ئەدەبی کوردی و میسریی کۆن

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 20 دقیقه  1971 مشاهده

ئەدەبی میسری لەوانەیە لە کۆنیەتیدا هاوشانی ئەدبی کەلدانی بڕوا. کۆنتر شتیک کە لە میسرییە کۆنەکانەوە مابێتەوە «کتێبی مردووان»ە، کە لە دەوری دروستکردنی هەرەمە گەورەکەی میسردا لەسەر توێکلی «بەردی» - کە گیایەکە وەکوو قامیش لە توێکڵەکەیان ئەنووسی - نووسراوەتە. ئێستەش نوسخەیەکی لە مۆزەخانەی «بەریتانیا»دا هەر هەیە لەوێدا لە پێشا باسی پاڕانەوە لە خوا ئەکا لەگەڵ پەستەی نوێژکردندا، لەپاشا دێتە سەر ئەوە، کە ڕۆژی دواییدا لێپرسینەوە هەیە و ئەڕواح ئەهێنرێتە ژێر حیسابەوە. نوسخەیەکیان لەمە نووسییەوە و لەگەڵ مردووەکەدا ئەیاننایە گۆڕەکەوە. لەمەوە بۆ ئێمە دەرئەکەوێ کە فیکری ئەدبی لە میسری کۆندا لەبەینی چواردیواری پەرستگاکانەوە دەرچووە و بەشی زۆری ئەدەبی میسری لەسەر ڕێ و شوێنی ئایینی بووە. لەم ڕووەوە میسری کۆن و کورد - چە کوردی کۆن چە تازە - لە دوو شتا وەکوو یەکن:

یەکەم: چۆن لە میسردا فیکرەی ئەدەب سەرەتا لە پەرستگاکانەوە چووزەرەی دەرکردووە، لە کوردیشدا هەر وا بووە. تەنانەت هەتا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمیش ئەدەب لە کوردەوەریدا، چە ئەدەبی فەلسەفی و چە غەرامی و چە عیلمی هەر لە چواردیواری مزگەوتەکانەوە سەری هەڵداوە.

دووهەم: لەوەدا وەکوو چۆن ئەوان نوسخەیەک لەو نووسراوە یان لەگەڵ مردووەکەدا ئەخستە گۆڕەکەوە، لە کوردیشدا- دیارە کە ئەڵێن کورد زۆرتر بۆ ڕەوشت وعادت، کۆچەری و لادێ نشینەکانمان مەبەستە - ئەو کەسە لە دەوری ژیانیا لە وردە بابەتی ناو ماڵ زۆرتر چی خۆش بویستایە، لەگەڵی ئەیاننایە گۆڕەکەیەوە.

ئەم کردەوەیە هەرچەندە هەروا بە ساویلکەیی ئەکرا و ورد نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە پیشان ئەدا کە لە بیر و باوەڕی کۆنیانا هەر بڕوایان بە زیندووبوونەوە و حیساب بووە. وە کە حیسابی دونیای لێ داوا کرا، گۆیا بڵێت: من هەر شتێکم کردووە لەبەر ئەم شتەم کردووە کە ئێستە لە بەردەستمایە، وا لەگەل خۆمم هێناوە!... ئەم فیکرە هەر وا بە ساویلکەیی هاتووەتە خوارەوە، بەڵام سەرەتاکەی ئاوا بووە دیسان تەنانەت ئێستەش لە هەندێ لە کۆچەرییە دوورە دەستەکانا مردوو لەو وەختەدا کە گیانەکەی دەرئەچیت، لە وەختی ژیانیا چە جۆرە ئیشێکی بووبێت، لە سەرە مەرگەکەیدا شتومەکی ئەو ئیشەی ئەخەنە دەستەوە؛ ئەگەر ماڵاتی بەخێوکردبێت گاڵۆک، ئەگەر جەنگاوەرە بووبێت خەنجەر، ئەگەر میرزا بووبێت قەڵەمێک ئەخەنە دەستیەوە. من خۆم لە کوردەکانی «کۆماین»دا چاوم پێکەوتە کابرایە ک مرد، لە سەرە مەرگەکەیا گاڵۆکێکیان خستە دەستیەوە. دوور نییە ئەم فیکرەشە هەر وکوو ئەو فیکرەی پێشوو بێت.

