ئەدەبی کوردی و فارسیی کۆن

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 15 دقیقه  2512 مشاهده

مەبەست بە ئەدەبی فارسی کۆن، ئەدەبی پێش ئیسلامەتییە. وەیا بە جۆرێکی تر ئەدبێکە تا ئەگاتە ڕووخانی ساسانییەکان کە تۆزێ دوای سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاست ئەکەوێ. لە بەراوردکردنی ئەدەبەکانا لە هەموویانا ئەم ڕێگەیەمان گرت بۆ ئەوە لە سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا ئیمڕۆژ بکەوێتە بەرگەکەی ترەوە.

ئەدبی فارسی کۆن ئەوی مابێتەوە بۆ ئیمڕۆ، بە هۆی هەندێ ئاوێستاوە تەنیا ئەدەبێکی ئایینییە. ئێمە ناتوانین ئەم ئەدەبی ئایینی فارسی کۆنە لەگەل ئەدبی ئایینی کوردی پێش ئیسلام، یا کوردی پێش سەدەکانی ناوەڕاست جیا بکەینەوە، بەڵکوو ئەو ئەدبە دینییە کە لەناو کورددا بووە، هەر ئەو ئەدەبە بووە کە لەناو فارسیشدا بووە. وەکوو چۆن وتمان ئەو ڕیشەیە کە فارسی لێ جیا بووەتەوە لە لایەن ڕەگەزەوە هەر عەینی ڕیشەیەکە کوردیشی لێ بەرهەم هاتووە. جا لەبەر ئەمە ئێمە ئەگر بێنین باسی ئەدبی ئایینی کوردمان کردبێت لەپێش ئیسلامدا. کە وا بوو پێویستە بزانین ئەم ئەدبە دینییە چۆن بووە کە هەر دوولایان ئاویان لێ خواردووەتەوە؟.

چە فارس چە کورد ئایینیان ئەو ئایینە هەرە کۆنە بووە کە هیندی کۆن هەیانبوو، لەپاشا جیا بوونەوە و کەوتنە سەر بوتپرستی تا «زردەشت» بە خۆی و ئایینەکەیەوە پەیدا بوو. مێژوونووسەکان لە دەوری هاتنی زەردەشت و لەو شوێنە کە لێی پەیدا بووە، هەر یەکە قسەیەکیان کردووە: هەندێک ئەڵێن: لە «شیمالی ئەفغانستان» پەیدا بووە. بەشێکی زۆریش لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە بناری «ورمێ» و «ئازەربایجان» سەری هەڵداوە. هەندێکیش ئەڵێن: لە ناوچە کێوییەکانی ئارارات هاتووەتە دونیاوە. هەروەها زەمانی پەیدا بوونیشی ئەڵێن: لە بەینی سەدەی بیستەم تا پێنجەمی پێش میلاد بووە. بەڵام قسەی بەڵگە و بناوانی زەردەشتی ئەڵێ: لە سەدەی حەوتەمی پێش میلاد پەیدا بووە و لە دەوروبەری ٦٢٠ی پێش میلاد کوژراوە.

