ئەدەبی کوردی و عیبریی کۆن

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 13 دقیقه  1784 مشاهده

ئەدەبی «عیبری» سەرحەڵقەی زنجیرەیەکە لە ئەدەبەکانی «سامی» کۆن کە لە دەوروبەری «جزیرةالعرب»دا سەری هەڵداوە. بۆیە پەیدا بووە، چونکە عیبرییەکان لە پێدەشتەکانەوە هاتن بەسەر «ئەردەن»دا و لە «فەلەستین» گیرسانەوە. لە پێش ئەم هاتنەیانا بە شێوەی «ئارامی» قسەیان ئەکرد. ئەم شێوەیە لە هەموو زمانی عەرەبی نزیکتر بوو، کە چوونە فەلەستین شێوەی قسە کردنی دانیشتووەکانی فەلەستین کە شێوەی کەنعانی بوو، وەریان گرت و کردیان بە شێوەی نووسین و قسەکردنی خۆیان هەر چەندە ئەمەیان کرد، بەڵام هەر زمانیان پاک نەبووەوە لە زمانە ئەسڵییەکەی خۆیان - کە زمانی ئارامی بوو - جا لە بەر ئەمە جیاوازییەکی کەم لە لایەن شێوەی قسەکردنەوە لە بەین ئەمانەدا و لە بەین کەنعانی، یا فەلەستینەکانا پەیدا بوو؛ هەر لە بەر ئەمە بوو کە زمانەکەی خۆیانیان ناو نا «زمانی عیبری» لەبەر ئەم هات و چوو کردنەیان و بێ جێگەیییەیان ئەو ئەدەبە عیبرییە کە پیاو ئێستە بیگرێ بە دەستەوە تاریخ مێژووی ئەگێڕێتەوە بۆ سەد ساڵێک پێش میلاد.

ئەوەی ئێمە لێرە بیگرین بەدەستەوە بەرانبەری پێ بکەین لەگەڵ ئەدەبی کوردیدا تەنیا دوو شتە:

یەکەم: «کتێبی پیرۆز - تەورات و ئینجیل» کە ئەمە ئایەتێکە لە ئایاتی ئەدەب.

دووهەم: پەندی پێشینانیان کە لە زمانێکی کۆنەوە بە پێی گۆرانی خۆیان کەوتۆتە سەر زمانیان و ئەحواڵی عەقڵییەیان پیشان ئەدا.

جا بەم بۆنەوە ئێمە چاوێک ئەخشێنین بە کتێبی پیرۆزدا بەو ناوەوە کە کتێبێکی ئایینییە و هیچ کتێبێکی ئایینی خاڵی نییە لە ئەدەب. دیسان وەکوو ئەدەبیشە، کتێبێکی تاریخیشە، ئەگەر بە ناوی تاریخیشەوە قسەی لێوە بکرێت، هەر وەکوو ئەوە وایە کە قسە لە بەڵگەکانی «هیرودوت» و «گەزەنەفون»ەوە بکرێت... ئەگەر خۆ بەناوی ئەدەبیشەوە قسەی لێوە بکرێت، وەکوو گوێچکە لە دەنگی ئەدەبێکی زۆر خۆش بێت وایە. دیارە قسە لەم جۆرە شتانەوە زیانێک بە ئایین ناگەیێنێ نەوەک هەر ئەوەندە بەڵکوو قازانجێکی زۆر گەورە بە مێژوو و ئەدەب ئەگەیەنێ.