ئینجا ئەمە نموونەیەکە لە «کتێبی مردووان»ی میسری کۆن:

«سەلامت لێ بێت ئەی خوای گەورە و ڕاست، هاتووم ئەی خوا بۆ ئەوە شاهیدی بدەم لە سەر گەورەییت، هاتووم ئەی خوا خۆم بە خشڵی حەق ڕازاندووەتەوە و دوور کەوتوومەتەوە لە ناهەق. جەورم لەکەس نەکردووە، ڕێچکەی پیاو خراپانم نەگەرتووە سوێندم بە درۆ نەخواردووە، ئارەزوو هەڵی نەخڵەتاندووم بۆ ئەوە چاو ببڕمە ژنی خزمێکم، دەستم بۆ ماڵی کەس درێژ نەکردووە، نافەرمانی تۆم نەکردووە، خۆمم بەوەوە خەریک نەکردووە کە قولێک لەبەرچاو ئا-غاکەی بخەم و ئاغاکەی لێ تووڕە بکم، نە لە کەسم داوە نە ئێشم بە کەس گەیاندووە، کەسم نەکوشتووە و ناپاکیم لەگەڵ کەس نەکردووە، بەڵکوو کەسیشم هەڵنەخڕاندووە بۆ ئەوە کەسێکی تر بکوژیت، نانم لە مزگەوت نەدزیوە، ماڵم لە کەس داگیر نەکردووە، بێ قەدەوی «بێ ئەدەبی»م بەرانبەر بە مردووان نەکردووە، قسەی خراپم بە دەما نەهاتووە، شتێکی پیروزم پیس نەکردووە، گەنمم بە نرخێکی گران نەفرۆشتووە و ترازوبازیم نەکردوە، من پاکم، من پاکم، تا مابووم لە گوناح دوور بووم. خوایە لە ڕیزی سەرکەوتووانی لای خۆتا دامبنێ».

لەبندەست ئەم ئەدەبەوە ئەو ئەدەبەشمان بووە کە بە سەرو باڵای پادشاکانیانا هەڵدا بێت و لەسەر زمانی شەعبەکەوە ئەفسانە حیکمەت و یاساش یان بووبێت لەم ڕووەوە کتێبی «وصایا» یان هەیە، کە هی «باح حوتەب»ە. لە چیرۆکیشدا کۆنتر چیرۆکی مسیری کۆن حەقایتی «ئوزیریس» و «ئیزیس»ە. بەکورتی ئەم چیرۆکە:

«ئوزیریس» ڕەوانە کراوی خوا بوو کە داد لەسر زەویدا بڵاو کاتەوە. مەردمی فێر کشتوکاڵ و دۆزینەوی «کان» کرد، «تحووت» خوای زانین و زانیاری ئەم شتانەی فێر ئەکرد. ئینجا ویستی بە هەموو سەر زەویدا بسووڕێتوە بۆ ئەوە ڕاسپێرییە بگەیەنێت، خۆی بە لەشکرێکی زۆرەوە ڕوێشت و «ئیزیس» ژنی لەسەر تەختی میسرەوە لەشوێن خۆی دانا، ئیشی خۆی کرد و گەڕایەوە. برایەکی هەبوو «سیت»ی ناو بوو. «سیت» ویستی ئوزیریس لە ناو بەرێت، هێنای بانگێشتنێکی بۆ کرد و گەلێ لە پیاوە گەورە کڵانیشی کۆ کردەوە، لە ژووری نانخواردندا سنووقێکی بەنرخی نەخشکراوی ئاڵتوون و زمڕووت دانا، هات بە دانیشتووەکانی وت: هر کە چووە ئەم سنۆقەوە و پڕی بوو، ئەیدەم بە خۆی. دانیشتووەکان یەکە یەکە خۆیانیان تاقی کردەوە سنۆقەکە لە ئەندازەی کەسیانا نەبوو. هاتە سەر ئوزیریس کە چووە ناوی پڕ بە پڕی دەرچوو! سیت و دەستوپەیوندەکەی هاتن سەر سنۆقەکەیان داخست و مشەمایان تێ گرت و خستیانە ڕووباری «نیل»ەوە. ئەم باس و خواسە بڵاو بووە بەر گوێی ئیزیس کەوتەوە. زۆر خەمگین بوو و پەژارە دایگرت. هەستا دەستی کرد بە گەڕان لە نیلدا، دۆزیەوە هێنای لەشەکەی ئوزیریسی لێ درهێنا و گۆڕێکی بو هەڵکەند و ناشتی. سیت ئەمەی پێ خۆش نەبوو، چوو لەشەکەی لە گۆرەکە دەرهێنا و پارچە پارچەی کرد و هەر پارچەیەکی فرێ دایە شوێنێک. ئیزیس دیسانەوە دستی کردەوە بە گەڕان هەر پارچەیەکی لە هەر شوێنێک ئەدۆزییەوە، هەر لەوێدا گۆڕێکی بۆ هەڵئەکەند و ئەیناشت و دائەنیشت بەسەریەوە و ئەیلاواندەوە. ئینجا لەگەڵ «حووریس»ی کوڕیا هانا ئەبەنە بەر خواکان، ئەوانیش سیت لە پادشایەتی ئەخەن و حووریس لە شوێن باوکی دائەنێن.