«زەردەشت» یا «زراتشترا» کوڕی «پورشەسپ» بووە. ئەفسانەی کۆن ئەڵێ: لەو وەختەدا کە هاتە دونیاوە دایکی دەنگێکی هاتە گوێ کە: «ئەم کۆرپەیەت پایەیەکی گەورەی ئەبێ و ئەچێتە ئاسمان بۆ ئەوە فەرمان لە خوا «ئاهوورامەزدا» وەرگرێ». هەروەها ئەڵێن: کە لە سکی دایکی کەوتە خوارەوە دەستی کرد بە پێکەنین. هەر کە تۆزێ گەورە بوو نیشانەی پێغەمبەرایەتی لێوە دەرکەوت. هەر بە مناڵی خۆشەویستی هەموو کەسێک بوو، کە گەیشتە ٣٠ ساڵان دەستی کرد بە بانگکردنی مەردم بۆ ئەوە خوایەکی تاک و تەنیا بپەرستن. موغانەکان لێی هەستانە سەر پێ. ناچار ئەوێی بەجێ هێشت و چوو بۆ دەوروبەری «سیستان» و «ئەفغانستان». لەوێش هەر لەبەر موغان هیچی پێ نەکرا، ئینجا چوو بۆ «بەڵخ». لەوێ فەرەنجییەکی سپی لەبەر کرد و هەندێ ئاگری گرت بەدەستەوە و گاڵۆکێکیشی لە داری «سەرو» گرت بە دەستەکەی تریەوە و چوو بۆلای «ویشتاسپ شا» و بانگی کرد بۆ وەرگرتنی ئەم ئایینی تازەیە. لە پاش قسەیەکی زۆر ویشتاسپ ئایینەکەی وەرگرت و بە دانایی «جاماسپ»ی وەزیری ویشتاسپ، ئەم ئایینە لەوێدا پەرەی سەند، تا لە دواییدا جەنگێک لەبەین ئەمان و «ئەرجاسپ»ی پادشای «تووران»دا پەیدا بوو، زەردەشت لەو جەنگەدا کوژرا. ئایینەکەی لەناو مەردما مایەوە. مەردمەکەش بوون بە دوو بەشەوە بەشێکیان وەریانگرت، چونکە ئایینی دەوڵەت بوو، بەشەکەی تریان هەر لەسەر بوتپەرستی خۆیان مانەوە. ئەم بەشەیان چونکە لایەنگرییان نەبوو بە تەنگ هاتن، ناچار هەڵاتن و چوون بۆ «هیند» و لەوێ ئەم باوەڕی بوتپەرستییەیان گۆڕانی بەسەرا هات و بوون بە «بورەهمی» بەشەکەی تریان هەر لە شوێنی خۆیان مانەوە و ئایینەکەیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشکەوتنا بوو، هەموو ئەو وڵاتەی داگرت و هەموو پادشاکانی فارس وەکوو «کوورش» و «دارا» باوەشیان پیا کرد، هەتا ئیسلامەتی هاتە پێشەوە، ئیتر هێز و گوڕی نەما و کز بوو.

«زەردەشت» کتێبێکی هێنا بە ناوی «ئاوێستا»وە. ئەم کتێبە لە سەرەتادا پچڕ پچڕ و هەر تۆزێکی لە سنگی یەکێکا بوو. لە دەورەی حکوومەتی مادەکانا «٥٥٠-٧٠٠ی پێش میلاد»، بە کۆششی ئەوان لەسەر پێست و بەرد نووسرایەوە. لە دەورەی هەخامەنشییەکانا دوو نوسخە لەم کتێبە هەبوو: یەکێکیان لە «تەختی جەمشیدا» بوو لە پادشایەتی «داریووشی سێیەم» پادشای هەخامەنشی، کە «ئەسکەندەری مەقدوونی» (٣٥٧ - ٣٢٤) پەلاماری ئیران و تەختی جەمشیدی دا، ئەو نوسخەیە تیاچوو. یەکێکیشیان کەوتە دەست «یۆنانییەکان» لەپاش ئەوە کە ئەوانیش عیلمی پزیشکی و ئەستێرەژمێری و شتی تریان لێ وەرگرت ئەو نوسخەیەش ون بوو. کە کەوتە دەوری ئەشکانییەکان «بلاشی یەکەم» پادشای ئەشکانی (٦-٧٨ی میلادی) کۆششێکی باشی کرد بۆ کۆ کردنەوەی ئاوێستا، ئیتر بەبێ ڕێک خستن. کە کەوتە دەوری «ئەردەشێری بابەکان» -سەرزنجیرەی ساسانییەکان- (٢٢٤-٢٤١ی میلادی) فەرمانی دا بە یەکێ لە موغانەکان کە «تەنەسوور»ی ناو بوو، ئاوێستای لەبەر یەک هەڵوەشاو ڕێکوپێک بکا و هەر شتەی لە شوێنی خۆی دانێ و ئایینی زەردەشتی کرد بە ئایینی ڕەسمی دەوڵەتی «ساسانی» - وەکوو سەرچاوەی هەموو کتێبە مێژووەکان ئەڵێ: ئەوەمان نابێ لە بیر بچێ کە ئەم ئەردەشێری بابەکانە کورد بووە - لە دورەی «شاپووری یەکەم» کوڕی ئەردەشێر «٢٤٢-٢٧١ی میلادی» ئەو بەشە ئاوێستایە کە کەوتبووە یۆنان و هیند و باسی لە پزیشکی و ئەستێرەژمێری و فەلسەفەوە ئەکرد، کۆی کردەوە و لەگەڵ ئەمی لای خۆیانا لێکی دان.

