ئەدەبی کوردی و چینیی کۆن

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  2016 مشاهده

«چین» ئەو وڵاتە پان و درێژەیە کە لە دەورێکی زۆر کۆنەوە ئاشنای ئەدەب و پابەندی هەندێ خەیاڵات بوون، ئێستە هەر چەندە ئەکەن ناتوانن بگەنەوە بەو ئەدەبە کە هەیانبووە. نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو نایەڵن هیچ ئەدەبێکیان لابدەن لەو ئەدەبە کە هەیانبووە. جا لەبەر ئەمە چینییەکان لە لایەن ئەدەبەوە ئێستە لە هەموو قەومێک وشکترن و لە هەموو کەس زیاتر پابەندی کۆنەپەرستین. ئەدەبی چینی با هەموو جۆرە لقێکیشی لێ ببێتەوە، هەمووی هەر لە دەوروبەری مەبادیئی ئەخلاقیدایە. ڕەوشتی پێشینانی خۆیانیان کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوە پاشینەکانیان لەسەری بڕۆن و لەوە لانەدەن.

سەرچاوەی ئەدەبی چینی هەمووی مەبادیئە بەرزەکانی «کونفوشیوس»ە. ئەم فەیلەسووفە پێغەمبەری ئەدەبی «چین» و دانەری بناغەکەیەتی. لە سەدەی شەشەمی پێش میلاددا لەناو قەومەکەیا هەڵگڕا؛ سەیری کرد یاسای دەرەبەگی، وا چینی پلیشاندووەتەوە و بووەتە هۆی لەناوبردنی قەومی چین، چە بە شەڕ و شۆڕ، چە بە کاروباری ئابووری؛ لەگەڵ ئەوەش نە فیکری ئەوەی بوو دیانەتی لاهووتی و کەهەنووتی دابنێ، وە نە خۆیشی بە شاعیر و جادووگەر ئەزانێ، هێنای دەستی خستە ئەدەبی چین و هەموو کۆششێکی خستە سەر خەریکبوون بە ژیانی تاک «فەرد» و ژیانی دەوڵەتەوە بۆ ئەوە بڕوا و ڕەچەڵەکی دەرەبەگی لە بن دەربێنێ.

ئەم و سوقرات جیایییەکیان لەوەدا بوو کە: «سوقرات» خەریکی ئەخلاق ئەبوو لە باری نەزەری و ورد بوونەوەدا، بەڵام «کونفوشیوس» تەنیا کامەرانی تاکی ئەویست لە باری کردەوە و عەمەڵیدا. هەر ئەم ڕێگەیە بوو کە لە چیندا ناو نرایە ئایینی «کونفوشی». چونکە ئەم بڕوایە دان بەوەدا نانێ کە هێزێک هەیە و چاوێری کاروباری ئادەمیزاد ئەکا، بەڵکوو ئەڵێ: مادام دونیا عیبارەت لە ژیانی کردەوە «حەیاتی عەمەلی» ئەیێ هەموو شتێک لە دەست ئادەمیزادەکە خۆیا بێت، وا نەبێ هەموو کار و فرمانێک بکەوێتە دەست حکوومەتێک کە بتوانێ بە پوختی ئیش بەڕێوە بەرێ.

حیکمەتەکانی کونفوشیە لە پێنج کتێبدا هەیە: کتێبی مێژوو، کتێبی گۆڕان، کتێبی شیعر، کتێبی ڕەوشت و باس و خواسی بەهار و پاییز. ئەم کتێبانە هەر چەندە ماددەکەیان پێش کونفوشیوس کەوتووە، بەڵام ئەو بۆیەیەکی تری بەسەرا هێناوە و بە هی ئەو ئەناسرێن. تەنیا شتێک کە بە تەواوی بە دانراوی کونفوشیوس بناسرێ هەر «باس و خواسی بەهار و پاییز»ە. ئەمە نموونەیەکە لە ئەدەبی ئەو کتێبە چینە:

«ئادەمیزادی تەواو بە شوێن پێویستی خۆیا ئەگەڕێ لەلای نەفسی خۆی، ئادەمیزادی بێ خێر لەلای یەکێکی تر بە شوێنیا ئەگەڕێ. ئادەمیزادی تەواو بەبێ هەرا هەرا ئیش بە پوختی و ڕێکوپێکی ئەگرێ، بەبێ ئەوە مەیل بەلای قەومییەتی خۆیەوە بکا، ئینسانییەتی خۆش ئەوێ. پیاوی دانا وا نەبێ نرخ لە قسە بنێ لەبەر خاوەن قسەکە، یا بە سووکی بزانێ لەبەر ئەو، بەڵکوو تەماشای قسەکە ئەکا. پیاوی تەواو ئەوەیە کە ڕەوشتی لەسەر شعوور بە واجب دابمەزرێنێ، کە ئەمەی بۆ ئەبێ ئەوەشی بخاتە پاڵ کە هەڵەشە نەبێ بە چیشا ئەمە دەرئەکەوێ؟ بەوەدا کە ڕۆحی بەختکردنی ببێ؛ کە وا بوو پێویستە لەسەری بە ئەخلاق بێت و لەگەڵ ئەمەشدا ڕاستی و دڵسۆزی بنوێنێ؛ ئەگەر ئەمانەی کرد بەڕاستی ئەوە ئیتر پیاوی تەواوە...».

***

ئینجا بەرانبەر بەم ئەدەبی چینییە بزانین ئەدەبی کوردی چۆنە؟ کورد نە کونفوشیوسی تێدا بووە، وە نە ناوی کونفوشیوس، یا ژیلەیەکی تری بۆ هێڵڕاوەتەوە، ئەگەر کونفوشیوسی چین نەخرایەتە سەر کاغەز ئێستە ئەویش لە هینەکانی کورد خراپتر ون ئەبوو، ئەمەش ئینکار ناکرێ کە هیچ قەومێکبێ پیاوی ژیر نەبووە، جا با ئەو قەومە کێوییەکی پەتی، یا بەڕبەڕییەکی ڕووت بووبێت لەچاو خۆیا شتێکی هەر بووە؛ چونکە میللەت وەکوو باخچەی پادشاهان وایە، هەموو جۆرە مێوهو گوڵێکی تێدایە، بەڵام کە ناویان ون بوو، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ببڕای ببڕای کەسیان نەبووە... جا ئێمە دێنین بەرانبەر بەم ئەدەبی چینییە چەند ئەدەبێکی پەندی پێشینانی کورد ئەخەینە بەرچاو کە پایەی ئەخلاق و عەقڵییەتی ئەو ڕابردووانەمان بۆ دەرئەخا. کورد ئەڵێ:

«یان پیاوێکی باش بە یان بیور و داس بە، یان بمرە بۆ خۆت خەلاس بە «بیور: تەور». هاواڵی هاواڵان زۆرن، پیاوی کردنی کەمن. چی بچێنی ئەوە ئەدرویتەوە. زمان و دڵت وەک یەک نەبن بۆ مردن چاکیت...». تەماشا ئەکەیت ئەم چەند پەندە وەکوو لەگەڵ قسەکانی کونفوشیوس و چینا لە یەک بۆتەدا قاڵ کرابێتنەوە وایە.