ئەدەبی کوردی و هیندیی کۆن

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 23 دقیقه  2346 مشاهده

ئێمە لێرەدا مەبەستمان بەراوردێکە لە مەعبێنی دو ئەدەبدا، جا با یەکێکیان گەلێ کۆنتریش بێ، لە مەبەستەکەمان لانادا؛ چونکە ئەدەب پەردەی قەومە و بەراوردکردن لە بەین ئەدەبی دوو قەومدا مەعنای بەراورد کردنی دوو قەومەکە خۆیانە. بەڵێ، ئەگەر بهێنرێ بەرانبەری ئەدەبی ئێستەی فەرەنسە بکرێت لەگەڵ ئەدەبێکی وەکوو چیندا ئەمە زۆر بێ جێیە؛ بۆیە بێ جێیە، چونکە ئەو شاعیرە یا ئەو ئەدیبە کە ئەدەبەکەی ئێستەی فەرەنسە دائەنێ لە بەر ئەوە کە ئێستە دەوری خوێندەوارییە و چاپ، هەموو شتێکی وەکوو ئەوی وت ئەوە گومانی تێدا نییە کە لەوی وەرگرتووە. بەڵام ئەگەر قەومێک خوێندەواری تێدا نەبوو وە لە هەموو بارێکا ئاشنایەتی لەگەڵ عالەما بڕابوو، ئەگەر ئەدیبێکی-تەنانەت لەم سەدەی بیستمەشدا- هات شتێکی دانا، هەر بە کۆن ئەژمێررێت و هەر وەکوو تەعبیر لە شعووری ئەدەبێکی دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش لەو قەومە بداتەوە وایە، چونکت خوێندەواری لە ناوا نەبووە و نییە کە بڵێت بەهۆی خوێندنەکەیەوە ئاشنا بووە بە فیکری ئەدیبی قەومەکانی تر- چە تازەیان چە کۆنیان- عەلاقەی هاتوچۆش لە بەینیانا نەبووە، تا بۆترێ ئەم ئەدیبە چووەتە ئەو شوێنە و لە بۆنی دەمیان تێگەیشتووە و هاتۆتەوە شتێک ئەڵێت کە وەکوو هینەکەی ئەوان وایە!. بەڵکو هەر شتێک بڵێت هەر لە؛ ڕووی شعوورە سادەکەیەوەیەتی نەوەک لە ڕووی هەڵسوکەوتی ڕۆحی، یا جیسمی بێ لەگەڵ بێگانەیەکدا!.

کە وا بوو ئێمە ئەگەر بەرانبەری ئەدەبی کوردی بکەین لەگەڵ ئەدەبی قەومێکی تردا - با ئەدەبی قەومەکەی تر زۆر کۆن بێت و ئەمیش زۆر تازە بێت - هەر وەکوو بەرانبەری کۆنێک لەگەڵ کۆنێکا کرابێت وایە، چونکە ئاشنایەتی ڕۆحی و جیسمی نەبووە، تا بڵێت حەق نییە ئەم کۆن و تازەیە بەرانبەری پێ بکرێت، ڕەنگبێ تازەکە لە کۆنەکە وەرگیرابێ. ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەدەبی کورد لەبەر ئەوە لەسەر کاغەز هەڵنەگیراوە وەکوو چۆن ئەوە هەڵئەگرێ کە ئەدەبی دووسەد ساڵ لەمەوپێشتر بێ ئەوەش هەڵئەگرێ کە ئەدەبی دووهەزار ساڵ لەمەو پێشتر بێ. هەر جۆر بێت: هی دووسەد ساڵ بێت یا هی دووهەزار ساڵ، هەر تەعبیر لە شعوورێکی ساقی ناوچە ئەداتەوە. ئەو ناوچەیە بەبێ عەلاقاتی خارجی دووهەزار ساڵ لەمەوپێش چە تەئسیرێکی کردۆتە ئەدیبێکی ئەو وەختە عەینی ناوچەی دووسەد ساڵ لەمەوپێشیش هەر ئەو تەئسیرە ئەکاتە سەر ئەدیبێکی وەختی خۆی. جا ئەمانەیە کە ئێمەی هەڵخڕاندووە بۆ ئەوە ئەدەبی کوردی بەراورد بکەین لەگەڵ ئەدەبێکی کۆنی غەیری کوردیدا!. کەوابوو ئێستە ئەڵێین ئەدەبی هیندی و کوردی:

دەشتەکانی دەوروبەری «قەزوین» نیشتمانی قەومێکی «ئاری» بوون. لەبەر ناکۆکی بەینی خۆیان هەندێکیان وڵاتەکەیان بەجێ هێشت و سەرەوخوار بوونەوە بۆ «ئاسیای ناوەڕاست». هاتن، هاتن تا گەیشتنە کوێستان و دارستانەکانی ڕۆژەڵات. ماوەیەک لەوێ مانەوە، ئینجا چاویان بڕییە دەشتەکانی «هیند» و بۆی کشان. دانیشتووە ئەسڵییەکان خۆیان کە پێیان ئەوتن «داسی» بەڕەنگاریان بوون، کە زۆر بوو قەواڵە بەتاڵە. نەیانتوانی بیانگێڕنەوە، لەوێدا جێگیر بوون و ناو نران «هێندۆس» و داسییە ئەسڵییەکانیان خستە ژێر سوخرەی ئیشوکاری خۆیانەوە. ئەوانیش ناوەکەیان گۆڕا، ناو نران «شودراس» -کە بووزییەکان هەندێکن لەمانە-. هەندێکی تر لەم داسییانە هەر سەریان دانەنەواند بۆ ئەم لێشاوی ئارییانە و هەڵاتن و چوون بۆ «دەکەن» و ئێستەش هەر لەوێن.