«ئاوێستا» زۆر گران بوو، هەر لە دەورەی ساسانییەکانا شەرحێکیان بە زمانی «پەهلەوی» بۆ کرد، ناویان نا «زەند». ئینجا لەبەر ئەوە خوێندنەوەی پەهلەویش گران بوو، شەرحێکیان بۆ زەند کرد و ناویان نا «پازەند». لەپاشا شەرحێکیشیان بۆ هەندێ لە وردە بابەتی ئەم پازەندە کرد و ناویان نا «دینکەرد». ئاوێستا ٢١ نامیلکەیە -(نسکە)- لەسەر سێ بەش: ١- باوەڕ و خواپەرستی. ٢- کڕین و فرۆشتن. ٣- فەلسەفە و عیلم. ئەوی کە مابێتەوە هەندێکە لە بەشی یەکەم و دووهەم، بەشی سێیەم بەتەواوی تیا چووە.

«زەردەشت» لە کتێبەکەیا «ئاوێستا» لە باری لاهووتیدا خەڵک بانگ ئەکا بۆ پەرستنی خوایەکی تەنیا کە «ئاهوورامەزدا»یە و ئاگای لە هەموو شت هەیە، بەڵام لە باری فەلسەفەی عالەمدا ئەڵێ: دوو هێز هەیە و ئەم دووەش بە درێژایی ساڵ لە جەنگدان. دووەکەش یەکێ «ڕاست» و بەکێ «درۆ». یەکێ «ڕووناکی» و یەکێ «تاریکی». یەکێ «پاک» و یەکێ «پیس». یەکێ «چاکە» و یەکێ «خراپە». «ئاهوورامەزدا» نیشانێکە بۆ ڕاستی و ڕووناکی و پاکی و چاکی، «ئەهریمەن - ئەنگرەمینۆ»یش ڕەمزێکە بۆ درۆ و تاریکی و پیسی و خراپی. هەروەها ئەڵێ: دوو مەبدەء لە تەییعەتدا هەیە کە هەر یەکە پێچەوانەی ئەوی تریانە، ڕۆحی دروستکەر و ڕۆحی تێکدەر. ئاهوورامەزدا فەرمان بە هەموو ئادەمیزادێک ئەکا یارمەتی ڕۆحی دروستکەر بدا بەوە کە کشتوکاڵ بکا و دار بنێژێ و ماڵات بەخێو بکا و سەگ و کەڵەشێر ڕابگرێ و شەڕ لەگەڵ ڕۆحی تێکدەرا بکا بەوە کە مار و دووپشک و ئەو جانەوەرانە کە بۆ کشتوکاڵ زیانیان هەیە بیانکوژێ، وە پێویستە لەسەر هەموو کەس ئاو و ئاگر و خاک و با لە پیسی بپارێزێ.

