو و لە یەکیان ئەبیست - وەکوو حاڵی کورد تا ئەم دەورەش - وا دەرئەکەوێ ئەم ئەلیازە و ئۆزیسەی هۆمیرۆسە لە سەرەتاوە وەکوو ئێستە ڕێکوپێک نەبووە بەڵکوو لە سەدەی شەشەمی پێش میلاددا وا ڕێک خراوە، هەروەها گومانیش لەوەدا نەبوو کە ئەم شیعرانە هی هۆمیرۆسە، تا ئاخر و ئۆخری سەدەی هەژدەهەم، لەم وەختەدا «فریدرک وولڤ» عاڵمی ئەڵمان، ئەم قسەیە هێنایە ناوەوە و دڵی خەڵکی کرمێ کرد بەوە کە ئایا ئەم شیعرانە هی هۆمیرۆسە یان نە؟.ئێستەش هێشتا هەر بەتەواوی ساغ نەبووەتەوە. ئینجا بزانین ئەلیازە و ئۆزیسە چییە و چۆن ئەتوانین شتێکی کوردی لە بەرامبەر ئەوەوە دابنێین؟

«ئەلیازە»: کۆبوونەوەی زەماوەن بوو«چونۆ» و «ڤینۆس» و «مینرڤان» سێ خواژن بوون. ئەوانیش لەو کۆبوونەوەیدا بوون. «ئیریس» خواژنی ناکۆکی سێوێکی هێنا و ئەم وشەیە لەسەر هەڵکەند: «بۆ خواژنی جوانی» و فڕێی دایە ناویانەوە . سێ خواژنەکە بوو بەشەڕیان، هەریەکەیان ئەیوت: من خواژنی جوانیم. خوای هەرە گەورە «چوپیتر» بڕیاری دا کە«پاریسی» کوڕی «پریام»- پادشای تروادە ببێت بە ناوبژیکەریان." پاریس» حوکمی بۆ «ڤینۆس» کرد و سێوەکەی دایە. پاریس بەم کردەوەیە کە تواندی خۆی کرد بە دوژمنی خواژنەکانی تر. زۆری پێ نەچوو پاریس سواری دەریا بوو و چوو بۆ یۆنان و بوو بە میوانی «مینیلاوس» پادشای «ئیسپرتە»خانەخۆی خزمەتی ئەم میوانیە زۆر جوان کرد، بەڵام میوانەکە ناپیاو دەرچوو، دڵی چوو لە ژنەکەی کە کە «هێلین»ی ناو بوو و زۆر جوانیش بوو، هەڵی خڵەتاند و لەگەڵ خۆی بردی بۆ شارەکەی خۆی - شاری تروادە - .

ئەم کردەوەیە بەجارێ مینیلاوسی سەغڵەت کرد، لەشکەرێکی زۆری کرد و دەنگ هەموو پادشاکانی یۆنانی کرد کە یارمەتی بدەن بۆ ئەوە کە بچێت ژنەکەی بهێنێتەوە.لەم پادشایانە «پولیسینر» و «ئەخییل» و «ئەگاس» و «دیومید» و «نستوور»و «ئەگامەمنوون»- برای مینیلاوس - کە ئەمانە هەمووی پاڵەوان و پیاوی گەورە بوون، قسەیان دایە. ئەگامەمنوون کرا بە سەرۆکی لەشکەری یۆنان، «هیکتۆر»یش کە کوڕە گەورەی «پریام» پادشای تراودە و مێردی «ئەندرۆماک» بوو - کرا بە سەرۆکی لەشکەری تراودە. خواکانیش بوون بە بەشەوە: هەربەشێکیان نایانە پاڵ لەشکەرێک. «چونۆ» و «مینرڤان» دیانە لای پاڵ لەشکەری یۆنان بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆیان لە پاریس هاوڕێکانی بکەنەوە «ڤینۆس» و «مارس» - خوای شەڕ - دایانە پاڵ لەشکەری تراودە «نیبتیون» تۆزێ مەیلی ئەکرد بەلای لەشکەری یۆنانەوە. بەڵام «چۆپیتر» و «ئەپۆلۆ» خۆیان بەبێ لایەنگەری هێشتەوە. ئەم شەڕە ٩ ساڵ درێژەی کێشا، لەپاشا کێشە لەبەین «ئەخییل» و «ئەگامەمنوون»دا پەیدا بوو. چیرۆکی «ئەلیازە»لەم کێشەیەوە هڵئەستێت !