ئەم شەڕ و شۆڕی بەینی ئاریی کۆچکردوانە و بەینی «داسی»یە نیشتەجێکان سەرچاوەی زۆرتر لە ئەفسانە و داستانەکانی هیندە. ئەم ئەفسانانە هەتا زەمان ئەهاتە پێشەوە ئەوان لەبەرچاو هێندۆسەکان پیرۆزتر و گەورەتر ئەبوون، هەتا وایان لێهات کتێبە پیرۆزەکەی هێندۆس «ڤیدا»ی لێ دروست کرا و کەوتنە سەر ئەو بڕوایە کە ئەمە خوا ناردوویە بۆ هەندێ لە پیاوەگەورە ڕابردووەکانیان!. لەم هێندۆسانە «بورەهمی»یەکان پەیدا بوون - کە ئەمانە سەرەتا دەستەیەک بوون کاهین و خزمەتی «ڤیدا» یان ئەکرد و پاسەوانی بوون - لەپاشا پەرەیان سەند و ئایینی «بورەهمی» یان لێ پەیدا بوو، لە شودراسەکانیش ئایینی «بووزی» هاتە ناوەوە.

قسەکانی «ڤیدا» هەموو ڕوو لە هێزی تەبیعەت ئەکاتەوە، بەیانی کە تاریکی شەو لائەبا، خۆراوا کە ئیشێکی وا ئەکا پیاو نەخاتە شەو و عەزیەتی ڕۆژی لە کۆڵ ئەبێتەوە. باران کە دەغڵ و دان ئەڕوێنێ. ئەمانە هەموویان بۆ ئەوە ئەشێن کە پیاو سوپاسیان بۆ بکا. دیسان هەر لە «ڤیدا»دا ئەڵێ: پیاو ئەبێ لە خوا بپاڕێتەوە بۆ ئەوە دەغڵ و دان و ماڵات زۆر بکا. عومر درێژ بکا و ڕۆڵەی چاک بدا پیاو... هەروەها ئەڵێ: بپاڕێتەوە کە ئارییەکان بپارێزێ و زاڵیان بکا بەسەر دوژمنا و هەر لە سەرەوە بن. لە باسی ئەو دونیاشا ئەڵێ: ڕۆح ئەبێ هەر بمێنێتەوە، تیاچوونی نابێت.

کە هێندۆسەکان لە دەشتەکانی «پەنجاب»دا جێگیر بوون، دیسان ڕووەو ڕۆژەڵاتی ئەوێ پەلامارێکی تریان دایەوە، لە دەوروبەری «کەنج»دا گیرسانەوە. بەتایبەتی دوو تیرەیان - کە «پانگاڵا» و «بەهاراتا» یان پێ ئەوتن - بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بوون. لەو وەختەدا کە ئەغریقەکان ئابڵۆقەی شاری «تروادە» یان دابوو، ئەم دوو تیرەیە جەنگ لە بەینیانا هەڵگیرسا، ئەم جەنگە بوو بە سەرچاوەی شەڕ و شۆڕێکی «مەلحەمە» شیعریی درێژ کە تاریخ و ئەفسانەی هیندی تێکڵاو کرد و پێی ئەڵێن «ماهابەهاراتا» بە کورتی ئەم چیرۆکە ئەڵێ: «پاندۆ» پادشای «بەهاراتا» مرد، پێنج کوڕی مناڵی لەشوێن بەجێ ما، لەگەڵ برایەکی کوێردا کە ناوی «زریتارشترا» بوو. براکەی نیشتە سەر تەخت و کوڕەکانی پاندۆی لەگەڵ کوڕەکانی خۆیدا بەخێو کرد. بە کوڕەکانی پاندۆیان ئەوت «سەرۆکەکانی پانداڤا» و بە کوڕەکانی زریتارشترایشیان ئەوت «سەرۆکەکانی کوراڤا». «دروپادا»ش پادشای «پانگاڵا» بوو، لەسەر شتێک «درونا» - کە پیاو ماقووڵێکی شارەکە بوو - زیزی کرد. درونا باری کرد و چووە لای زریتارشترا لە بەهاراتا و بوو بە مامۆستای سەر و سواری کوڕە پادشاکان و فێریانی کرد. زریتارشترا لە تۆڵەی ئەم کردەوەیەیدا لەشکرێکی دایە کە بچێت تۆڵەی خۆی بە دروپادا بکاتەوە. چوو گەلێ لە وڵاتی پانگاڵای گرت.