ئەم چیرۆکی ئوزیریس و ئیزیسە و پەرستنیان لە میسرییەکانەوە پەرەی سەند و کەوتە یۆنان و ڕۆمان. لە سەدەی چوارەمی پێش میلاد لە دۆڵی «پیریە» لە یۆنان، پەرستشگاهێک بۆ ئیزیس دروست کرا. دیسان لە «پوزول» لە لەنی ئیتالیشدا لە یۆنان پەرستشگاهێکی تریان بۆ دروست کرا. لە «بوسبی»ش یەکێک بۆ ئیزیس دروست کرا. لەوێشەوە ئەم پەرستنە گەیشتە ئەسپانیا و فەرەنسا و ئینگلتەرە. لەسەر ئەم باسە نووسەرەکان زۆر ڕۆیشتوون.

میسرییە کۆنەکان وەکوو چۆن لە ئەدەبی چیرۆکیدا هەنگاویان هاوێشتووە، هەروەها لە ئەدەبی نەفسی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینیشدا ئەو هەنگاوەیان هاوێشتووە. جا بەو بۆنەوە ئەمە نموونەیەکە لە ئامۆژگاریەکانی «بەتاح حوتەب» (٣٥٠٠ ساڵ پێش میلاد)، بۆ کوڕەکەی:

«ئەگەر ئەتەوێ خەڵک چاکەت بڵێن خۆت لە چڵێسی و تەماع بپارێزە، چونکە چڵێسی دەردێکە دەرمانی نییە و هاوڕێتی لەگەڵا ناگیرێت؛ هەرچی خراپەیە لەودا کۆ بووەتەوە، توورەکەی هەموو سووکییەکە. ئەگەر لەپاش زەبوونی گەورە بوویت و لەپاش هەژاری دەوڵەمەند، وریا بە زەمانی زەبوونی و هەژاریت لەبیر نەچێتەوە. کۆششی خۆت بخەرە سەر زانین و قسەی بەڕێ و جێ. لەپێش ئەوەدا فەرمان بە شتێک بدەیت فیکری لێ بکەرەوە، هەڵەشەیی زۆر خراپە؛ ئینجا کە فەرمانەکەت دا لەخۆلایی مەبە، لە قسە و فەرماندا توند و تیژی مەنوێنە. هەموودەم بە شوێن ئەوەدا بگەڕێ کە فەرمانت نەشکێت. هێمنی گەلێ کۆسپ تەخت ئەکا، تووڕەیی ژیان تاڵ ئەکا. ئەمەش نموونەیەک لە ئامۆژگاری سیاسی کە «خیتی سێیەم» ئەیکا بۆ کوڕەکەی کە «خیتی چوارەم»ە: «قسەزان و زمان پاراو بە، بەهێز ئەبیت. زمان، بۆ پادشا چاکتر و بەکەڵکترە لە شیر بۆ شەڕ. پیاوی ئیشزان و لێهاتوو بخەرە سەر ئیش، چاوت لەوەوە نەبێ کە کوڕی پیاوی گەورەیە یا بچووک. دەست بگرە بە داوێنی داد و عەدڵەوە. وریا بە خراپە لەگەڵ هەتیو و بێوەژنان مەکە. یەکێ میراتێکی لە باوکیەوە بۆ ماوەتەوە دەستی بۆ درێژ مەکە. تا گوناح لە یەکێک نەبینی جەزرەبەی مەدە.»

نموونەیەک لە بەستەی گۆرانی شەعبی میسری کۆن:

«نەخۆشم هیچ نەخۆشییەکیشم نییە، درواسێکانم سەرم لێ ئەدەن، خوشکەکەشم هەر سەرم لێ ئەدا. گاڵتەی پێ دێت کە پزیشکەکانم ئەبینێت، چونکە ئەزانێ دەردەکەم بەوان چار ناکریت. ماڵی خوشکم! بریا دەرکەوانی ماڵەکەی بوومایە بۆ ئەوە ئەگەر بە تووڕە ببوایە گوێم لە دەنگی تووڕە یییەکەی ببوایە. وەکوو مناڵیک لەبەردەم یەکێکا بوەستێ و زۆر شەرمی لێ بکا بەو جۆرە لەبەردەم خوشکما ئەوەستام!» -میسرییە کۆنەکان بە دۆستیان ئەوت خوشک-.