لەشکەری یۆنان ڕشانەوەی تێ ئەکەوێ، ژیرلەی مەرێ ئەڵێ: لەبەر ئەو ئەگامەمنوون بێ پەیمانییەکەی کرد بە کاهینەکەی - ئەپۆلۆ- تیرە زەهراوییەکەی تێ گرتن و بەم دەردەی بردن. «ئەخییل» لەم بێ پەیمانییەی ئەگامەمنوون تووڕە بوو و وتی ئیتر من لە لەشکەری یۆناندا شەڕ ناکەم و گەڕایەوە و «سیتس»ی دایکی ئەخییل لە چوپیتر پاڕایەوە کە یارمەتی کوڕەکەی بدا بۆ ئەوە تۆڵە لە ئەگامەمنوون بکاتەوە. چوپیتر لە خەوا بە ئەگامەمنوونی وت: کە بچێت بۆ تراودە وگۆیا ئەیگرێت. ئەگامەمنوون بەم خەوە دەستخەڕۆ بوو، هەستا چوو بۆ تراودە. هەردوو لەشکەر ڕیزیان بەست، تەنیا ئەخییل و هاوڕێکانی نەبێت، تووڕە بوون لەسەرەی جەنگ هاتنە دەرەوە. لەو کاتەدا کە دوو لەشکری یۆنان و تراودە لەبەرامبەر یەکەوە وەستابوون. و شیریان لەیەک ئەسوو، «مینیلاوس» ڕووی کردە مەیدان و داوای پاریسی کرد وتی: لەبەر ئەوە ئەو ژنەکەمی بردووە و ئێمە بووین بەهۆی ئەم شەڕە، ئەبێ خۆی ببێت مەیدانداریم لەگەڵا بکات، پاریس کە گوێی لەم قسەوە بوو، لە لەشکەر هاتە دەرەوە و ڕووی کرد مەیدان. ئێەر هەردوو لەشکەر شەڕیان وەستان و سەیری کارەساتی ئەم دوو سوارەیان کرد و لەپێشا پاریس ڕمەکەی ئاوقەی مینیلاوس کرد، بەڵام زرێکەی نەیهێشت ڕمەکە کاری خۆی بکات، ئینجا نۆرە کەوتە نۆرەی مینیلاوس، داوای یارمەتی لە «چوڤ» کرد، ڕمەکەی ڕاوەشان و هاویشتی بۆ پاریس، زرێکەی کۆن کرد دەست وەشاندنێکی گران بو، سوارەکەی خستە مردن. زرێکەی دڕی، بەڵام پاریس هێشتا خۆی نەدا بەدەس مردنەوە. مینیلاوس خێرا شیرەکەی لە کالانە زێوینەکەی دەرهێنا. دەستی بەرز کردەوە و هێنایە خوارەوە بەسەر ناوچەوانی پاریسدا، شیرەکە ورد بوو! پارچەکانی بەدەستە وشک بووەکەیەوە مایەوە. ئینجا وتی: تماشا کە نە ڕمەکەم کەوتووە و نە شیرەکە شکاوە !. ئەو لە هەردووکیان ڕزگاری بوو. ئەمەی وت و پەلاماری دوژمنەکەی دایەوە. جڵەوی و ڵاغەکەی شل کرد و خۆی نزیک کردەوە لە پاریس بۆ ئەوەی ڕای بکێشێنێ بۆ لای لەشکەری ئیغریق. ئەمەی کرد. بەم ئیشەی ناو و سەرکەوتنێکی بەرزی وەرگرت. ئەگەر ڤینۆس خۆی نەگەیندایێتە پاریس. مینیلاوس سەیری دەستی خۆی کرد. تەماشای کرد تەنیا تاسکڵاوەکەی بەدەستەوە ماوە. هەڵیسووڕان و هاوێشەی بۆ ناو هاوڕێکانی، هاوڕێکانی بە غەڵبەغەڵب لەدەوری تاسکڵاوەکە کۆ بوونەوە. سوارەکە سەر لەنوێ خۆی کۆ کردەوە بۆ ئەوە خوێنی دوژمنەکەی بڕێژێ، چووە لایەوە و ڕمەکەی بە تووڕەییەوە بۆ ڕاوەشاند. کوتوپڕ ئەو خواژنە کە دڵداران دڵیان لێ ئەچێت، پەیدا بوو - مەبەست ڤینۆسە - بۆ ئەوە دیسان یارمەتی دۆستەکەی بدا لەم مەیدانەدا. ئەوی ویستی بە خێرایی جێبەجێی کرد. ئەتوانێ بیکا، چونکە خواژنێکی بە دەسەڵاتە. پێچای لە پارچە هەورێکی جوانەوە و لە چاو گومی کرد. بردیە ژوورەکەی خۆی - ژووری پاریس - پشووی پیا هاتەوە و ورەی پێدایەوە.