زریاشترا پیر بوو، ویستی یەکێ لە کوڕەکانی پاندۆ بخاتە سەر تەخت. کوڕەکان خۆی نەیانهێشت و ناچاریان کرد کە «دریوزان» - کە کوڕی گەورە بوو- بیکا بە جێنشین. ئەم کوڕە ترسی پاشەڕۆژی لە ئامۆزاکانی هەبوو، هێنای ئاگری بەردایە خانووەکەیان، ئەمانیش ناچار هەڵاتن بۆ بێشەڵانەکان.

هێندۆسەکان ڕەوشتیان وابوو: ئەگەر کچێکیان شووی بکردایە، مەیدانی تیرەندازی و شەڕ دائەمەرزا، هەرکەس تیایا سەرکەوتایە کچەکە شووی پێ ئەکرد. «دروپادی» کچی «دروپادا» پادشای پانگاڵا جاڕچیی نارد بۆ ئەوە جاڕ بدا مەردم بێن مەیدانداری بکەن، هەرکە سەرکەوت شوی پێ ئەکا. «ئەرچوون» کە کوڕە گەورەی پاندۆ بوو وە زۆر شارەزای تیرەندازی و سواریش بوو، ئەمەی بیست و هات بۆ پانگاڵا، جلی کاهینێکی بورەهمی لەبەر کرد و ڕووی کردە مەیدانی تیرەندازان. مەیدانەکە پڕ بووبوو، «دروپادی»ش هات و بوو بە چەپڵەڕێزان. مەیدانداری بە شەیپورێک کرایەوە. تیروکەوانێکی گەورە دانرابوو بۆ تاقی کردنەوە، گۆیا هەرکە هەڵیگرت ئەوە ئەو کەسە سەرکەوتووە. زۆر کەس هات، کەس پێی هەڵنەگیرا. «ئەرچوون» هات و هەڵیگرت و تیری پێ هاوێشت و نیشانەکەی شکاند. دروپادی چوو چەپکە گوڵێکی پێ بوو، کردی بە بەرسنگی ئەرچووندا، یانێ کردی بە مێردی خۆی. خەڵکەکە لەبەر ئەوە دوژمنایەتی لەبەین کاهین و پیاوماقوڵاندا هەبوو، وە ئەرچوونیش جلی کاهینی لەبەردا بوو، تووڕە بوون و وتیان: چۆن ئەبێ کچی پادشا کاهینێک بە زیاتر بزانێ لە پیاوماقوڵێک!؟. ئەرچوون ئەمەی بیست جلەکانی لەبەر خۆی داکەند. خەڵکەکە سەیریان کرد ئەمە کاهین نییە، کوڕە پادشایە!.

ئەرچوون کچی پادشای مارە کرد و سەرلەنوێ ئەستێرەی سەرۆکەکانی پانداڤا هەڵهاتەوە. دروپادای خەزووری ئەرچوون هاوپەیمانێکی بەدەستی هەبوو، ئەرچوون و براکانی داوایان لێ کرد کە یارمەتییان بدا بۆ ئەوە بچن «بەهاراتا» لە «زریتارشترا»ی مامیان وەربگرنەوە، ئەویش پشتیوانی کردن و چوون. زریتارشترا هێنای نیوەی ڕۆژاوای وڵاتەکەی - کە شوێنێکی بێ خێر بوو - پێ دان و نیوەی ڕۆژەڵاتەکەشی - کە شوێنێکی بە پیت بوو - دای بە کوڕەکانی خۆی!. ئەم سەرۆکانەی پانداڤا کەوتنە چاوێریکردنی وڵاتەکە و ئاوەدانیان کردەوە و گەلێ شاریان تیایا دروست کرد - «دەلهی» یەکێکە لەو شارانە. ئەم مڵکدارییەی ئەمان لەجەریەکی لە دڵی «دریوزان»دا هەڵگیرساند. کەوتە سەر ئەوە فڕوفێڵێکیان لێ بکا. هێنای هەمووی بانگهێشتن کردن و قوماری بۆ دامەزراندن. لە قومارەکەدا گزی کرد، هەرشتێکیان هەبوو نەبوو لێی بردنەوە و کەوتنە سەر ساجی عەلی!. ئینجا ئەمەی بۆ دامەزراندن و پێی وتن:

ئەبێ دوانزە ساڵ خۆتان ون کەن، لەپاش دوانزە ساڵە ساڵێکی تریش لە شارێکا دانیشن. ئەگەر ئێمە -کە سەرۆکەکانی کوراڤاین- لەم سیانزە ساڵەدا نەماندۆزینەوە ئەوا ئەو وەختە ماڵ و مڵکەکەتان ئەدەینەوە. ئەم هەژارانە چوون و بە بێشەڵان و جەنگەڵستانەکانا وێڵ بوون. «دروپادی» ژنی «ئەرچوون» یشیان لەگەڵ بوو، مەگەر خوا بزانێ ئەم دوانزە ساڵەیان بە چە جەزرەبەیەک بردە سەر؟!. ڕاز و نیاز و بەسەرهاتی ئەم دوانزە ساڵەیان لە بێشەڵانەکانا کۆ کراوەتەوە و ناو نراوە «کتێبی جەنگەڵ». بەڕاستی شتی زۆر بەنرخ و سەیری تێدایە، پایەی ئەدەبی هیندی بە تەواوی بەرز کردۆتەوە.