پیاو کە سەیری ئەم قسانە ئەکا وا ئەچێتە دڵیەوە کە زەردەشت دوو تەبیعەتی پەرستووە لە دوو خوادا: تەبیعەتی چاکە لە ئاهوورامەزدادا و هی خراپە لە ئەنگرەمینۆدا. بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، چونکە ئەڵێ: «ئاهوورامەزدا ئەزانێ ئەهریمەن هەیە، وەلێ ئەهریمەن نازانێ ئاهوورامەزدا هەیە، ئاهوورامەزدا لەسەر هەموو شتێکەوەیە و ئاگای لە هەموو شت هەیە و هیچ شتێک وەکوو ئەو نییە». جا لەبەر ئەم قسەیە گەلێ کەس لە پەیڕەویکەرەکانی زەردەشت وتوویانە: با دوو هێزیش لەم کەونەدا ببێ، - هێزی خێر و شەڕ - وە پێکیشەوە جەنگ بکەن، خوای تێکڕای کەون هەر یەکە. ئەوەندە هەیە شەڕەکە وەکوو چۆن ئەچێتە پێستی زستانەوە ئاو ئەمەیێنێ و ئەرز ئەبەستێ، دار و دەوەن لە گەورەبوون ئەخا، ئەبێ بە خەیاڵێکی پیسیش شک و کافربوون دێنێتە بەرهەم. ئەچێتە پێستی هەژاری و تەمەڵییەوە، ئەبێ بە گزی و درۆ کردن، ئەبێ بە بوت و بوتپەرستی، ئەبێ بە تاریکی و بێگەنی ناخۆش و نەخۆشی و دەرد، ئەبێ بە دڕندە و خشندە و مارمێلکە و دووپشک. جا ئەم هێزی شەڕە ئیشی هەر خراپە و لەناودانە و هیچی تر.

ئایینی زەردەشت گەلێ خەریکی ئەوە ئەبێ کە ئادەمیزاد ئەبێ چۆن بپارێزرێ لە ڕۆحی خراپە و لە هاوڕێکردنی خراپە. مەبەستیشی ئەوە بوو کە ڕۆحی خراپە لە ڕیشە هەڵکێشێ لەسەر زەویدا، بێجگە لە ئاوەدانی و کۆشک و سەرا هیچ نەهێڵێ. هەروەها کۆششێکی زۆریشی کردووە بۆ هۆی لەشساغی و بۆ ڕێکوپێکی یاسای «قانوون» کۆمەڵ و تاک. «ئاوێستا» یەکەم شتێک کە لەپێش هەموو شتێکا باس ئەکا چارەکردنی لەشی مردووە بۆ ئەوە دەرد و باڵای لێوە نەتەنێتەوە بۆ زیندووەکان تەنانەت ئەڵێ: ڕۆحی شەڕ کە سەیری کرد وا لەشی مردوویەک کەوتووە، ئەبێ بە مێشێکی پیس و بە لەشی مردووەکەدا ئەسووڕێتەوە، لەپاشا ئەچێ بەناو مەردما دەرد و بەڵا لەناو ئەوانیشا بڵاو ئەکاتەوە!. لەپاشا باسی ئەوە ئەکا کە پیاو ئەبێ چۆن ڕێز لە ڕۆحی چاکەوە بگرێت؟ وە لەشی مردوو لە کوێدا دابنرێت؟ وە چۆن ئەو ژوورە کە مردووەکەی تێدایە ئەبێ پاک و خاوێن بێ؟ وە ئەبێ جلوبەرگی مردووەکە چی لێ بکرێ؟ ئینجا دێتە سەر ئیش و کاری تێکڕای مەردم و ئەڵێ:

بۆ ئەوە دانەوێڵە و دار بێتە بەرهەم، ئەبێ کشتوکاڵ بکرێت، ئەبێ ئەو شوێنە کە وشک و بەیارە، ئادەمیزاد ئاوێری بکا و زۆنگاو لە زەویدا نەیەڵێت، هەر ئادەمیزادێک پێویستە لە ژیانا دارێک بنێژێت؛ زەوی بۆ ئەوە دروست نەکراوە کە مردووی تێدا بنێژرێت؛ زەوی بۆ کشتوکاڵە، بۆ ئەوەیە کە ژیان لە دونیادا پەرە بسێنێت؛ مردوو ئەبێ لەسەر کێوەکان دابنرێ بۆ ئەوە دڕندە بیخوا، یا بۆ خۆی بڕزێ. لەپاشا دێتە سەر کەینوبەینی خێزانی و ئەڵێ:

ئەبێ هەموو کەس ژن بێنێت بۆ ئەوە خێزان زۆر بێت، وەکوو چۆن زەوی کە خزمەت کرا بە پیت ئەبێ، ژن و ژنخوازیش ئاوا ئینسانییەت بە پیت ئەکا. ئەبێ زۆر زۆر چاوێری ژنی سکپڕ بکرێ بۆ ئەوە خۆی و مناڵەکەی بێمزەڕەت بن. پێویستە لەسەر هەموو کەس خانوویەک بۆ خۆی دروست کا و ژنێک بێنێت و متاڵی ببێ؛ ئەبێ پارچە مەڕێکی بیێت و لە ماڵیشا هەموو دەم ئاگری ببێ. ئینجا لە باری گیانلەبەری تردا ئەڵێ:

ئەبێ پیاو بەزەیی پیانا بێتەوە، ئەوەی کە پێویستیەتی سەری ببڕێ و بیخوا، ئەوەی پێویستی نییە -وەکوو کوشتنیان بە ڕاو و شکار- ئەوە نابێ بیکا و خوا خۆشی لێ نایە. لەمەوە ئەچێتە سەر ئەوە ئەڵێ:

ئادەمیزاد کە دێتە دونیاوە دوو ئەقڵی لەگەڵایە: ئەقڵێکی چاکە و ئەقڵێکی خراپە. هەر یەک لەم دوو ئەقڵە ئەیەوێ دەستەجڵەوی خاوەنەکەی بگرێتە دەستەوە و لە کردەوە و وتن و بیروباوەڕیا بۆ لای خۆی ڕایکێشێ.

ئاوێستا ژیانی مەردمی کردووە بە سێ بەشەوە باوەڕی چاک، قسەی چاک، کردەوەی چاک. باسی ئەمانەمان لە مەیانەی ئەدەبی میسری کۆن و کوردیدا بە درێژی ئەکا. لێرەدا دوایی بە قسەکردن لە ژیانی دونیاوە دێنێت و ئەچێتە سەر ژیانی ئەو دونیا و ئەڵێ:

ڕۆح هەر ئەمێنێتەوە ئەگەر چاک بوو سەرەوژوور ئەبێتەوە بۆ بەهەشت و چاوەڕێی لەشەکە ئەکا تا ڕۆژی زیندووبوونەوە دێت ئەگەر خۆ خراپیش بوو تووشی هەموو جەزرەبەیەک ئەبێ هەتا ئەو ڕۆژە. ئەو وەختە چاری هەر دووکیان ئەکرێت. ئایینی زەردەشت کاری لە هەر دوو ژیانەکەیە، ژیانی ئەم دونیا و هی ئەو دونیا. زەردەشت ئاگری کردووە بە نیشانە «ڕەمز»ی هەر دوو ژیانەکە. ئەڵێ: ژیانی ماددی بەبێ کۆشش و تەقالا نابێت، ئاگریش ئەو کۆشش و تەقالایە تێدایە. ژیانی ڕۆحیش بێ خاوێنی و پاک و پوختی نابێت، ئاگریش عامیلی ئەم خاوێنی و پاک و پوختییەیە. کە وا بوو ئاگر لە ئایینی زەردەشتدا بۆ پەرستن نەبووە، بەڵکوو بۆ ڕەمزی ئەو دوو ژیانە بووە.