نموونەیەک لە غەزەلی کچی میسری کۆن:

«من کە بیرت ئەکەمەوە، دڵم ئەلەرزێ و دەست ئەکا بە تەپ تەپ، خۆشەویستی تۆ وام لێ ئەکا لەو ژیانەم دەرئەکا کە هاوڕێکانم تیایا ئەژین. نازانم چۆن جلەکانم لەبەر کەم؟ چۆن شتومەکەکانم ڕێک خەم؟ چۆن چاوم بڕێژم و چۆن خۆم بۆن خۆش کەم؟»

لە ئەدەبی غەرامی میسری کۆندا گەلێ جار ڕەشایی مووی دۆستیان کردووە بە تاریکی شەو، بریسکەی ددانەکانی بەو پڕشە و شەوقە کە لە بەرد ئەبێتەوە. ناوی باڵای بەرز و سنگی تەڕ و مەمکی خڕیشیان هێناوە.

***

ئینجا ئەدەبی کورد بەرانبەر بە ئەدەبی میسری کۆن:

وەکوو وترا ئەدەبی کوردی نەنووسراوەتەوە وهەڵنەگیراوە، تەنگوچەڵەمەی زەمان و ژێردەستەیەتی هەمووی لەناو بردووە کە ئیمە بتوانین ئەدەبێکی زۆر کۆنی کورد بەرانبەر بەئەدەبی ئایینی میسری کۆن پیشان بدەین، هەر ئەومان بە دەستەوەیە کە چەن دڕە و شتێکی بیر و باوەڕی ئایینی - کە ئێستە لەناو کورددا ماوتەوە - بخەینە بەرچاو، وە لەمەوە فیکرەی دەورێکی زۆر کۆنمان بۆ دەرئەکەوی: کە کورد بەرانبەر بە بیروباوڕەی خواپەرستی چە فیکرەیەکی بووە؟ یەکم فیکرەی شەخس «قسن»، دووهەم بەردی کێل، سێیەم شتی مزگەوت.

جارێ لە پێش ئەمانەدا تیرەی یەزیدی - کە یەکێکن لە تیرەکانی کورد - ئەوان لە هەموو کەس زیاتر ئاگاداری بیروباوەڕی کۆنی کوردیان کردووە. کە ئەڵێین ئاگادارییان کردووە، واتە تۆزێ لەسەری ماونەتەوە، ئەگینە بە هۆی نەبوونی خوێندەواری لەناویانا و نەنووسینەوەی ئایینەکە، ئەویش هەر تێکچووە، بەڵام شتێکی لێ هەر وەرئەگیرێت.

ئەوان لە مەبدەئی ئەساسییدا بڕوا بە «ئاهورامەزدا» و «ئەهریمەن» ئەکەن، ئەویان بۆ خێر و ئەمیان بۆ شەڕ. وە لە عەناسوردا «ڕووناکی» و «تاریکی» بڕوای پێ ئەکەن کە ئەمانە بناغەی ئایینی «زەردەشت»ە. پاکژی ئەم ئایینە سێ شتە: «چاک بڵێ، فیکرت چاک بێ، کردەوەت چاک بێ». مەبەست بە چاک وتن ئەوەیە ئینسان پەیمان بەجێ بێنێ، قەرز بداتەوە، ئەوی چاکە بۆ خەڵک، ئەوە بڵێت، بە قسە مەردم ئازار نەدا. مەبەست بە فیکری چاک ئەوەیە کە پیاو فیکری بخاتە سەر خواناسی، لەناو مەردما ڕووخۆش و قسە خۆش بێت. لە وەختی ترسا ئاگای لە مەردم بێت، خەڵک فێری خوێندەواری بکا، ڕێگەی چاکەیان بۆ دانێ. مەبەست بە کردەوەی چاکەش ئەوەیە کە یارمەتی هەژار بدا، کشتوکاڵ بکا، ئاوی شیرین و خۆش بۆ خواردنەوە بژینێتەوە، کۆشش بکا بۆ ئاسانکردنی ئەو ڕێگایانە کە ژیانی ژن وە مێردایەتی ئاسان ئەکەن، ئەوەی لە خۆی زیادە لە ڕێگەی چاکەدا بڵاوی کاتەوە. ئایینی «زەردەشت» ڕقی لە پیاوی تەمەڵ و تەوەزەل ئەبێتەوە، زۆر خەریکی کشتوکاڵ و دار ناشتن و ماڵاتداری ئەبێ. ئەم سێ شتەیان ئایا لەبەر ئیستراتیجی کوردەواری بێ، یا لەبەر ئەو پابەندە کۆنەیان بێ بە ئایینەوە کورد زۆر خەریکی ئەبن.