لە پاش دوازدە ساڵە هاتنە شاری «ماتسیا» و خۆیان گۆڕی؛ دوویان بوون بە شوان، یەکێکیان بە دەرکەوان، یەکێکیان بە مەیتەری وڵاخان، یەکێکیان بە ئاشچی کۆشکی شای خانەدان، دروپادیش بوو بە کارەکەری شاژن لە ئەندەروون. ئەم ساڵی سیانزەهەمەیش دە مانگی ڕۆیشت، کەوتنە خۆشی کە گۆیا زۆری نەماوە لەم دیلیەتییە ڕزگاریان ببێ. لەم ماوەیەدا سەرکردەی لەشکر چاوی بە دروپادی ئەکەوێ و دڵی لێ ئەچێ!. زۆری خەریک ئەبێ بۆی دەست نادا، لەپاشا تووشی جەزرەبەی ئەکا. لەسەر ئەمە یەکێ لە براکان ئازایەتی دێتە جۆش و سەرکردە بێ شەرمەکە ئەکوژێت!. لەم ماوەیەدا «دریوزان» لە هەموو وڵاتی هینددا هەر چاوە چاوی بوو، بەڵکوو ئەم برایانە بدۆزێتەوە، بە هیچ نەگەیشت. بەڵام ڕۆژێک ئەوەی بیست کە بشێوی کەوتووەتە «ماتسیا» وە. سەرۆکەکانی کوراڤا ئەمەیان بە هەل زانی بۆ ئەوە ماتسیاش دابگرن، لەشکریان بۆ کرد... پادشای ماتسیا - کە مناڵێک بوو - ئەویش لەشکری کرد و چووە دەرەوە. ئەرچوون جڵەوی وڵاخەکەی بۆ ئەکێشا. پادشای مناڵ کە چاوی بە لەشکری دوژمن کەوت بێ هۆش بوو و کەوت!. ئەر چوون پەلاماری دا و نرکاندی و وتی: «من ئەرچوونم!» و ڕووی کردە لەشکری سەرۆکەکانی کوراڤا و تاروماری کردن. ئەم ماوەی سیاترە ساڵە تەواو بوو، ئینجا هاتن داوای ماڵ و مڵکەکەیان کردەوە. دریوزان وتی: ئێوە بە پێی قسەی خۆتان نەبزەتوونەتەوە، هێشتا سیاترە ساڵەکە تواو نەبووبوو ئەرچوون خۆی ئاشکرا کرد. ئەم بڕ و بیانووە بووەوە بە هۆی دامەزراندنی شەڕ لەبەینی هەردوو بەرەکەدا. لە ئاخرا ئەم پێنج برایە - سەرۆکەکانی پانداڤا - سەرکەوتن و دریوزانیش کوژرا.

***

بەرانبەر بەم چیرۆکی هیندییە لە کوردیشدا چیرۆکێک هەیە، وەنەبێ لە بیروباوەڕدا زۆر لێک دوور بن، ئەگەر دووریش بن، ئێمە ئەوەندە کۆشش هەر ئەکەین کە بکەوێتە سەر کاغەز و لەمە زیاتر لە ژێر پەردەی لە فکر چوونەوەدا نەمێنێتەوە!. چیرۆکەکە ئەگێڕنەوە ئەڵێن:

«بەرگرد» و «فەرگرد» دوو برا بوون هەر لە باپیرە گەورەیانەوە دەستە جڵەوی عەشرەتەکەیان لە وڵاتی «پاکترین» بە گەورەیی بۆ مابووەوە. فەرمانڕەوا و کام ڕوا بوون. ڕۆژێ لە ڕۆژان «بەرگرد» دانیشتبوو، چۆلەکەیەک بەسەر سەریا تێپەڕی و پریاسکەیەکی لێ کەوتە خوارەوە و کەوتە کۆشی ئەم. کە کردیەوە دوو دانە گەوهەری شەوچراغی تێدا بوو، هەرکە چاوی پێیان کەوت ئاوی چاوی هات و هەردوو چاوی کوێر بوون!. پزیشک و داو و دەرمان نەما، هیچی کەڵکی نەگرت. لەولاشەوە ماڵ و دەوڵەتەکەیان ڕۆژبەڕۆژ لە کورتی ئەدا، تەنانەت سەگێکی کۆنیشیان هەبوو کە ساڵەهای ساڵ بوو لەبەر قاپییەکەیانا کەوتبوو، هەرکە «بەرگرد» ئەچووە دەرەوە، یا ئەهاتە ژوورەوە سەگەکە پێی ئەوەڕی و ئەگەر یەکێ لە خزمەتکارەکانی لەگەڵ نەبوایە ئەیخوارد. هەروەها ئەسپی تایبەتی سواری خۆیان هەبوو - ئەو ئەسپە کە جاران هەرکە ئەمان دەرئەکەوتن پشتی دائەنوان - ئێستە کە چاوی بە یەکێ لەمان ئەکەوت دەستی ئەکرد بە جووتە وەشاندن و هەڵئەهات. بە کورتی ڕۆژبەڕۆژ لە کورتییان ئەدا؛ ڕۆژێ فڵان خزمەتکار و کارەکەر لێیان هەڵئەگەڕایەوە، ڕۆژێ فڵان عەشرەت و خێڵ لێیان ئەتورا. بەمجۆرە ئەستێرەیان کەوتە لێژی و دونیایان لێ بوو بە چەرمی چۆلەکە!