ئوزیسە: ئەغریق تروادەیان گرت و مینیلاوس «هیلین»ی ژنی سەندەوە و هێنایەوە بۆ «ئیسپرتە». پاڵەوانەکانی ئیفریقیش هەموو گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، تەنیا «پولیسینر» نەبێ، «پەنلوپ»ی ژنی و «تەلماکس»ی کوڕی هەر چاو لە دەرگا بوون، کە ئەویش بگەڕێتەوە و بۆ خۆی لە شاری «ئاساکا»دا هەموو پێکەوە بۆ خۆیان ڕابوێرین. کە چی ئەو لەولاوە تووشی دڵخوازی و مەینەتی دڵارامی بوو. ئەفسانەی ئوزیسە دەست پێ ئەکا. ئەوەندە هەیە پێویست ناکا ئێمە لەسەری بڕۆین و بیگێڕینەوە.

***

زیانێ بە بناغەی باسەکە ناگائەگەر بەرانبەر بەم ئەفسانەی یۆنانییە داستانێکی بهێنینەوە، وە ئەم ئەفسانە و داستانەش لەسەر لەوحەدا یەکێک نەبن، وە یا لێکەوە دوور بن هەروەها نابێ کەسیش ئەوە بڵێت کە وا: چاومان لەوە پۆشی لە باسی بەراوردی ئەدەبی کوردی لەگەڵ ئەدەبێکی بێگانەدا، ئەبوایە ئەو دوو شتە کە ئەخرێنە دوو تاکی تەرلزووەکەوە پێویستە لە یەک شتەوە قسەیان بکردایە. بەڵام گۆن چاو لەوە بپووشین کە ئەدەبێکی سەدەی حەڤدەهەمی پاش میلاد گۆن ئەبێ لەگەڵ ئەدەبی سەدەی دەهەمی پێش میلاد بەراورد بکرێت؟

نابێ ئەمە بوترێ، چونکە لە شوێنێکی تردا هەر ئەم قسەیەمان کردووە: ئەم بەرانبەرییە عیلمییەن وەختێ ڕاست نییە کە ئەدەبە پاشکەوتووەکە کە فیکرەی لە ئەدەبە پێشکەوتووەکە وەرگرتبێت - بۆ دانانی داستانێ - ئەو وەختە ڕاستە نابێ بکرێ،چونکە هەریەک شت ئەبێ، وە یەک شتیش لەگەڵ خۆیدا بەرامبەری پێ ناکرێت.بەڵام ئەگەر هات و ئەدەبە پاشکەوتووەکە نە بە خەو نە بە ڕێگە، نە بە نووسین ئاگای لە ئەدەبە پێشکەوتووەکە نەبوو،ئەوە با دەهەزار ساڵیشیان بەین بێت،هەروەکوو لەیەک زەماندا بۆ بووبێتن وایە؛ هەریەکەیان سەربەخۆ تەعبیر لە شعووری سادەی قەومێک ئەداتەوە. وەکوو ناتوانیت ئەوە بڵێیت کە: «هۆمیرۆس» ئەو سەردەمەدا فیکرەی لە یەکێکی ترەوە وەرگرتووە و ئەویش هاتووە«ئەلیازە»ی داناوە، ناتوانێ بڵێیت کە: «ئەحمەدی خانی»یش فیکرەی لە هۆمیرۆسەوە وەرگرتووە و هاتووە«مەم و زین»ی داناوە!چونکە تاریخ ئیسباتی ئەکا کە ئەحمەدی خانی نەیزانیوە ئەم دونیایە هۆمیرۆسێکی تێدا بووە،بە چییا بزانێ؟ئەلیازەیەک کە زمانی یۆنانی کۆن بووبێت،وە ئەحمەدی خانییەک لە عەرەبی و فارسی بەولاوە هیچی تری نەزانیبێت،ئەم یۆنانییەی لە کۆی وەرگرت؟!. وە دیسان ئەو وەختەش هێشتا ئەلیازە وەرنەگێڕابووە سەر عەرەبی تا بوترێ لە عەرەبییەکەی وەرگرتووە. ئەوا وتمان وەریش گێڕابوو،چاپ ئەوەندەی پەرەی نەسەندبوو هەتا نوسخەی عەرەبی ئەلیازە بکەویتە بەرچاو ئەحمەدی خانی.وتمان چاپیش پەرەی سەندبوو،ئەحمەدی خانی دەرزی لە مزگەوتێکی کوردەواریدا بووە،مزگەوتی کوردەواری ئێستەش بە تەواوی ئاگای لە ئەدەبیاتی عەرەبی نییە، نەوەک هی یۆناییەک کە کەوتبێتە سەر زمانی عەرەبی!کەوابوو بەرامبەریکردنی «ئەلیازە» و«مەم و زین» لە تەنیا فیکرەی چیرۆک و داستاندایە و جێی خۆیەتی و هیچ ڕەخنەی لێ ناگیرێت.