ئەمەی خوارەوەش تۆزێکە لە تەعالیمی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی ئاوێستا کە زەند و پازەند و خوردە ئاوێستا و دینکەرد باسیان کردووە:

یەکێ لە ڕۆحی حیکمەتی پرسی وتی: چۆن ئەمە ئەبێ کە ئادەمیزاد لەشی بەخێو بکا و ڕۆحیشی ئازار نەدا؟ یا ڕۆح بپارێزێ و لەشی ئازاری نەگاتێ؟ ڕۆحی حیکمەتەکەش وەڵامی دایەوە و وتی:

«ئەو کەسەی لە خوار خۆتەوەیە بەو چاوەوە سەیری بکە هاوشانتە، ئەو کەسەی هاوشانتە بە چاوێ لە خۆت بەرزتر سەیری بکە. ئەو کەسەی لە تۆ بەرزترە بەو چاوە سەیری بکە کە گۆیا ئاغەتە، ئەو کەسەش کە ئاغەتە بە چاوی فەرماندارەوە سەیری بکە. بەرانبەر بە خاوەن فەرمان «اولي الامرعربی» ڕاستگۆ و فەرمانبەر و کڕنووشبەر بە. دوو زمان مەبە با ڕووزەردیت بەسەرا نەیەت، چونکە دوو زمانی لە جادووگەری خراپترە. ئارەزوو و تەماعت لە ئەندازە دەرمەکە، چونکە ئەگەر وات لێ هات شەیتانی چڵێسی بەسەرتا زاڵ ئەبێ و کامیابی لە خێروبێری دونیات لە دەست دەرئەچێ. زۆر جڵەو بۆ تووڕەیی شل مەکە، یەکێ ئەگەر جڵەوی بۆ شل کرد، واجباتی خۆی لەبیر ئەچێتەوە و ڕێگەی ئەو کردەوە چاکانە کە پێویستە بیکا لێی تێک ئەچێ و جەور و خراپە ئابڵۆقەی ئەقڵەکەی ئەدا. پیاوی قیناوی لەو وەختەدا کە قینەکەی ئەخواتەوە وەکوو ئەهریمەن «ڕۆحی شەڕ»ی لێ دێت، کەوابوو هەر لە سەرەتاوە کارێکی وا بکا کە ڕق نەیگرێ با وای لێ نەیە. نەفسی خۆت بە خەم و پەژارە ئازار مەدە، چونکە پیاوی خەمبار هەست بە خۆشی دونیا وخۆشی ڕۆح ناکا، لەشی ڕۆژ بە ڕۆژ پەڕپووت ئەبێ و ڕۆحیشی بێ تین... لەگەڵ دوژمنا کەوتیتە جەنگەوە بە عەدڵ و چاک جەنگی لەگەڵ بکە... ئەگەر هاوڕێتی دۆستت کرد بە جۆرێ بیکە کە لێت خۆشنوود بێ. ئەگەر لەگەڵ لەجەر «حقود»دا بوویت، هیچ بەربەرەکانێ مەکە، لەجەرییەکەی ئەوەندەی تر مەبزوێنە. هاوڕێتی پیاوی ئارەزووپەروەر مەکە و ئیشی خۆت مەخەرە بەردەستی. وریا بە ئەو کەسەی ناوێکی باشی نییە ناوبانگی بەدناوی هەیە، دۆستایەتی لەگەڵ دامەخە. لەگەڵ پیاوی نەزانا پەیمان مەبەستە و هەڵسووکەوتی لەگەڵ مەکە. ئەگەر لەگەڵ پیاوی گەوجدا بوویت، بەربەرەکانێ مەکە و لەگەڵیا بە یەک ڕێگەدا مەڕۆ. وریا بە خۆت بە ماڵ و پارەوە هەڵنەکێشیت، چونکە بەکێیان دێڵیت و هیچ کەڵکیان بۆت نابێ. وریا بە فیز بە باو و باپیر و ئیش و کارتەوە نەکەیت، چونکە ئەوانە هەر ئەوە بۆ تۆ دێڵنەوە کە تۆ بە دەستی خۆت لەپێش خۆتەوە بینێریت. ئاگات لێ بێ خۆتت لێ نەگۆڕێت و بە ژیانی خۆت بایی نەبیت، چونکە مووچەت لە ئاخردا هەر ڕۆیشتنە و تۆڵەت ئەبێتەوە بەوە کە بچیتەوە ناو زەوی!...