لەم کارەساتە بە جارێ سەریان سڕما، هیچ شەخس و پیاوچاکێک نەما نەگەڕان، چارێکیان پێ نەکرا. دایکە پیرێکیان هەبوو، ڕۆژێک وتی: من لە باوکتان و باوکیشتان لە باپیرەگەورەتانەوە، بیستوومە کە ئەم بنەماڵەیە ئەکەونە جۆشی جوانی و بەرزبوونەوە، کوتوپڕ سەرەولێژ ئەبنەوە، ئیتر نازانم هەڵئەستنەوە یا هەڵئەستنەوە. ئەترسم ئەو ڕۆژە ئەم ڕۆژە بێ کە ئێمە تووشمان بووە؟. ئەم قسەیە ئەوەندەی تر دڵی «بەرگرد» و «فەرگرد»ی تەنگ کرد. شەوێ فەرگرد بەم وت و ویرەوە ئەتلایەوە تا خەوی لێکەوت. هەرکە چاوی چووە خەو و نەچوو کوتوپڕ دەنگێکی هاتە گوێ وەکوو لە دەمی پەری دەر بچێ وابوو، وتی: «بڕۆ، حەوت جووت بدڕە، حەوت شار بگەڕە، حەوت شت بگۆڕە، حەو خێر وەرگرە» هەر ئەمەی بیست و لە خەوەکە ڕاچەنی، ئیتر هەرچەندی کرد خەوی لێ نەکەوتەوە. ئەو شەوەی ڕۆژ کردەوە و بەیانی خەوەکەی بۆ دایکی گێرایەوە. دایکی وتی: ڕۆڵە من هەر ئەوەندەی لێ ئەزانم هەستە بچۆ حەوت جووت پێڵاوی ئاسنین دروست کە تا ئەیاندڕیت بگەڕێ، ئیتر لەمە بەولاوە نازانم.

ئەمان لەم قسەدا بوون هەرا داکەوت، هەر ئەوەندەیان زانی دەوریان گیرا، تومەز ئەمە کۆنە دوژمنێکی عەشرەت داریان هەبوو، کە ئەزانی ئەمان بەمجۆرە ڕۆژگار پشتی تێ کردوون، بە هەلی ئەزانی لەشکر ئەکا و دێت ناوەستێتەوە تا تەنانەت ئابڵوقەی کۆشکەکەشیان ئەدا. ئەو لەشکرە تا ئەگەنە ئەو شوێنە هیچکەس نابێ بەرەنگارییەکیان بکا. فەرگرد هەر ئەوەندەی پێ ئەکرێ دەستی پیرەژنەکەی دایکی و برا کوێرەکەی ئەگرێت و هەڵدێن و ئەچن لە ئاشە کۆنێکا ئەمێننەوە و سەری خۆیان کز ئەگرن. لێرەدا فەرگرد بە تەواوی دڵتەنگ ئەبێ و هیچ بە دڵیا نایێ تەنیا ئەوە نەبێ کە ڕێگەی عەوداڵی بگرێتە بەر و بڕوا. هەڵئەستێ حەو جووت کەوشی ئاسنین لەگەڵ خۆی ئەبا و دەشت ئەگرێتە بەر و دایک و براکەی لە ئاشە کۆنەکەدا بە کەساسی ئەمێننەوە. حەو ساڵ هەردەگەڕیی کرد، چۆڵ و بیابانی پشکنی و وڵات نەما نەسووڕێتەوە و جەزرەبە نەما نەیکێشێ. داستانی ئەم حەو ساڵەی گەلێ کتێب لە چیرۆکی کوردیدا پڕ ئەکاتەوە، بەڵام ئێمە چاومان لێ پۆشی.

ڕۆژێک لە ڕۆژان بێ دەرەتان و سەرگەردان، بە چۆڵێکا ئەسووڕایەوە، ماندوو و مردوو، برسیی و تینوو، لە دوورەوە چاوی بە ئاسکێک کەوت، دەست لەسەر شان نایە سەر ئاسکەکە، ها لێرە، ها لەوێ، ڕاوی ئەنا هەتا ئاسکە لە زەویێکدا خۆی کرد بە کۆنێکا.

فەرگردیش بە کونەدا بە شوێنیا چووە ژوورەوە، سەیری کرد ئەمە دەشت و کانیاو و دار و دارستانە. هیچ سۆراخێکی لە ئاسکەکەوە نەدی، بەلایەوە سەیر بوو، هەندێکی تر چوو، تەماشای کرد وا دوو ئاخور ئەکێکیان سەگێکی لەسەر بەسراوەتەوە و یەکێکیان ئەسپێک، بەڵام پڕ ئاخوڕی سەگەکەیە لە «کا» و هی ئەسپەکەیە لە «ئێسک». ئەوانیش هەر نووزەیەکیان تێدا ماوە. زۆری بەزەیی پیانا هاتەوە، هێنای ئێسکەکەی لەبەر ئەسپەکە هەڵگرت و کردیە بەر سەگەکە، کایەکەشی لە بەردەم سەگەکە هەڵگرت و کردیە بەر ئەسپەکە.