ئینجا شتەکانی پێشوو:

فیکری شەخس «قسن»: ئێستەش لە کوردەواریدا باوە ئەگەر پیاوچاکێکی گەورە مرد، لەپاش ئەوە کە ناشتیان پەڕۆی سەوز و سپی ئەکەن بە بەیداخ و لەسەر گۆڕەکەی ئەیچەقێنن. ڕێبوار و خەڵکی تر دێن تیلمە تیلمە لەو پەڕوە ئەکەنەوە و ئەیبەن بە مفەڕک. وەکوو ئەیبەن، بۆیشی دێنن. ئەم ڕەوشتە بەپێی گێڕاونەوی پێشینیان کە بەرە بەرە لە یەکیان بیستووە، ڕەوشتی پێش ئیسلامەتییە و لەناو کورددا ماوەتەوە. ئەوان هەر ئەوەندە ئەگێڕنەوە و هەر ئەوەندەیان ئاگا لێیە. بەڵام کە پیاو لێی بکۆڵێتەوە ئەوە دەرئەکەوێ کە: کورد لە بیر و باوەڕی ئایینی کۆنیانا پیاوچاکەکانیان بە مەزهەری نووری خوا زانیوە، تا لە دونیادا بوون ئەوە ڕێزیان لێیان گرتوون، کە لە دونیاش دەرچوون بەلایانەوە وا بووە کە ڕۆح ئاشنایەتی لەگەڵ لەشەکەدا نەپچڕاوە، ئەمانیش بەو جۆرە هەر نەپچڕاوە، کە ڕۆحەکە ئەمەی دی، بەرامبەر بەمان ئەو میهربانی و پارێزگارییە لە دەورێکا لە لەشەکەدا بووە بەرامبەر بەمان تواندوویەتی، ئێستەش هەر ئەینوێنێ، وە ئەو تیلمانە لەبەر ئەوە کاتێک کە لەسەر گۆڕەکە بووە، بۆنی ڕوح و لەشەکەی گرتووە، کە کەوتە هەر ماڵێکەوە ڕۆحەکە ئەچێ بەشوێنیانا و ئەو ماڵە پیرۆز ئەکا.

کێل: هەندێ لە پیاوچاکە مردووەکان -لە بیروباوەڕی کوردەواریدا- ژنان ئەچنە سەر گۆڕەکانیان و مرازیان پێ ئەگرنەوە، ڕێزەڵە بەردێک لە سەر گۆڕەکە هەڵئەگرن و لە دڵیانا مرازەکەی خۆیان ئەڵێن و بەردەکە ئەنووسێنن بە کێلەکەیەوە، وەکوو ئاسنکێش کێلەکە ڕێزە بەردەکەی وەرگرت و گرتیە خۆی، ئەوە مرازەکەی جێبەجێ ئەبێت. ئەگەر خۆ نەیگرت ئەوا هیچ. ئەم کردەوەیەش وەکوو هی قسنەکە هەر مەزهەرێکی ڕۆحی بیروباوەڕی ئایینی کۆن پیشان ئەدا.

مەسەلەی مزگەوتەکەش: ئێستەیش ئەو قسە هەر هەیە لەناو کورددا ئەڵێن: ئەگەر چیلکەیەک لە ماڵی مزگەوت کەوتە ماڵی هەر کەسێکەوە ئەو ماڵە ئاگری تێ بەر ئەبێ. جا لەبەر ئەوە ناوێرن بۆ دزی و درۆزنی توخنی مزگەوت بکەون. من لام وایە ئەمە ڕەوشتێکە هی پێش ئیسلامەتییە ماوەتەوە، لەپێشا بیروباوەڕی ئایینییان بەرامبەر بە پەرستشگاکان وابووە، کە ئیسلامەتی هات ئەو بیروباوەڕە لە پەرستشگاوە کەوتە سەر مزگەوت. بۆیەش ئەڵێم هی پێش ئیسلامەتییە، چونکە ئەم باوەڕە زیاتر لەناو ئەو کوردانەدا بڵاو بۆتەوە کە دوورن لە شار و لادێ و لەو شوێنانە کە پێشەوای ئایینی ئیسلامی تێدا هەیە.