«تەورات» کە پێی ئەڵێن: پەیمانی کۆن «عەهدی قەدیم» ئەو شتانەیە کە پێش مەسیحنووسراوەتەوە و بناغەی ئەدەبی عیبری و ئایینی جوولەکەیە. وەکوو هی ئەوانە بناغەی ئایینی گاوریشە و کتێبێکی هەرە گەورەیە لە ئاداب و ڕەوشتی هەموو قەومەکانی گاوردا جوولەکە و گاور هەردووکیان دان بە پەیمانی کۆن «تەورات»دا ئەنێن. لە پاشا لێک جیا بوونەوە، کتێبی جوولەکە بوو بە «تەلموود» کتێبی گاور بوو بە پەیمانی تازە «عەهدی جەدید» یانێ ئینجیل، «تەلموود» هێندە یاسایەکە کە سەڕۆکەکانی ئایینی جوولەکە شەرحیان لێ کردووە چە خۆی چە شەرحەکەی ئەو ڕەوشت ئادەتانەیە کە جولەکەکان پشت بە پشت ئەیبەنەوە «ع» ئەم دەستگرتنەی جوولەکە بە ڕەوشت و عاداتی کۆنیانەوە، کردوویەتە کارێ کە هەر لە زەمانێکی زووەوە ناکۆکی لەگەڵ گاورەکانی پاورووپادا بکەوێتە بەینیان. هەروەها جوولەکە لەبەر ئەم ڕەوشتەیان گۆیا خوێنی خۆیان بە پاکی هێشتۆتەوە، نە ژن بە کەس ئەدەن نە ژنیش لە کەس دێنن بەڵام لە دەوری کۆنیانا وا نەبوون، وەکوو «عەزرای کاهین» ئەیگێڕێتەوە خوێنەکەی خۆیان بە هۆی ژن و ژنحوازیەوە لەگەڵ غەیری خۆیان پیس کردووە و جوولەکەیەکی ساغ لە نەتەوەی ئیسرائیل نەماوەتەوە. دیسان لەم سەد ساڵەی دوایییەدا بە هۆی تێکڵاوبوونیان بە ئاورووپاوە ئەوەندەی تر خوێنیان تێکچوو. «تەلموود» ئەگەر سەیری تەنیا نوختەی ڕەوشتیی تێدا بکرێت تاقە کتێبێکی عالەمییە. بەڵام ئەگەر سەیری ئەقڵ و وشکیی جوولەکەکان بکرێت، وا نەبێ کار بکاتە سەر ئەدەبی قەومێکی تر، یا کردبێتی، بێجگە لە جوولەکە خۆیان، قەومێکی تر کەمتر تەماشای ئەکەن و ئەیخوێننەوە. دیسان لەگەڵ ئەمەشدا هەر وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی ئاورووپا و نووسەرەکانی ئاورووپا گەلێ جار قسەی تەلموود و پیاوی جوولەکە بووە بە سەرچاوەی ئیلهامی نووسینیان.

ئەم تەلموودە تا کۆ کرایەوە نزیکەی سێ سەدەی کێشا، واتە: لە سەروبەری سەدەی چوارەمی پاش میلاد تا ئاخر و ئۆخری شەشەم. دیسان خۆیشی ئەبێ بە دوو بەشەوە: یەکەم: «میشیا» کە کۆمەڵە ئەحکامێکی شەرعییە و گۆیا لەسەر ڕەوشتی «پەیمانی کۆن» دروست کراوە و بە عیبری نووسراوەتەوە. دووهەم: «جەمار» کە بە عیبری و ئارامی نووسراوەتەوە. ئارامیش ئەو لۆغەتەیە کە بەشی زۆری «پەیمانی تازە»ی لە سەرەتادا نووسراوەتەوە. جا ئەم چیرۆکە نموونەیەکە لە ئەدەبی عیبری، یا جوولەکە، کە لە تەلمووددا هەیە:

«چەلێک سەرۆکی شارێک نۆکەرەکەی خۆی ناردە بازاڕ و ماسییەکی بۆ بکڕێت. پیاوەکە کە چووە بازاڕی ماسی فرۆشەکان سەیری کرد هەمووی فرۆشراوە تەنیا ماسییەک نەبێ، ئەویش جوولەکەیەکی بەرگ دروو لەسەری وەستاوە هەر زیادی ئەکا. پیاوەکە وتی: «ئەم ماسییە لەسەر من بە پارچە ئاڵتوونێک!». جوولەکەکە وتی: «لەسەر من بە دوو ئاڵتوون!». نۆکەرەکە لێی زیاد کرد و جوولەکەکە زیاتری کرد. جوولەکەکە نەیهێشت ماسییەکەی لە دەست دەرچێ تا بە دە ئاڵتوون کڕی!. نۆکەرەکە بە دەستی خاڵی هاتەوە بۆلای ئاغاکەی و کارەساتەکەی بۆ گێڕایەوە. سەرۆکەکە تووڕە بوو و ناردی بەشوێن حوولەکەکەدا، هێنایان و لێی پرسی: تۆ فرمانت چییە؟ وتی: قوربان بەرگ درووم. کە وا بێت چۆن ئەتوانی ماسییەکی وا گران بکڕیت!؟ وە چۆن وێرات زیاد بکەیت لەسەر ئەو ماسییە کە پیاوەکەی من ئەیویست بیکڕێت؟ ئاخر نەتزانی ئەمە منی پێ ئەشکێم؟!. جوولەکەکە وتی: قوربان نیازم کردبوو سبەینێ بەڕۆژوو بم، وە ویستم ئیمڕۆ ماسی بخۆم بۆ ئەوە بتوانم ڕۆژووەکە بگرم، لەبەر ئەمە نەمتوانی دەست لە ماسییەکە هەڵگرم!. سەرۆکەکە وتی: بە چیدا ڕۆژێکی وەکوو سبەینێ گەورەترە لە ڕۆژێکی تر؟ جوولەکەکە وتی: قوربان بە چیدا تۆ گەورەتریت بەسەر پیاوێکی تردا بۆ ئەو پایەیە کە لەسەریت؟. سەرۆکەکە وتی: پادشا ویستوویەتی کە من ئەم پایەیەم ببێتو ئەو پێی داوم. جوولەکەکە وتی: هەروەهاش پادشای پادشاهان ویستوویەتی کە ڕۆژێکی وەکوو سبەینێ لە ڕۆژەکانی تر گەورەتر بێت!. جا لەبەر ئەمە ئێمە هیوادارین کە خوا لەبەر ئەو ڕۆژە لە گوناحمان ببوورێت!. سەرۆکەکە وتی: کە وا بێت تۆ ڕاست ئەکەیت و بڕۆ بە ڕێی خۆتەوە!. جوولەکەکە لێیدا ڕۆیشت.