لە سەدەی حەڤدەهەمی پاش میلاددا ئەحمەدی خانی لە مزگەوتەکانی وڵاتی «بایەزید»دا دەرزی ئەخوێند،هەموو جار ئەیبیست کە ڕیش سپییەکان لە پێشینەکانی خۆیانیان ئەگێڕایەوە کە:لەم وڵاتی «بۆتان»ە ئەمیر زەینەددین ناوێکی کورد،بەسەر ئەو وڵاتانەدا فەرمانڕەوابووە.دوو گوڵی لە باغچەدا بووە: یەکێ «ستی» یەکێ «زین». سەران و کەڵانتەرانی زۆریشی لە ژێر دەستا بووە،یەکێ لەو سەردارانە «ئەسکەندەر» ناو بووە،کەسی بە کەس نەزانیوە،تەنیا «میر زەینەددین» نەبێ. سێ کوڕی هەبوو «تاژدین،چەکۆ،حەیفۆ». ئەمانە پاڵەوانانی زەمان و شێری مەیدان بوون. تاژدین برایەکی بووە «مەم»ی ناو بووە، میرزازادە بووە، هرچەندە برای باوک و دایکی نەبووە و بەناو بێگانە بووە، بەڵام گەلێ لە چەکۆ و حەیفۆ دۆستتر بووە.ئەم دوو نەوجەوانە دوو نەمامی بێشەڵانی میر زەینەدین بوون، وەکوو چۆن «ستی» و «زین» دوو دڵارامی لالەزاری جەماڵ بوون.

ڕۆژێ لە ڕۆژان کە سەری ساڵی نەورۆز ئەبێ،میر زەینەددین ئەهلی وڵات تێکڕا ئەچن بۆ سەیران. لەم گەشتەدا «تاژدین و مەم» «ستی و زین»یان بەر چاو ئەکەوێ، ئاگری دڵخوازی لە دڵی هەرچواریانا بڵێسە ئەستێنێ. «ستی» بۆ «تاژدین» و «زین» بۆ «مەم» ئیتر داستانی «مەم و زین» لەم ئاگر و پووشەوە دەست پێ ئەکا، کە چۆن دڵداری لەبەینیانا ڕوو ئەدا، وە چۆن لە دووری یەک پەک کەوتوو ئەبن؟ وە چۆن «حەیزەبوون»ی داپیرە ئەکەویتە بەین؟ تا بە درێژی داستان ئەبڕێتەوە. کە ئەگاتە ئەو شۆینە تاژدین لە دووری و چەوسانەوەی مەم دەستی نهێنی کاری تێ ئەکا و شاعیر ئەڵێ:

هەر لەحزە د گەل بران ب شەڕ بوو
قەسدا د دلێ وی ئەڤ خەبەر بوو
ڕابت ب غەزەب بچیتە پێش میر
داخواز بکت مەمێ ب تەقسیر
جارەک بچتن مەمێ ڕجاکەت
سووچ و گونەهی مەمێ تکاکەت
دامیر ژورا برای بردت
یا ئەڤ سەر و مال تێ ب دەردت
عارف وەهە گۆتە ڕۆستەمێ زال
ئەڤە ئەمر ب من مەحالە بێ قال
بێ جەنگ و جیدال و بێ تەهەوور
قەت ڤێ شۆغلێ مەکەن تەسەوور
ئەڤ مەعرەکە نابتن ب دیوان
ئەم مانە و سبحە سەحنێ مەیدان
یا قنج ئەوە ئەم سبە سوار بین
هەر سێ ب سەلاح و کاروبار بین
چارنەو جوشنان بەر کەین
زەندانە و مەغفەران ل سەر کەین
گورزان بهژین،ڕمان ببازین
ئەڤ ڕەنگە مەمێ ژ میر بخوازین
یا وی ب کوتەک مەمی خۆ بردین
یا جوملە ب مەردی سەرێ ب دەردین
گەر وی بە ڤێ ڕەنگی مەم ڕەها کر
دەردی د دلێ مە وی دەوا کر
وەرمای موسیڕ لە سەر عینادێ
ئەم دی بکرین وەڕەنگ جیهادێ
ژە وەل قە بچن «بەکر» ب کر کەین
وی مودبیرە ژێرە دەرب دەر کەین
هەر بەر دەرەکی گەرەک ل بەر بت
خەسمانەی قنج سەر ب سەر بت
میر ئەر ژ ویرا بکت تەعەسوب
ڕابت ل مە ئەو بکت تەغللوب
ئاشێ ئەجەلێ وسا بگێڕین
تەشبیهی حوبان سەران بهێڕین
بوهتانە بکینە ڕەقس و گۆڤەند
تا بینە تەماشەیێ شەکەر خەند
گاڤا وەکوو دەست بدەینە حەربان
مەحبووب تماشا کەت ب زەربان
هەر لەحزە ببژێن ئەو پەریزاد
دەستێ د وە ئەی جوان مەریزاد
هەندەک بگرین،هەنەک سەنا کەن
هەندەک، بکەنن، هەنەک دۆعا کەن
دڵدار نەزەر بکەن ژ بورجان
دوڕدانە ب دەرکەڤن ژ دور جان
شەهزادە ژ پەنجەران نەزەر کەن
گوڵ پیرە هەنان د بەر خۆ کرکەن
هەردەم بیهێن ژ نازەنیان
سەد مەدح و هەزار ئافەرینان
تاژەدین خەبەرا برای گهـ کر
مەحکەم د دلێ خوەدا بجێهـ کر

ئەگەر تەماشایەکی ئەم دوو ئەدەبە «ئەدەبی یۆنانی و کوردی» بکەین، لە هەر دوویانا بازاڕی خەباڵبازی ئەبینرێت. لە هەر دوویانا مەیدانداری لەسەر دڵخوازی ئەبینرێت. لە هەر دوویانا دەست و بازووی پاڵەوانان ئەبینرێت. ئەوەندە هەیە لە کوردییەکەدا وەکوو ئەمانەی تێدا هەیە، ئەوەشی تێدایە کە دۆستێک یادی دۆستێکی ئەکا، نەوەک دۆستی دڵخوازی، بەڵکوو دۆستی برایەتی، غیرەت و وەفای پەیمانی برایەتی تاژدین ئەوە پیشان ئەدا کە: چۆن بە خۆی و براکانیەوە لە پێناوی دۆستایەتی مەمدا ئەو مەمە کە ئاگری عەشقی زین کوڵوکۆی دامراند، سەروماڵیان دابنێن. ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەنگری بکەین،نەوەک هی قەومی. ئەگەر وەفاداری لە پێناوی برادەریدا لە کوردەواریدا نەبوایە، ئەمانە خۆیان لە خۆیانەوە نەئەکەوتنە سەر ئەو ڕێگەیە، کەوابوو ئەم داستانە وەکوو داستانی غەرامی و شەڕ و شۆڕ و خەیاڵە، داستانی وەفاداریشە.