***

بەرانبەر بە چیرۆکی «ئوزیریس» و «ئیزیس»ی میسری، چیرۆکی «پووشین» و «پامێڕ» هەیە لە کوردیدا. بەڵام لە چە وەخت و دەورێکدا بووە، ئەمە نازانرێت. ئەوەندە هەیە کەین و بەینەکە دەورێکی زۆر کۆن پیشان ئەدا. بە کوردتی چیرۆکەکە ئەڵێ:

«پادشایەکی زەبەر بەدەست هەبوو لە شارێکا، قەڵەمڕەوێکی زۆری هەبو. شارەکەش مەردمێکی فرەی تێدا بوو، ئەو شارە تەنیا کانیاوێکی هەبوو، میراوی لەسەر هەبوو، خەڵکەکە بە نۆرە ئەهاتن بۆ ئاو. ڕۆژێک هەرا و زەنا کەوتە شارەوە، پادشان تێ گەیاند کە «دێو» ێک چووە میراوی دەرکردووە و بەر کانییەکەی گرتووە و نایەڵێ کەس بەلای ئاوەکەدا بچێت. ئەوا ئەهلی شار هەموو لە تینووانا وەختە بخنکێن. پادشا بە خۆی و پاڵەوان و سوپاوە چوونە دەرەوە بۆ چارکردنی دێوە. سەیریان کرد وا دێوەکە لەبەر کارێزەکەدا لێی کەوتووە و ئەبۆڵێنێ و ئاوەکە پەنگی خواردۆتەوە و بووە بە دەریاچەیەک. پادشا پاڵەوانێکی ناردە سەری، دێوە هەر پەلێکی بۆ درێژ کرد گرتی و خستیە ژێر دانی و هەر بە کاڵی کرمانی!. یەکێکی تر و یەکێکی تر چوو، هەمووی خواردن، بەم جۆرە دە کەسی لە ناو برد و تۆزێ ئاهێکی تێ کەوت؛ ئینجا بۆڕانی و وتی: ئەی پادشا ئەگەر بە گل ڕۆژ چوار مناڵم ئەدەیتێ بیکەم بە کەباب و بە مەزە، باشە، ئەگینە ئەم ئاوە بەڕەڵا ناکەم هەتا ئەبێ بە دەریایەک، ئەو وەختە بەڕەڵای ئەکەم و ئەبێ هەموو شارەکە ئاو بیبا. وە ئەگەر هەر کەسێکیش بێ بە لاما بەو جۆرە ئەیخۆم!. پادشا لە گەڵ پیاوە ژیرەکانیا کەوتە ڕاوێژکردن، هاتنە سەر ئەوە کە هەر بە چل ڕۆژ چوار مناڵی بدەنێ، ئەوە باشترە لەوەکە هەموو خەڵکی شارەکە یا لەبەر لافاو، یا لەبەر لافاو، یا لەبەر بێ ئاوی بخنکێن. پادشا بە دێوەی وت: باشە، چیت ئەوێ ئەتدەمێ و ئاوەکە وردە وردە بەڕەڵاکە. هەر ئەوکاتە جارێ چوار مناڵیان دایە، ئەویش هێدی هێدی لە شوێن خۆی بزووت و مناڵەکانی هەڵگرت و ئەشکەوتێک بوو لە سەراوردی شارەکەوە، ڕووی کردە ئەشکەوتەکە و ڕزگاریان بوو. ئیتر هەر بە چل ڕۆژ ئەبوایە چوار مناڵیان بۆ بناردایەتە بەر قاپی ئەشکەوتەکە!