***

ئێمە نامانەوێ بگەڕێین بە تەوراتدا و مێژووی تەورات بگێڕینەوە، چونکە باسکردن لە ٣٩ «سَفَر» و لە ڕاستیشدا هەموو ٣ سەفەر بێت، ئەسفاری قانوون، ئەسفاری پێغەمبەران، کۆمەڵە قسەیەکی تری هەموو جۆرە؛ مێژوویەکی وەکوو مێژووی ئەدەبی کوردی ئیشێکی بەمەوە نییە. مەبەست ئەوە بوو کە تەنیا نموونەیەک لە جەوهەری ئەدەبی تەلموود - کە ئەدەبێکی عیبریمان پیشان ئەدا - بخەینە بەرچاو ئەو کەسە کە چاوی بە ئەدەبێکی کوردی ئەکەوێ لە بەرانبەر ئەودا. جا ئەدەبە کوردییەکەی بەرانبەری ئایا لە ئایینەوە بدوێت یا لە شتێکی ترەوە، ئەوە مەبەست نییە، چونکە تەنیا دەربڕینی جەوهەری ئەدەبەکەمان ئەوێ نەوەک نەوعەکەی. دیسان ئەگەر بێت و ئەدەبی کوردی هەموو ببڕین بەسەر ئەدەبی ئایینیدا، ئەبێ ئەوە بچێتە دڵمانەوە کە بێجگە لە ئەدەبی ئایینی هیچ ئەدەبێکی تر لە کوردیدا نییە لەگەڵ ئەوەدا وایش نییە. هەروەها ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە ئەدەبی عیبری هەمووی هەر ئایینی ڕووتە، بەڵام ئەوە ئەگەیەنێ کە دەمی بۆ هەر شتێک بردبێت چە لە هاتوچووی بەنی ئیسرایلدا بێ، چە لە شەڕ و شۆڕدا بێ، چە لە کۆمەڵایەتیدا هەر تێکڵاوی کردووە بە ئایینەوە. تەنانەت یەکێکی وەکوو «میلتۆن» شاعیری ئینگلیزی کە گەلێ خەیاڵی جوان جوانیشی لە «سەفەری تەکویندا» نواندووە، هەر نەیتوانیوە بە تەواوی لە ئەدەبێکی دینی لابدا. کە وا بوو ئێمە خۆمان نابەستینەوە بەوەوە کە بڵێین: ئەو ئەدەبە عیبریە کە ئەیهێنین و بەرانبەری لەگەڵ ئەدەبێکی کوردیدا پێ ئەکەنین، لەبەر ئەوە ئەو دینییە ئەبێ ئەدەبە کوردییەکەش هەر دینی بێ. چونمە وەکوو وتمان: ئێمە مەبەستمان دەربڕینی جەوهەری ئەدەبەکەیە نەوەک نەوعەکە. جا لەبەر ئەمەیە کە ئەڵێن: ئەدەبی کوردی ئەڵێ:

«چەلێک مناڵە کوردێک لە ڕۆژێکی پاییزدا دونیا سارد بوو، چووە دەرەوە لە دەشتی بەر ماڵەکەیانا بەچکە مارێکی بەرچاو کەوت کە سەرما سڕی کردبوو و نەیئەتوانی ببزوێتەوە؛ ئەمیش بەلایەوە جوان بوو، زۆریش بەزەیی پیا هاتەوە، لێی نەوی و هەڵیگرت و هێنایەوە بۆ ماڵەوە و خستیە کۆشیەوە و لەگوێ ئاگردانەکە لەبەر ئاگرەکە دانیشت. زۆری پێ نەچوو توولە مارەکە بە تینی ئاگرەکە گەرمی بووەوە و کەوتە جموجووڵ! ڕاست بووەوە و ویستی بدا بە مناڵەکەوە!. لەو کاتەدا باوکی منداڵەکە کردی بە ژوورا و بەچکەمارەکەی کوشت و بە کوڕەکەی وت: ڕۆڵە، چاکە لەگەڵ نائەهلا مەکە، پەشیمان ئەبیتەوە. ڕۆڵە چاکە کردن لەگەڵ پیاوی خراپا وەکوو خراپە کردن وایە لەگەڵ پیاوی چاکا!.

ئەوە بوو لە پێشا وتمان «پەیمانی کۆن» بوو بە دوو پەلەوە، یەکێ، «تەلموود»، یەکێ «پەیمانی تازە» کە ئینجیلە. مەبەستمان ئەوە نەبوو کە لە ئەدەبی «ئینجیل» وەربگرین. چونکە ئینجیل کە کتێبی پیرۆزە و ئەبێ بە چوار بەشەوە: ئینجیلی «مەتا»، هی «مەرقەس»، هی «لۆقا»، هی «حەنا»، وە ئەمانە لەپێش هەموو شتێکدا زیاتر قسە لە ژیانی عیساوە ئەکەن و لە ڕاستیشدا کارێکی زۆریشیان کردووەتە سەر سەرچاوەی ئیلهامی ئەدیبەکەیان. تەنانەت ئەوانەش کە گاور نین. بەڵام لەلایەن ئەدەبییەوە هێشتا لە زمانەکانی تردا بەتەواوی ئەم ئینجیلە جێی خۆی نەکردووەتەوە، مەگەر «ئارنیست ڕینان» فەیلەسووفی فەرەنسزی نەبێ کە ئەو ژیانی عیسای بەڕاستی بە شێوەیەکی ئەدەبی زۆر جواندا گێڕاوەتەوە و ناوی ناوە «ژیانی مەسیح». هەر جۆر بێت سەرچاوەی ئەم کتێبە هەر تەوراتە و ئەوە بوو نموونەیەکمان لێ خستە بەرچاو، لەوە زیاتر لە مەرام دەرئەچێت.

***

دیسان ئەوە بوو وتمان: جۆرێکی تر لە ئەدەبی عیبری پەندی پێشینانیانە - کە ئەمانەوێ لەگەڵ هی کوردیدا ڕووبەڕوویان کەینەوە -. بەڵێ، جوولەکە پەندی پێشینانی خۆیانیان لە زەمانێکی زۆر کۆنەوە بۆ ماوەتەوە کە ئەم پەندانە ژیان و تەفکیر و ڕەوشتیان لە زەمانی ڕابردوودا ئێستە پێ دێننەوە بەرچاو؛ کە چۆن هەندێ جار گەورەیی و هەندێ جار ژێردەستەیی بەسەریانا هاتووە؟ وە چۆن لەناو ماڵدا ڕائەبووێرن؟.

جا ئەمە چەند دانەیەکە لەو پەندانەیان:

١- «جوانی چەپکە گوڵێکە پیری بیەکۆڵە». واتە: تاج لە دەوری گەنجیدا جوان و سووکە، لە دەوری پیریدا گران و ناشیرینە.

٢- «تووتڕک هەر لە مناڵییەوە دەرزی دروست ئەکا». واتە: مناڵ ئەو کردەوانە کە لە دەوری مناڵیدا ئەیکا پیاو ئاگادار ئەکا لەو کردەوانە کە لە دەوری گەورەییشدا ئەیکا.

٣- «ئێمە لە مناڵیدا پیاو بووین، کە پیر بووین لەبەرچاو مەردم بووین بە مناڵ» یانێ: هەندێ کەس هەر لە مناڵیدا زیرەکی و بزێوی ئەنوێنێ و ئیشی گەورە گەورەیان پێ ئەسپێرن، کە پیر بوون ناتوانن ئیەکە بکەن، وەکوو منداڵیان لێ دێتەوە.

٤- «پیاوی پیر ئەڵێ: من بۆ شتێک ئەگەڕم کە ونم مردووە». واتە: پیاوی پیر کە پشتی کۆمایەوە چاو ئەبڕێتە زەوی وەکوو شتێکی لێ ون بووبێت!.

٥- «هەژاری بە شوێن هەژاریدا ئەڕوا».