لە بندەست ئەم تەعالیمەی ئاوێستاوە سۆراخی هەندێ پادشاکانی کۆنی فارس وەکوو «دارا» لەسەر تەختە بەردەکانی وەکوو «ئیستەخر» ماوەتەوە. ئەدەبەکەی ئەویش تێکڕا هەر ئەدەبێکی ئایینییە و هەموو ڕوو لە ئاهوورامەزدا ئەکاتەوە.

بەکورتی ئەدەبی فارسی کۆن هەر عیبارەت بووە لە ئەدەبێکی زەردەشتی و ئاوێستا. ئەدەبی پادشاکانیشیان هەمووی باسی شەڕ بووە کە بە شێوەی فارسی مێخی لەسەر بەردەکان هەڵیانکەندووە. ئەم شێوەیە غەیری شێوەی نووسینی ئاوێستا بووە. شێوەیەکی تریش بووە کە پێیان وتووە «پەهلەوی»، ئەمەیان لەپاش شێوە زۆر کۆنەکە بووە بە شێوەی دەوڵەت و عیلم و ئەدەب. ئەم شێوەیە مامناونجی بووە لەگەڵ شێوە زۆر کۆنەکەدا شێوەی فارسی ئیمڕۆژدا. تا ئەم شوێنە قسەمان لە ئەدەبی فارسی کۆنەوە کرد، ئەو ئەدەبە کە تا ڕووخانی ساسانییەکان (٦٥٢ی میلادی) لە ناوا بووە. لەم تاریخە بە دواوە بەر فارسی تازە و سەدەکانی ناوەڕاست ئەکەوێ، ئەمە لە بەرگی دووهەمدا باس ئەکرێت.

وەکوو وترا، ناتوانرێ ئەدەبی کۆنی فارس لە ئەدەبی کۆنی کورد جیا بکرێتەوە لە باری ئایینیدا. جا بەم بۆنەوە - وەکوو سەیر ئەکرێت - گەڵێ شت ئێستە لەناو کورددا ماوەتەوە کە ئەگەڕێتەوە بۆ دەورەی پێش ئیسلامەتییان بۆ ئەدەبی کۆنیان کە ئەدەبی زەردەشت بووە، بەتایبەتی لە ئەدەبی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیدا؛ وەکوو ئەوە ئارەزووی گەلەدارییان هەیە حەز بە کشتوکاڵ ئەکەن و کەم ماڵ هەیە سەگی تێدا نەبێ و چاوێری ژنی زکپڕ نەکەن. هەر چەندە لەوەدا پێچەوانەی ئەوە کە حەز بە ڕاو و شکار ئەکەن، دیارە ئەمەیان ئەدەبی ئیسلامەتی گۆڕیویەتەوە. هەروەها با لەبەر ساردی ناوچەش بش ئاگریان کەم و زۆر هەر لێ نابڕێت. بەتایبەتی لەناو کورددا باوە کە مردوویەکیان مرد، جلوبەرگەکەی ئەبەخشن بە هەژارێک. ئەم شتانە کە ماوەتەوە ئیسلامەتیش بڕیاری لەسەر داوە. دیسان کورد بە تەبیعەت حەز بە دار ناشتن ئەکا و بە پەنجە خزمەتی زەوی ئەکا.