ئەم ئیشە چەند ساڵێک بەمجۆرە مایەوە و مناڵی لە شارەکە بڕی و جەرگی هەموو کەسێکی سووتان. هەچ پاڵەوان و قارەمانێک لە وڵاتەکەیا هەبوو نەیانتوانی چارێک بۆ ئەم دەردە بدۆزنەوە. پادشا و ئەهلی شار ئێجگار کەوتنە ناخۆشی و پەل و پۆیان لێ بڕا جاڕیان دا بە هەموو وڵاتدا: هەر کەس بتوانێ چاری ئەم دێوە بکا هەر شتێکی بوێ، پادشا ئەیداتێ. ڕۆژێ سەیریان کرد وا کوڕە گەنجێک لە دوورەوە ڕووی کردە ناو شار و ڕووەو بارەگای پادشاهی خۆی کوتا، کوڕ، کوڕ نییە! کەڵەگەتێکی باڵابەرزی ناوسنگپان، هەر باسکێکی ئەڵێی کۆڵەکەیەکە و شیر و تیر و ڕم و قەڵغانی لە خۆی داوە و چووە ژوورەوە. وتی: پادشاهم! من ئەم بەڵایەتان لەسەر لائەبەم، بەڵام نیازێکم هەیە ئەبێ بەجێی بێنیت! پادشا وتی: باشە، بڵێ. وتی: من «پامێڕ»م ناوە، کچێکی ئامۆزام لە شاری تۆدایە «پووشین»ی ناوە، دەمێ ساڵەدڵمان بە یەکەوەیە. ئێستە مامەکەم نامداتێ و ناشمەوێ بە کوشتن و بڕین لێی وەرگرم، ئەمەوێ ئیشەکە بە خۆشی ببڕێتەوە. ئەگەر ئیشێکی وا ئەکەی مامەکەم کچەکەم بداتێ ئەوا باشە، ئەگینە هەر ئێستە ئەگەڕێمەوە!. پادشا وتی: باشە، چیت ئەوێ بۆت جێبەجێ ئەکەم. ئینجا «پامێڕ» وتی: کە گەیشتە سەر چل ڕۆژە، مناڵەکانی بۆ مەنێرن با دێوەکە خۆی بێتە دەرەوە، ئەو وەختە چاری ئەکەین!. کە چل ڕۆژە بەسەرچوو دێوە مناڵی بۆ نەچوو، ئەهلی شار ئەوەندەیان زانی دێوەکە بە بۆڵەبۆڵ و بۆڕە بۆڕ لە ئەشکەوتەکە هاتە دەرەوە و ڕووی کردە سەر کارێزەکە. خەڵکەکە هەموو زەنەقیان چوو!. پامێڕ وت بە پادشا: با ئەهلی شار هەموو لە دوورەوە ڕاوەستن و سەیری ئەم کارەساتە بکەن. تێکڕا مەردمی ناوشار هوروژمیان برد بۆ دەرەوە، «پووشین»یش لەگەڵ مەردمی ترا چوو، هەموو وەستان..

ئینجا پامێڕ خۆی لە دێوەکە نزیک خستەوە و پەلاماری دا، دێوەکەیش دەستی ڕاکێشا بۆ پامێڕ. پامێڕ شیری داهێنایەوە و دای لە مەچەکی دێوە.، سەیری کرد وەکوو ئاسن زرنگەی دێ و شێرەکەی پەڕی!. هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی: کوژارم، ئینجا ڕمی بۆ هاوێشت، ڕمەکەش شکا!. بە گورز هاتە ویزەی هەرچی گورزی لێ ئەدا هەر دەنگ ئەداتەوە و هیچی تر!. پاشان کەوتە زۆران گرتن، یەکتر دێنن و ئەبەن، پامێڕ شەکەت بوو، دێوە هێشتا هەر تازە پشووە، ئەهلی شار بە تەواوی ورەیان بەردا، یەکەیەکە وا خەریکن هەڵدێن!

«پووشین» کە ئەبینێ وا دڵخوازەکەی بەو جۆرە کەوتۆتە داو، ئۆقرەی لێ هەڵگیرا، نە ئەتوانێ بچێ یارمەتی بدا، نە ئەشتوانێ جارێک بیبینێتەوە، بە ئاشکراش ئەبینێ ها ئێستە دێوە پامێڕ بدا بە زەویدا و بیخوا، ها تۆزێکی تر!. سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان و نزای ئەکرد، کوتوپڕ چاوی کەوتە قاپی ئەشکەوتەکە، سەیری کرد وا قەفەزێک لەودیوی قاپییەکەوەیە، شتێکی تێدایە لە پیرێژن ئەکا. هەردەم ئەدا بە یەکا و فوو ئەکا بەسەر دێوەکەدا، هەرچەندە ئەو دەم ئەدا بە یەکا، لێرەوە دێوەکە بەهێزتر ئەبێ. وتی: ببێ و نەبێ هەچ شتێک هەیە لە ژێر سەر ئەم قەفەزەدایە. خۆ گیانی من لە گیانی پامێڕ زیاتر نییە. من ئەم ژیانەم ناوێ کە لەبەرچاومەوە ئەم دێوە دەست بخاتە جەرگ و دڵی پامێڕی خۆشەویستمەوە ودەری بێنێ. ئەمەی وت و هەڕای کرد بۆ بەر قاپی ئەشکەوتەکە. ڕۆیشت و ڕۆیشت هەتا نزیک بووەوە، لەو کاتەدا دێوەکە هەستی پێ کرد!. دەستی لە پامێڕ هەڵگرت و چوو بەشوێن پووشیندا. پامێڕ کە سەیری کرد دێوە دەستی لە یەخەی بەردا و هەڕای کرد، سەری سڕ ما، کە چاک تەماشای کرد وا پووشین وابەڕێوە بۆ ئەشکەوتەکە ئەچێت و دێوەکەیش بۆ پووشین ئەچێت!. کە ئەمەی دی ئاگری تێ بەربوو و ئەمیش هەڕای کرد بەشوێن دێوەکەدا، بەڵام چۆن هەڕا کردنێک. دەست لەسەر شان!