٦- «لەبەر قاپی دووکان، دۆست و برادەر زۆرە، لەبەر قاپی هەژاری نە دۆست هەیە نە برادەر». یانێ: کە دەوڵەمەند بوویت برادەرت زۆرە، کە هەژار بوویت کەست نییە.

٧- «ئەگەر وتیان دۆستێکت مرد بڕوا بکە، ئەگەر وتیان دەوڵەمەند بوو بڕوا مەکە». واتە: قسەی ناخۆش زۆرتر ڕوو ئەدا هەتا هی خۆش.

٨- «ژنی شەست ساڵە وەکوو کگی شەش ساڵە هەڕا ئەکا بە شوێن دهۆڵ و زوڕنای زەماوەندا». یانێ: ژن با زۆر پیریش بێ، هەر هۆشی ها بەلای دایکیەتییەوە.

٩- «پێڵاوێکم ناوێ گەورەتر بێ لە پێی خۆم». واتە: ژن هێنان لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەنتر لە پیاوەکە وا نەبێ کامەرانی بێ.

١٠- «ئەگەر گەماڵ پێت وەڕی بچۆرە ماڵەوە، ئەگەر دێڵەسەگ پێت وەڕی لە ماڵ دەرچۆ!». لێرەدا مەبەستیان بە «گەماڵ» زاوا و بە «دێڵەسەگ» بووکە. یانێ: لووت و پووتی زاوا هەڵئەگیرێت، بەڵام هی بووک هەڵناگیرێت.

بەرانبەر بەم پەندانە چەند پەندێکی پێشینانی کوردیش ئەهێنینەوە، لەپاش تەماشاکردنی هەر دووکیان، پایەی هەر دوو لایان و گرانی و سووکییان بەرانبەر بە یەک دەرئەکەوێ، پێویست ناکا ئێمە دەریبڕین.

 

پەندی پێشینانی کوردی ئەڵێ:

١- «پیاوی پیر کەوچکی ماڵە». واتە: هیچی پێ ناکرێ هەر لە ماڵا ئەکەوێ.

٢- «ڕووناکی مانگ سەرلەئێوارە دیارە». واتە: کە ئیش چاک هاتە پێشەوە، هەر لە سەرەتاوە دیارە.

٣- «بونگسە باڵای چڵ گەزە ڕیشە». «بونگس: بست». یانێ: کە سەیری تەمەنی ئەکەی مناڵە، کە سەیری ئەقڵی ئەکەی پیرە.

٤- «پیاوی پیر قاچی ئەبێ بە سێ». یانێ: هێزی نامێنێ دار ئەگرێ بە دەستەوە.

٥- «نەگبەتی خۆی چاکە قۆرتەکانی خراپە». واتە: پێشەنگی نەگبەتی هات، لەشکرەکەشی دێت.

٦- «مەگەز لە دەوری شیرینی». «مەگەز: مێش» واتە: مەردم لە دەوری شت کۆ ئەبنەوە.

٧- «بەڵا وەکوو پڵوپووش ئەسووڕێتەوە». یانێ: ناهەمواری و خراپەئەوەندە زۆڕە، بە هەموو لایەکدا ئەسووڕێتەوە.

٨- «بێزووی پیرێژن بووکێنییە». واتە: ژن لە پیریشدا خەیاڵی جوانی هەر لەدەست نادا، بۆ ئەوە ببێ بە دایکی کوڕان.

٩- «نە پێڵاوی تەنگ، نە ماڵی بە جەنگ». یانێ: ژن لە ماڵا کە خۆی بە زیاد زانی، ماڵەکە ئەکا بە ئاژاوە و تاڵی ئەکا.

١٠- «کچم لەگەڵ تۆمە، بووکێ گوێت لێ بێ». واتە: ڕاستەوخۆ ناتوانی لەگەڵ بووکەکەدا قسە بکا، کچەکەی ئەکا بە پەرژین.

ئەگەر ئێمە بە وردی تەماشای ئەم دوو جۆرە پەندی پێشینانە بکەین، لە هەموو سووچێکەوە گەلێ لێک ئەچن، وە وەکوو ئەوە وایە کە ئەم دووە لەیەک شۆین ژیابێتن.

تەنانەت ئەگەر یەکێکی نەشارەزا سەیری هەردووکیان بکا، هیچ ناچێتە دڵیەوە کە ئەمە هی دوو قەومی جیاوازن، مەگەر بەوەدا لەیەکیان بکاتەوە کە مەعنای زۆرتر لە هی کوردییەکەدایە، لەگەڵ جوانی وشە و دڵچەسپی عیبارەتەکەدا.