هەندێکی تر ڕۆیشت، تەماشای کرد ئەمە دارێکە و گۆمێکی لە نزیکەوەیە، دارەکە لەبەر تینوویەتی هەموو لق و پۆپەکەی وشک هەڵگەڕاوە، گۆمەکەش لەبەر ئەوە بەرەکەی گیراوە، ئاوەکە پەنگی خواردۆتەوە و بۆگەنی کردووە، زۆر دڵی بۆ دارەکە سووتا، چوو کونی گۆمەکەی بەرەڵا کرد و ئاوەکە خوڕ چووە بن دارەکە، هم دارەکە بووژایەوە، هەم گۆمەکە بۆگەنەکەی نەما.

هەندێکی تر ڕۆیشت، پشیلەیەک و مەڕێکی بەرچاو کەوت بەسراونەتەوە، بەڵام پشیلەکە بێچوویەکی هەیە بەسراوە بە مەڕەکەوە، مەڕەکەش بەرخێکی هەیە بەسراوە بە پشیلەکەوە نە پشیلەکە شیر ئەدا بە بەرخەکە، وە نە مەڕەکەش شیر ئەدا بە بەچکە پشیلەکە. بەرخ و بێچووە پشیلەکە لە برسانا زەرد هەڵگەڕوان، پشیلە و مەڕەکەش لەبەر ئەوە چاویان لە کۆرپەکانیانە و دەستیشیان نایانگاتێ، هەروەختە لە تاوانا باڵ بگرنەوە، ئەمیش هێنای بەرخ و بەچکە پشیلەکەی هەریەکە خستە بەر دایکی خۆیان و بەرەڵایشی کردن. باڕەی مەڕ و بەرخ و میاوەی پشیلە و بەچکەی لە خۆشییانا گەیشتە عاسمان.

هەندێکی تر ڕۆیشت، گەیشتە کانیاوێک، تینووی بوو، چووە سەر کارێزەکە ئاو بخواتەوە، سەیری کرد وا لە بنەوە قەفەزێک دیارە و کۆترێکی لەناوایە و پەردەیەکی ڕەش لەناو قەفەزەکەدا دراوە بەسەر کۆترەکەدا. دەستی برد قەفەزەکەی دەرهێنا و درگاکەی کردەوە، کۆتر هە نوستووە!. هەرچندە دەستی پێوە ژەند خەبەری نەبووەوە، ئینجا پەڕوەکەی لەسەر سەری لابرد، خەبەری بووەوە، بەڵام هەڵنافڕێ، سەیری کرد شتێک لە دەمیایە، دەستی برد دەری هێنا، تەماشا ئەکا ئەمە ئەنگوسیلەیەکە، هەرکە ئەنگوسیلەی لە دەم کۆتر دەرهێنا کۆتر دای لە شەقەی باڵ و هەڵفڕی بە ئاسمانا. کە کۆتر هەڵفڕی هەواکە گۆڕا و کژ و بایەک پەیدا بوو، تەماشای کرد لەشیشی خەریکە تێک ئەچێ، چاری نەبینی بێجگە لەوە نەبی کە بەرەودوا بگەڕێتەوە.

دەستی کرد بە گەڕانەوە، کە چی لە پشتەوە ئەوا یەکێ بانگی ئەکا، پێی ئەڵێ مەڕۆ، لای کردەوە هیچ دیار نییە و دەنگەکەش هەر دێت، هیچ گویێ نەدایە، پێی پیا هێنا هەتا گەیشتەوە مەڕ و پشیلەکە، گوێی لێیە ئینجا دەنگەکە بە مەڕ و پشیلەکە ئەڵێ: بیگرن، ئەوانیش ئەڵێن: نایگرین، کۆرپەکەی داوینەتەوە. دەستیان کرد بە خۆسن دان بە دەنگەکە. هات گەیشتە دار و گۆمەکە، دەنگەکە وتی: دار و گۆم بیگرن، وتیان: ئاوی داوین و بۆگەنی لابردوون. گەیشتە سەگ و ئەسپەکە، دەنگەکە بانگی کرد: سەگ و ئەسپ بیگرن، ئەوانیش وتیان: نایگرین، ئالێک و خواردنی داوینێ. هاتەوە هەتا گەیشتە بەر کونەکە. سەیری کرد دوو شیر ڕاست و چەپ بە بەر کونەکەدا هاڵوسراوە و ڕێگە نییە بچێتە دەرەوە، گەلێ خەریک بوو ڕێگەیەکی بۆ نەدۆزرایەوە، شمشێرەکەی خۆی دەرهێنا و ویستی بە شمشێرەکە شمشێرەکان لابرا، هەرکە شمشێرەکە کەوت لە شیرەکان دونیا بوو بەتۆز و با و گەردەلوول. شریخەیەک هات لە مێشکیا دەنگی دایەوە و کەوت!. لەپاش تۆزێ سەری بەرز کردەوە هیچی بەرچاو نەکەوت، نە دارستان و دەشتەکە، نە کون و شیرەکە!.