بەم جۆرە هەموویان لە نزیک قاپی ئەشکەوتەکە یەکیان گرتەوە. دێوە دەستی درێژ کرد بۆ پووشین و پامێڕ لە پشت سەریەوە. پووشین بانگی کرد: پامێڕ خەمی منت نەبێ بەڵکوو خۆت بگەیەنیتە ئەو قەفەزە کە لە ناوەوەی ئەشکەوتەکەدایە. پامێڕ خۆی کرد بە ئەشکەوتەکەدا، قەفەزەکەی بەرچاو کەوت، هەر دەستی پێ گەیشت، دێوەکە لەم لاوە سارد بووەوە و هێزی تیا نەما و کەوت!. پووشین نەوی لە شاخی و ئەیویست ڕایکێشێ بۆلای پامێڕ بەڵام لەبەر گرانی بۆی کێش نائەکرا. پامێڕ کە دەستی گەیشت بە قەفەزەکە تەماشای کرد ئەمە شتێکی تێدایە لە وێنەی پیرێژنێکی زۆر پەڕپووت و بە جادوو و ئەفسوون دێوەکەی ڕاگرتووە!. دەستی نایە سەر دەمی و خنکاندی، کە ئەم خنکا دێوەکەش لەوێ تۆپی!. تومەز ئەمە کوولەکەی ڕۆحی ئەم دێوە بووە!. ئینجا پەتی کەوانەکەی خستە لاقی و ڕایکێشا و لەگەڵ پووشیندا هاتنەوە بۆ لای پادشا و ئەهلی شار چوونە پێشوازییانەوە و هێنایاننەوە، حەو شەو و حەو ڕۆژ شایی و ئاهەنگ بوو، پادشا پووشینی لە باوکی سەند و بە ڕا و تەکبیری هەموو لایان لە پامێڕیان مارە کرد و بە خۆشی ڕایان بوارد».

***

بەرانبەر بە ئامۆژگارییەکانی «بەتاح حوتەب»ی میسری، ئەمەش نموونەیەکە لە ئەدەبی کۆمەڵایەتی کوردی کە ئەڵێ: «مرۆڤ خراپە نەکا، خراپەی نایەتە پێش، کەسێ ئەسپ ڕاگرێ پێویستە درگای بۆ بڵند بکا. مردوو گوناحبار نەبێ گۆڕی لێ تەنگ نابێ. مریشک چاوی لە قاز کرد قنگی دڕا. پیاو کە زۆر شیرین بوو لە گەرووەوە ئەیخۆن. هەزار بەرتیل قەرزێ نابژێرێ...». لە ئەدەبی سیاسی ئەڵێ:

«کار بە کەسێک ئەسپێررێ لە نیوەی ئیشا بەجێی نەیەڵێ. دەستێک بۆم نەبڕرێ ماچی ئەکەم. دەستێ حاکم بیبڕێ خوێنی نییە. قسە بیگێژە، بیبێژە، بیوێژە. زوڕنا بدەرە دەست ناشییەوە فوو بە سەر گەورەکەیا ئەکا. پیاو بە گەورەیی فێری پڵاو خواردن بوو، دەست بۆ لووتی ئەبا. من ئاغا و تۆ ئاغا کێ جێمان بۆ ڕاخا؟. گێرە شێوێنی سووچی گای بنەیە. خەتی خوار لە گای پیرەوەیە. کە شا هات میر بەتاڵە...».

ئەمانە نموونەیەک بوون کەم و کورت لە باری چۆنیەتی ئەدەبی کوردیدا بەرامبەر بە ئەدەبی میسری کۆن. لە شوێنی خۆیدا باسی ئەم ڤسە کوردییانە و ئەم پەندی پێشینانە کراوە.