تۆزێ خوێن ڕژاوە و هیچی تر. بەڵام لەشی زۆر سووکە و دڵیشی لە خۆیەوە زۆر خۆشە. ئیتر کەوتە ئەو دەشتە و نازانێ بۆ کوێ ئەچی و ئەم شوێنە کوێیە؟!.

پێڵاوەکانی دڕابوو، پێڵاوی تریشی نەمابوو لە پێی کا. لە شەکەتییا و لەبەر ژانی قاچی لە بن کانی و دارێکا دانیشت، بۆ ئەوە تۆزێ بحەسێتەوە، زۆریشی برسییە. کوتوپڕ لە دوورەوە بڕە سوارێک دەرکەوتن و هاتن بۆ سەر کانییەکە، دابەزین و دانیشتن، هەروا کەوتنە قسە کردن لەبەین یەکدا، فەرگردیش داوای نانی لێ کردن، نانیان دایە، ئینجا لێی پرسین: ئەم شوێنە کوێیە و ئێوە کێن و بۆ کوێ ئەچن؟ ئەوانیش وتیان: ئێمە پیاوی «بەرگرد» شاین. ئەمە حەوت ساڵە برایەکی بێ سەروشوێن ڕۆیشتووە، ئێمە ئەمە چل ڕۆژە بە شوێنیا ئەسووڕێینەوە و ئەپرسین، هێشتا هیچمان لێوە دەست نەکەوتووە، «فەرگرد» لەم وەڵامە سەری سڕما، وتی. بەرگردشا خۆی کێیە و براکەی کێیە؟

وتیان: بەرگردشا پیاوێکی بنەماڵەبوو، برایەکی هەبوو «فەرگرد»ی ناوبوو، لە پێش حەوساڵدا بەرگردشا خۆی چاوی کوێر بوو، دونیا پشتی تێ کرد، هەرشتێکیان هەبوو و نەبوو لە دەستیان چوو، دوژمن هات وڵاتەکەیشی لە دەست سەندن، لەپاشا دەربەدەر بوون، ئیمسال بەرگردشا چاوەکانی چاک بوونەوە گەڕایەوە، هات دوژمنی لە وڵاتەکەی دەرکرد و ماڵ و موڵکەکەیشی سەندەوە، لە پێش حەوساڵدا فەرگردی برای بێ سەر و شوێن ڕۆیشتووە، ئێستە پیاوی خستۆتە هەموو مەملەکەت بەشوێن براکەیا، وە ئێمەشی ناردووە بۆ ئەم ناوچەیە، ئەم چل ڕۆژە ئەسووڕێینەوە، ڕێ بەدییەکمان نەکردووە!.

فەرگرد وتی: کەواتە من «فەرگرد» م، سوارەکان هەموو هەستان و کڕنووشیان بۆ برد و تێکرا پێکەوە لێیان دا و ڕۆیشتن. فەرگرد وتی: من تا ئەم وڵاتە هەموو لە دوژمن پاک نەکەمەوە و هەمووی نەگرم، ناچمەوە ماڵەوە!. پیاوەکان وتیان: هەر فەرمانێک بکەیت ئێمە لە دەستاین. ئینجا بێنی پێوەنا و دەستی کرد بە پەلاماردان، ڕووی ئەکردە هەر شار و لەشکرێک، ئەیگرت و ئەیشکاندن، هەتا حەو شاری حەو مەملەکەتی ئەو دەورەی گرت و بە پیرۆزی و سەربەرزی ڕووی کردەوە وڵاتەکەی خۆی. لەبەر ئەوە ئەم براگەورە بوو، لەسەر تەخت دانیشت و بەرگردی برا بچووکی بوو بە وەزیری و فەرمانداری وڵاتەکەیان کرد».

ئێمە کە سەیری ئەم دوو چیرۆکە بکەین - چیرۆکی هیندی و کوردی - ئەوە بخەینە ئەولاوە کە ئەوەیان زۆر کۆنە و ئەمەیان وەکوو نازانرێ زۆر کۆنە، ئەوەش هەر نازانرێ کە تازەیە. گەلێ لێک ئەوەشێنەوە وەکوو لە بیر و باوڕی ڕەگەزێکی تایبەتی سەریان هەڵدابێ وانە!. ئەمانە یا ئەفسانە بن یا داستانێکی ڕاستەقینە بن، لەم ڕووەوە هەردووکیان لە تاکی ترازوویەکدان. ئەمێنێتەوە سەر ئەوە ئەفسانە، کە یەکێکە لەو پردانە کە پایەی ڕەوشت و عەقڵییەت و ئەدەبیاتی قەومێکی پێ دەرئەکەوێ، لە هەر یەکەیانا شتێک هەیە کە وێنە ڕابردووی قەومەکە بداتە دواوە وەکوو ئەوە:

چۆن لە ئەفسانەی هیندییەکەدا دونیا پشتی هەڵکرد لە سەرۆکانی پانداڤا کە کوڕەکانی «پاندۆ» بوون - لە هی کوردییەکەشدا بەوجۆرە پشتی کردە بەرگرد و فەرگرد. لە هی هیندییەکەدا جەزرەبەی دوازدە ساڵەی سەرۆکەکانی پانداڤا - کە سەرچاوەی گەلێ ئەفسانەی هیندییە - لە هی کوردییەکەشدا جەزرەبەی حەوت ساڵە بەرگرد و فەرگرد، کە ئەمیش گەلێ داستانی کوردی تێدایە، لە هی هیندییەکەدا شەڕ و شۆڕ و مەیدانداری سەرۆکەکانی پانداڤا لەگەڵ سەرۆکەکانی کوراڤا، لە هی کوردییەکەشدا شەڕ و شۆری بەرگرد و فەرگرد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیانا بۆ سەندنەوەی وڵاتەکەیان و گرتنی وڵاتانی تر. هیچ ئەفسانەیەک لە باری ئەدەبی و عەقڵیدا نابێ خاڵی بێ لە دەرز و پەند و ئەفسانە و چیرۆکی کوردی ئێستەش هەر لە کوێ ئاگرداندا پڕ و پیرێژنان ئەیگێڕنەوە بۆ ئەوە ئاغەی ماڵ خەوی لێ بکەوێ، یا مناڵ و ڕەواڵی پێ بخڵەتێنن. لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر بێنە سەر ڕاستی، ئەفسانە بۆ ئەوە نییە؛ بەڵکوو پەند ئامۆژگارییەکە، کە قسە لە سووڕانەوەی میچی دونیا ئەکا و شانۆی ئاسمان پیشان ئەدا، وەکوو لەم چیرۆکە کوردییەدا ئەمە دەرئەکەوێ:

یەکەم، ئەو دەرزانە دائەدا کە پشت بە دونیا بەستن ئیشی پیاوی ژیر نییە. دونیا وەکوو میچە ئەخولێتەوە، وەکوو خۆشی تێدایە ناخۆشی تێدایە، وەکوو بەرزی تێدایە نزمیشی تێدایە، هەمووی وەکوو پەردەی سینەما دێت و ئەڕوا!!.

دووهەم، پیاو تا ڕەنج نەدا ناگاتە گەنج، تا چەرمەسەری و شەونەخوونی و جەزرەبە نەبینێ ناگا بە مراد.

سێیەم، لە خراپە خراپت تووش ئەبێ و لە چاکە چاکە، هەموودەم پیاو ئەبێ خەریک ئەوە بێ لە ئیشی چاکە بەولاوە هیچی تر نەکا. ئەگەر فەرکرد ئەو چاکانەی لەگەڵ سەگ و ئەسپ و شتەکانی تردا نەکردایە، هەر لەو شوێنەدا سەری تیا ئەچوو.

چوارەم، پیاو نابێ کۆڵ بدا، دەستی دایە هەر ئیشێک ئەبێ تا سەر لەگەڵی بێت ئەگەر نەیبردە سەر هەم خۆی ناهومێد دەبێ، هەم ئیشەکەش ناچێتە پێستێکی وەهاوە کە یەکێکی تر کەڵکی لێ ببینێ.

***

ئەمانەوێ ئێمە لە هەموو سووچێکەوە بەراوردی ئەدەبی هیندی و کوردی بکەین، بۆیەش ئەمانەوێ مشتێ نموونەی خەروارێکە. لە چیرۆک و ئەفسانەدا ئەوەندەمان دەربڕی لە پەندی پێشینییانیشدا چەند دانەیە دەربڕین. پەندی پێشینانی هیندی ئەڵێ:

«لێقەومان بەردی مەحەکە بۆ تاقیکردنەوەی دۆستی ڕاستەقینە». نەخۆشی و خەم و مەینەت و ئازار هەمووی لە پاشەرۆکی ئەو هەڵانەیە کە پیاو لە ڕابردوودا کردوونی. بەزەییت بێتەوە بەو کەسەدا کە داوای بەزەییت لێ دەکا، خێر و بێرت وەکوو باران بێت، مانگ ڕووناکییەکەی بەسەر ساغ و نەخۆش و ئاغە و نۆکەردا بڵاو ئەکاتەوە شوێن دوژمنی ڕاست بکەوە نەوەک دۆستی ناڕاست، دۆستایەتی و دوژمنایەتی بە قسە و بە ناو جیا ناکرێتەوە، بەڵکوو بە عەقڵ و کردەوە جیا ئەکرێتەوە. لە وەختی دەوڵەمەندیتا لە خۆبایی نەبیت، وەکوو چۆن کچ یاری بە بووکەشووشە ئەکا چارەنووسیش بەو جۆرە یاری بە پیاو ئەکا!.

پەندی پێشینانی کوردی ئەڵێ:

«کەس ئەوەیە لە ڕۆژی تەنگانەدا فریا کەوێ.»

«ڕۆژان ڕۆژی لەوەدایە. هەتا هاتم بوو هەر هات هاتم بوو، کە نەهاتم بوو ڕۆژی تاریکیم بوو.!»

«وەختی کار و بار ئەمانکەی بە یار، وەختی جز و بز ئەمانکەی بە دز.»

«نەگبەتی خۆی باشە، قۆرتەکانی خراپە.»

«دۆستی دۆستم دۆستمە، دوژمنی دوژمنم دۆستمە.»

«دوژمنی دانا بوو، چاوەڕێکە بکەوێ کۆستم.»

«خێری وەکوو بارانی بەهارە.»

«دوژمن ئەگەر بچکووکیش بێ هەر ئیشی زل ئەکا.»